"داوای لابردنی‌ حه‌سانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌كرێت كه‌ قسه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن"


خه‌ندان- عه‌لی‌ ناجی‌

ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ شیعه‌كان داوای‌ لابردنی‌ حه‌سانه‌ له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سوكایه‌تی‌ به‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن و ده‌شڵێن، ئه‌و لێدوانانه‌ یارمه‌تیده‌ری‌ تیرۆرن.

زاهر عه‌بادی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران و ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی‌ فراكسیۆنی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌ باره‌گای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌نجامیاندا و په‌یامنێری‌ خه‌ندان ئاماده‌ی‌ بوو رایگه‌یاند: "چه‌ند په‌رله‌مانتارێك قسه‌ی‌ نه‌شیاو له‌ دژی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ و چه‌كداره‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ و چه‌كداره‌كانی‌ هۆزه‌كان ده‌كه‌ن و پێویسته‌ سزا بدرێن".

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، لێدوانی‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ عیراقه‌ و هه‌وڵێكه‌ بۆ دابه‌زاندی‌ وره‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ی‌ رووبه‌ڕووی‌ چه‌كداره‌كانی‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش ده‌بنه‌وه‌ و كاریگه‌ری‌ خراپی‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیان ده‌بێـت و ده‌شڵێت، ئه‌و قسانه‌ ده‌چێـته‌ چوارچێوه‌ی‌ تیرۆره‌وه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ داوا ده‌كه‌ن، سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران یاسای‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ حه‌سانه‌ له‌ په‌رله‌مانتاران كارا بكات له‌ دژی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی‌ كه‌ پشتیوانی‌ تیرۆریستان ده‌كه‌ن به‌شێوه‌ی‌ لۆجیستی‌ و له‌ڕێگه‌ی‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌.

باس له‌وه‌شده‌كات، پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق یاسایه‌ك په‌سه‌ند بكات و "حه‌سانه‌" ببه‌خشێت به‌ ئه‌ندامانی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌گشتی‌ و چه‌كداره‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی به‌تایبه‌تی‌، پێش ده‌ستپێكردنی‌ شه‌ڕی‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ شاری‌ رومادی‌.

خ.غ


ئه‌م بابه‌ته 4733 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌حه‌سانه‌ ‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM