لیژنه‌ی‌ كه‌وتنی‌ موسڵ، وه‌ڵامه‌كانی‌ بارزانی‌ و مالیكی‌ و نوجێفی‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت


خه‌ندان-

ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ كه‌وتنی‌ شاری‌ موسڵ رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ  شه‌ممه‌، لیژنه‌كه‌یان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ وه‌ڵامه‌كانی‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووی‌ عیراق و مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ئوسامه‌ نوجێفی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران و جێگری‌ ئێستای‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق، كۆده‌بێته‌وه‌.

هۆشیار عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ كه‌وتنی‌ موسڵ رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ لیژنه‌كه‌یان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ وه‌ڵامه‌كانی‌ بارزانی‌ و مالیكی‌ و نوجێفی‌ له‌باره‌ی‌ كه‌وتنی‌ شاری‌ موسڵه‌وه‌ كۆده‌بێته‌وه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ش كرد كه‌ مالیكی‌ له‌سه‌ر كه‌وتنی‌ موسڵ راده‌ستی‌ لیژنه‌كه‌ی‌ كردووه‌ و به‌ وته‌ی‌ ئه‌و، ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ له‌گه‌ڵ وه‌ڵامه‌كانی‌ تری‌ به‌رپرساندا، راپۆرتی‌ كۆتایی‌ سه‌باره‌ت به‌ كه‌وتنی‌ موسڵ، ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كه‌ن.

لیژنه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ كه‌وتنی‌ موسڵ، (27 پرسیار و به‌ڵگه‌نامه‌)ی‌ خسته‌به‌رده‌م نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ پێشوو، (12 پرسیار)ی‌ رووبه‌ڕووی‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كرده‌وه‌ كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ هه‌ندێكی‌ ره‌تكرده‌وه‌ و (11 پرسیار)یشی‌ رووبه‌ڕووی‌ ئوسامه‌ نوجێفی‌ سه‌رۆكی‌ پێشوو ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران كرد كه‌ وه‌ك شایه‌تحاڵ وه‌ڵامی‌ دانه‌وه‌.

وابڕیاره‌ لیژنه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ تایبه‌ت به‌ كه‌وتنی‌ موسڵ، له‌ چه‌ند دانیشتنی‌ داهاتوودا، راپۆرتی‌ خۆی‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق، به‌رزبكاته‌وه‌.


خ.غ
    


ئه‌م بابه‌ته 3027 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM