په‌رله‌مانی‌ عیراق داوایه‌كی‌ دادگای‌ سلێمانی‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌


خه‌ندان ـ
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق بۆ هه‌ڵگرتنی‌ حه‌سانه‌ له‌سه‌ر سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان به‌ نه‌خێر وه‌ڵامی‌ دادگای‌ سلێمانی‌ ده‌داته‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق به‌ نووسراوی‌ ژماره‌ 1/13/5180 كه‌ رۆژی‌ 2ی ئه‌م مانگه‌ ئاڕاسته‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ كردووه‌ له‌شاری‌ به‌غدا، هه‌ڵگرتنی‌ پارێزبه‌ندی‌ (حه‌سانه‌) له‌سه‌ر هۆشیار عه‌بدوڵا سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق ره‌تده‌كاته‌وه‌.

نووسراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌پێی‌ مادده‌ی‌ بڕگه‌ی‌ دوو له‌ماده‌ی‌ 63 ی‌ ده‌ستووری‌ عیراق، په‌رله‌مانتار پارێزبه‌ندی‌ یاسایی‌ هه‌یه‌ له‌و راوبۆچوونانه‌ی‌ ده‌ریده‌بڕێت و له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ ناچێته‌ به‌رده‌م دادگا و پارێزبه‌ندی‌ له‌سه‌ر هه‌ڵناگیرێت.

وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ دادگای‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی‌ سلێمانی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ دێت، دادگای‌ كه‌تنی‌ چوار له‌به‌رواری‌ 29/3/2015، به‌ نووسراوی‌ ژماره‌  1303/ج/2014 له‌رێی‌ نووسینگه‌ی‌ سلێمانیه‌وه‌، داوای‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق كرد، حه‌سانه‌ له‌سه‌ر هۆشیار عه‌بدوڵا هه‌ڵگرێت، تا وه‌ك تۆمه‌تبار له‌سه‌ر دوو سكاڵا دادگایی‌ بكرێت، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كاتێك به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن بووه‌، به‌رپرسیاری‌ یه‌كه‌م بووه‌ له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ دوو هه‌واڵ له‌سه‌ر سكاڵاكاره‌كان.

پێشتریش هۆشیار عه‌بدوڵا رایگه‌یاندبوو، سكاڵاكانی‌ سه‌ریان یه‌كێكیان په‌یوه‌سته‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ته‌زویركردنی‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵك له‌كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ پڕۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، سكاڵای‌ دووه‌میشیان بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هه‌والێكه‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌.

هـ. ر


ئه‌م بابه‌ته 1976 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM