وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا: سیاسه‌تی ئێمه‌ دژی په‌یه‌ده‌یه‌


خه‌ندان ـ
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیارایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وان توركیا ناخه‌نه‌ ناو سه‌ركێشییه‌وه‌ و چاویشیان له‌ خاكی كه‌س نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێشگیرییان له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ نه‌كرد كه‌ رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وا توركیا ده‌خه‌ینه‌ نێو مه‌ترسییه‌وه‌.

مه‌ولود چاوش ئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، به‌شداری له‌ پرۆگرامێكی كه‌ناڵی ئا خه‌به‌ری توركیا كرد و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی رۆژانه‌ی دایه‌وه‌.

له‌باره‌ی پرسیاری ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا هیچ فه‌رمان به‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی توركیا كراوه‌ كه‌ بچێته‌ ناو خاكی سووریاوه‌؟ چاوش ئۆغڵو رایگه‌یاند: توركیا مافی خۆیه‌تی پێشگیری له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ بكات كه‌ له‌سه‌ر سنوور رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌.

چاوش ئۆغڵو راشیگه‌یاند: "شه‌ڕی سوریا ماوه‌ی پێنج ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ و هاوكات توركیاش نیازی ئه‌وه‌ی نییه‌ كه‌ بچێته‌ ناو خاكی سووریاوه‌".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، وتیشی: "ئێمه‌ توركیا ناخه‌ینه‌ نێو سه‌ركێشییه‌وه‌ و چاویشمان له‌ خاكی كه‌س نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێشگیریمان له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ نه‌كرد كه‌ رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وا سه‌قامگیری توركیا ده‌خه‌ینه‌ نێو مه‌ترسییه‌وه‌، هاوكات سیاسه‌ته‌كانی ئێمه‌ تا ئه‌و كاته‌، بووه‌ته‌ هۆكارێك بۆ سه‌قامگیری و ئاسایشی توركیا".

چاوش ئۆغڵو ئاشكراشیكرد: "تاووتوێكردنی بابه‌ته‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا كارێكی ئاساییه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كان بۆ سه‌ر توركیا زیادیكردووه‌".

چاوش ئۆغڵو له‌باره‌ی پێشهاته‌كانی سه‌ر سنووری سوریا رایگه‌یاند، كه‌ توركیا دژی رێكخراوی تیرۆریستی داعشه‌ و هاوكات وتیشی: "سیاسه‌تی ئێستای ئێمه‌ له‌ دژی په‌یه‌ده‌یه‌، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ند هۆكارێكی جیاواز هه‌یه‌، ئێمه‌ هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ برا كورده‌كانی ناوخۆمان و سووریا و عیراق نییه‌، به‌ڵام چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ش له‌ ناو په‌یه‌ده‌ و یه‌په‌گه‌ هه‌ن، ئامانجی ئه‌مانه‌ش پارچه‌كردنی خاكی سووریا و به‌ڕێوه‌به‌ردنی ناوچه‌یه‌كی دیاریكراوه‌".

چاوش ئۆغڵو جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌: "چه‌ند قسه‌یه‌كی ناڕاست بۆ توركیا هه‌ڵبه‌ستراوه‌ به‌وه‌ی كه‌ چه‌كدارانی داعش له‌ناو خاكی توركیاوه‌ هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر په‌یه‌ده‌ و ئه‌مه‌ش نیازێكی پاكی له‌ دواوه‌ نییه‌".

چاوش ئۆغڵو له‌باره‌ی پرۆگرامی راهێنان و پڕچه‌ككردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا رایگه‌یاند: "به‌هۆی ھۆكاری لۆجیستیكی كاره‌كه‌ كه‌مێك دواكه‌وت، به‌ڵام ئێستا پرۆگرامه‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و ئه‌م بڕیاره‌شمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا داوه‌".

له‌باره‌ی قه‌یرانی ئابووری یۆنانیش رایگه‌یاند: "ئه‌و له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یۆنان، نیكۆز كۆتزیاس به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌ی كردووه‌ و باسیان له‌ بابه‌ته‌كانی ئابووری كردووه‌. راشیگه‌یاند كه‌ كۆتزیاس ھیچ داوایه‌كی له‌ توركیا نه‌بووه‌.

سه‌رچاوه‌: aa


خ.غ



ئه‌م بابه‌ته 3681 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM