واده‌ی‌ ده‌ستپێكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ رزگاركردنی‌ موسڵ راگه‌یه‌ندرا


خه‌ندان-

ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ ئاسایش و به‌رگری‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق، واده‌ی‌ ده‌ستپێكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ رزگاركردنی‌ موسڵی‌ راگه‌یاند.    

ئه‌مڕۆ  چوار شه‌ممه‌10/6/2015، عه‌لی‌ متویتی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ ئاسایش و به‌رگری‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌ لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند:"ئاماده‌كارییه‌كان بۆ پرۆسه‌ی‌ رزگاركردنی‌ موسڵ له‌ دوای‌ مانگی‌ ره‌مه‌زانی‌ داهاتووه‌وه‌ ته‌واو ده‌بێت و دواتر ده‌ست به‌ پرۆسه‌ی‌ رزگاركردنی‌ شاره‌كه‌ ده‌كرێت كه‌ ساڵێكه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعشه‌وه‌، ده‌ستی‌ به‌سه‌رداگیراوه‌".

متویتی‌ وتی‌: "له‌باره‌ی‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ ده‌ستپێكردنی‌ پارێزگاكه‌، دانیشتوانی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ و له‌ دوا چاوپێكه‌وتنماندا له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان و وه‌زیره‌ ئه‌منییه‌كان، هه‌واڵی‌ دڵخۆشكه‌رمان له‌و رووه‌وه‌ پێگه‌یشتووه‌".  

وتیشی‌: "فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان، ته‌ئكدییان له‌ ته‌واوبوونی‌ ئاماده‌كارییه‌كان كردووه‌ته‌وه‌ و له‌ كاتی‌ دیاریكراویشدا، هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌ره‌و موسڵ بۆ رزگاركردنی‌ شاره‌كه‌ به‌رێده‌كه‌ون".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ له‌پاش مانگی‌ ره‌مه‌زانه‌وه‌ ئاڵای‌ ره‌ش له‌سه‌ر ته‌لار و باره‌گاكانی‌ شاری‌ موسڵ نابینرێت و چه‌كدارانی‌ داعش له‌و شاره‌دا بونیان نامێنێت، داواشی‌ له‌ دانیشتوانی‌ شاری‌ موسڵ كرد، ده‌ستپێشخه‌ریی‌ بكه‌ن و له‌و پرۆسه‌یه‌دا پشتگیریی‌ و پشتیوانی‌ له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بكه‌ن.
 


پ.ز


ئه‌م بابه‌ته 20166 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌رزگاركردن‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM