دوایین ئاماری‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌كان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش


خه‌ندان –

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانییانی جینۆساید و زیندانییانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دوایین ئاماری‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌كانی‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ تا ئێستا 1600 پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون.

به‌هار عه‌بدلڕه‌حمان بڕیارده‌ری لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانییانی جینۆساید و زیندانییانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی: "به‌پێی زانیارییه‌كان تا ئێستا نزیكه‌ی هه‌زار و 600 پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش شه‌هیدبوون و شه‌ش هه‌زاری دیكه‌ش بریندار بوون".

وتیشی: "رێوشوێنی یاسایی وایه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ شه‌هید ده‌بن تا شه‌ش مانگ مووچه‌كانیان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌ كه‌سوكارییان ده‌درێت، ئه‌و ماوه‌یه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ تا له‌و كاته‌دا مامه‌ڵه‌یان بۆ بكرێت تا مووچه‌كانیان بچێته‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و كاروباری ئه‌نفالكراوان و ئیدی له‌وێ مووچه‌ی شه‌هیدانه‌ وه‌ربگرن".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌كانی‌ یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، به‌هار عه‌بدلڕه‌حمان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ پێی راگه‌یاندوون كه‌ ئه‌و كاره‌ له‌ ئێستادا زه‌حمه‌ته‌، روونیشی كرده‌وه‌ "پاش كۆتاییهاتنی ئه‌و شه‌ش مانگه‌ی بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دیاریكرابوو تا هێزه‌كان یه‌كبخاته‌وه‌، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسانی یه‌كه‌ی حه‌فتا و هه‌شتامان بانگهێشتی لیژنه‌كه‌مان كرد و ئه‌وان ئه‌وكات كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ستیان باس كرد و پێیانوتین هه‌تا ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ هه‌بێت ناتوانیین كات دیاری بكه‌ین بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ئه‌وه‌ زه‌حمه‌ته‌".

له‌باره‌ی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌شی كه‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ باسی كردوون، به‌هار عه‌بدلڕه‌حمان ئاشكرایكرد كه‌ "به‌ربه‌سته‌كانیش به‌پێی قسه‌كانی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ هێشتا به‌رده‌وامن و بریتیین له‌وه‌ی هێشتا هه‌رێم له‌ شه‌ڕدایه‌ له‌گه‌ڵ داعش و شته‌كان نائاسایین و پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگه‌ و بۆ یه‌كخستنی هێزه‌كان پێویستیان به‌ بوودجه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌بێت ئه‌و هێزانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی لیواكان یه‌كبخرێن و شوێنی مه‌شقیان بۆ دابین بكرێت و مه‌شقیان پێ بكرێت و پێداویستییه‌كانیان وه‌كو هێزێكی نیزامی بۆ دابین بكرێت له‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و خواردن و جلوبه‌رگ و ئه‌و پێویستییانه‌ی بۆ هێزێكی نیزامی پێویستن، بۆیه‌ له‌رووی نه‌بوونی بوودجه‌ و قه‌یرانی دارایی ناتوانن هێزه‌كان یه‌كبخه‌ن".

راشیگه‌یاند كه‌ "هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و پێویستی سه‌ربازی هاوكاری كراوه‌ و زۆرێك له‌ وڵاتان ئه‌وه‌یان كردووه‌، به‌ڵام ناتوانین بڵێن ئه‌و هاوكارییانه‌ له‌ ئاستی پێویست بووه‌، به‌تایبه‌ت شه‌ڕی تیرۆر شه‌ڕێكی قورسه‌ و زلهێزان شه‌ڕی تیرۆریان پێناكرێت چ جای هه‌رێمی كوردستان كه‌ هه‌رێمێكین له‌رووی هێزی سه‌ربازییه‌وه‌ هێزه‌كانمان له‌رووی مه‌شقه‌وه‌ مه‌شقیان پێنه‌كراوه‌ و پێداویستییه‌كانییان بۆ دابین نه‌كراوه‌، له‌كاتی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆر و هه‌تا ئه‌و ساته‌ وه‌خته‌ پێشمه‌رگه‌ خۆی چه‌كه‌كانی خۆی ده‌كڕی، بۆیه‌ له‌ رووی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هه‌رێمی كوردستان هه‌ژار بووه‌ و چه‌ك و ته‌قه‌می نه‌بووه‌، بۆیه‌ پێویست بوو هاوپه‌یمانان هاوكاری زیاتر بكه‌ن، به‌ڵام هاوكارییه‌كان له‌ ئاستی ئه‌و شه‌ڕه‌ قورسه‌ نییه‌ كه‌ شه‌ڕی تیرۆره‌".


ئه‌م بابه‌ته 7876 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM