"خێزانێكی‌ هه‌شت كه‌سی‌ چاوی‌ له‌ ده‌ستی‌ تاقانه‌یه‌كی‌ برینداره‌"


خه‌ندان ـ هه‌ستیار

تاقانه‌یه‌كی برینداری شه‌ڕی داعش كه‌ خێزانداره‌ و دوو منداڵ و چوار خوشك و دایكێكی هه‌یه‌، ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌بێهۆشی كه‌وتووه‌ و پزیشكه‌كان به‌ خانه‌واده‌كه‌یان راگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات چاره‌سه‌ری هه‌یه‌، خانه‌واده‌كه‌شی داوایه‌ك ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ن به‌ هانای برینداره‌كه‌یانه‌وه‌ بێن.

حوسام محه‌مه‌د، مامی برینداره‌ تاقانه‌كه‌ به‌ خه‌ندانی راگه‌یاند: "ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ ئه‌و برازایه‌م له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ بریندار بووه‌، له‌ نه‌خۆشخانه‌ كه‌وتووه‌ و بێهۆشه‌، پزیشكه‌كان وتوویانه‌ برینداره‌كه‌تان لێره‌ چاره‌سه‌ری نییه‌ و ده‌بێت ببرێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وانیش وه‌زعی داراییان باش نییه‌، چوار خوشك و دایك و خێزان و دوو منداڵی هه‌یه‌".

روونیشیكرده‌وه‌: "برازاكه‌م ناوی زانا نازم محه‌مه‌د جه‌باره‌، له‌ دایكبووی 1982ه‌وه‌، پیشه‌ی پۆلیسه‌ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی ئازادی شاری كه‌ركوكه‌".

له‌باره‌ی برینه‌كه‌یه‌وه‌ وتی: "وه‌ك بیستوومانه‌ته‌وه‌ له‌ دواوه‌ ئۆتۆمبێلێك لێی داوه‌ و زۆر ئازاری داوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی هۆشی نییه‌ نازانین چۆن بریندار بووه‌، مێشكی له‌ دوو جێگه‌وه‌ نه‌زیف بووه‌، شانی ده‌رچووه‌، قاچ و قۆڵی شكاوه‌".

داواشی له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد به‌ هانای برینداره‌كه‌یانه‌وه‌ بێن و هه‌رچی زووه‌ ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی چاك ببێته‌وه‌، چونكه‌ خێزانێكی هه‌شت كه‌سی چاویان له‌ده‌ستی ئه‌و كوڕه‌ تاقانه‌یه‌وه‌یه‌.

به‌پێی راپۆرتی پزیشكی، له‌م وڵاته‌دا هیچ چاره‌سه‌رێكی نییه‌ و ته‌نیا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات چاره‌سه‌ری هه‌یه‌، هه‌روه‌ها پسپۆڕانی بواری پزیشكی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌په‌له‌ ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات نه‌كرێت، ئه‌وا له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا گیان له‌ده‌ست ده‌دات.

خ.غ



ئه‌م بابه‌ته 3209 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌بریندار‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM