توركیا شورایه‌ك له‌سه‌ر سنوره‌كانی‌ سوریا، دروست ده‌كات


خه‌ندان-

رۆژنامه‌یه‌كی‌ توركیا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌نقه‌ره‌ به‌نیازه‌ دیوارێكی‌ كۆنكرێتی‌ به‌ درێژایی‌ سنوره‌كانی‌ له‌گه‌ڵ سوریادا، دروست بكات.

به‌پێی‌ راپۆرتێك كه‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ی‌ (ملییه‌ت)ه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌:"دیواره‌ نوێیه‌كه‌، به‌رزایی‌ 3.5 مه‌تر ده‌بێت و به‌ درێژایی‌ سنوره‌كانی‌ توركیا له‌گه‌ڵ سوریادا، دروست ده‌كرێت.
 
ملییه‌ت ئاماژه‌ی‌ به‌ ته‌یاركردنی‌ شوراكه‌ كردووه‌ به‌ كامێرای‌ چاودێری‌ له‌و شارانه‌ی‌ كه‌ له‌  سنوره‌كانی‌ سوریاوه‌ نزیكن و له‌ شاره‌كانی‌ (هتای‌ وكلیس و غازی‌ عه‌نتاب و شانلی‌ ئورفا) پێكدێن، تێچووی‌ ئه‌و كاره‌ش نزیكه‌ی‌ 20 ملیۆن لیره‌ی‌ ده‌وێت كه‌ (10 ملیۆن دۆلار) ده‌كات.

عه‌بدوڵڵا تیفیچی‌ قایمقامی‌ شارۆچكه‌ی‌ سوروچی‌ سه‌ر به‌ شاری‌ شانلی‌ ئورفا، لای‌ خۆیه‌وه‌ به‌ (سكانی‌ نیوز عربیه‌)ی‌ راگه‌یاند:"به‌ فه‌رمی‌ بڕیارێكی‌ له‌و جۆره‌ی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌ سه‌باره‌ت به‌و شورایه‌"، ئه‌نقه‌ره‌ش هیچ هه‌ڵوێستێكی‌ له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌واڵه‌، ده‌رنه‌بڕی‌.

درێژایی‌ سنوره‌كانی‌ توركیا له‌گه‌ڵ سوریادا، 911 كیلۆمه‌تر ده‌بێت، توركیاش كه‌ پشتیوانی‌ له‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا ده‌كات، به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت، رێگه‌ به‌ چه‌كداره‌كان ده‌دات له‌ سنوره‌كانیانییه‌وه‌ بپه‌ڕنه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی‌ به‌ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانی‌ نێو سوریاوه‌ بكه‌ن.
         

پ.ز


ئه‌م بابه‌ته 2638 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM