نیویۆرك تایمز ئه‌ردۆغان توڕه‌ ده‌كات


خه‌ندان ـ

سه‌رۆك كۆماری توركیا رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی چاپی ئه‌مریكا تۆمه‌تبار ده‌كات به‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی و به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ وتی: "ده‌بێت ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ سنووری خۆی بزانێت."

هه‌ینی رابردوو، رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز وتارێكی به‌ناوی "هه‌وره‌ ره‌شه‌كانی سه‌ر توركیا" بڵاوكرده‌وه‌ و ره‌خنه‌ی توندی له‌ ده‌سه‌ڵاتی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توریكا گرت به‌وه‌ی پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ستیكردووه‌ به‌ هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ركوتكردن.

ئه‌م وتاره‌ سه‌رۆك كۆماری توركیای توڕه‌ كردووه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌ردۆغان له‌ وتارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا وتاره‌كه‌ی به‌ "بێ ئه‌ده‌ب" وه‌سفكردووه‌، داواشی له‌ رۆژنامه‌كه‌ كردووه‌ كه‌ سنووری خۆی بزانێت.
ئه‌ردۆغان وتی: "به‌ نووسینێكی له‌جۆره‌، ئێوه‌ ده‌ست له‌كاروباری ناوخۆی توركیا وه‌رده‌ده‌ن و سنووری ئازادیتان تێپه‌ڕاندووه‌."

رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز له‌ وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو كه‌ به‌هۆی روماڵكردنی هه‌واڵه‌كانی تایبه‌ت به‌ له‌سێداره‌دانی محه‌مه‌د مورسی سه‌رۆك كۆماری ده‌ستگیركراوی میسره‌وه‌، ئه‌ردۆغان ره‌خنه‌ی توندی له‌ گروپی دۆغانی میدیایی گرتووه‌، هه‌ربۆیه‌ رۆژنامه‌كه‌ داوای له‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی دیكه‌ی توركیا له‌ناو په‌یمانی ناتۆ كردبوو داوا له‌ ئه‌ردۆغان بكه‌ن به‌و رێگه‌ رووخێنه‌ره‌دا نه‌ڕوات كه‌ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان گرتویه‌تیه‌به‌ر.

خ.غ


ئه‌م بابه‌ته 4638 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM