حه‌ڤده‌ چه‌كداری داعش به‌ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ كوژران


خه‌ندان ـ ره‌ڤه‌ند گوهه‌رزی

به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 8ی ئایاری 2015، چه‌كدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌ میحوه‌ری سنۆنێ هێرشیانكرده‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، به‌ڵام جگه‌ له‌زیانه‌ مادییه‌كان 17 كوژراویان لێكه‌وته‌وه‌.

سه‌عید مه‌موزینی، به‌رپرسی راگه‌یاندی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ موسڵ به‌ خه‌ندانی راگه‌یاند: "سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی چه‌كدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌ میحوه‌ری سنۆنێ هێرشیانكرده‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان".

وتیشی: "پێش ئه‌وه‌ی خۆیان نزیك بكه‌نه‌وه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان رووبه‌رووی وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی تووندی پێشمه‌رگه‌ هاتوون و هێرشه‌كه‌یان تێكشكێنراوه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "دوای تێكشكاندنی ئه‌و هێرشه‌ی چه‌كدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌ میحوه‌ری سنۆنێ 17 كوژراویان لێكه‌وته‌وه‌ و چوار ئۆتۆمبێلیشیان سووتێنران".

مه‌موزینی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كۆتایی هات چه‌كدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ دواوه‌ گه‌ڕانه‌وه‌".  

هـ. ر


ئه‌م بابه‌ته 6817 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM