په‌رله‌مانتارێك: ئابووری عیراق له‌ لێواری هه‌ره‌س نزیك ده‌بێته‌وه‌


خه‌ندان ـ هه‌ستیار

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌پێی ماده‌ی 50 له‌ یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵدا، بانكی ناوه‌ندی بۆی هه‌یه‌ تا 75 ملیۆن دۆلار رۆژانه‌ بخاته‌ بازاڕه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان به‌بێ گوێدانه‌ ئه‌و ماده‌یه‌ بڕێكی زیاتر دۆلاریان خستووه‌ته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌، به‌مه‌ش زیانی گه‌وره‌ به‌ پاشه‌ڕۆژی عیراق ده‌گه‌یه‌نێت.
 
ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ خه‌ندانی راگه‌یاند: "به‌پێی ماده‌ی 50 له‌ یاسای بوجه‌ی عیراقی فیدراڵ، بانكی ناوه‌ند ته‌نیا بۆی هه‌یه‌ بڕی 75 ملیۆن دۆلار بخاته‌ بازاڕه‌وه‌، به‌ڵام بانكی ناوه‌ندی پابه‌ند نابێت به‌و بڕیاره‌وه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌ و موجازه‌فه‌یه‌كی ترسناكه‌ به‌ پاشه‌ڕۆژی ئابووری وڵات".

وتیشی: "له‌ئێستادا بانكی ناوه‌ندی رۆژانه‌ زیاتر له‌ 100 ملیۆن دۆلاری خستوه‌ته‌ بازاڕه‌وه‌، به‌ڵام رۆژی 26ی ئایاری 2015، بڕی 232 ملیۆن و 814 هه‌زار و 397  دۆلاری خستوه‌ته‌ بازاڕه‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی 1ی نیسان تا 26ی ئایاری 2015، 12 ملیار و 67 ملیۆن و 405 هه‌زار دۆلاری خستووه‌ته‌بازاڕه‌وه‌، له‌هه‌مان كات و ماوه‌ی ساڵی 1ی نیسانی 2014، تا 26ی ئایاری 2014،  بڕی 19 ملیار و 884 ملیۆن و 320 هه‌زار دۆلاری خستوه‌ته‌ بازاڕه‌وه‌".

راشیگه‌یاند: "بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌م هه‌نگاوه‌ی ئێستای بانكی ناوه‌ندی دۆلار دانه‌به‌زێت له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا ئه‌وا دۆلار زیاتر به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ هۆی گرانییه‌كی گه‌وره‌ و گرفتی ئابووری عیراق زیاتر ده‌بێت و ئابووری عیراق له‌ لێواری هه‌ره‌س نزیك ده‌كاته‌وه‌".


خ.غ


ئه‌م بابه‌ته 4212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM