په‌رله‌مانی‌ عیراق: كورد و سوننه‌ بۆچوونی شیعه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌


خه‌ندان ـ

كۆبوونه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق و سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌كان و لیژنه‌ی‌ به‌رگری‌ و ئاسایشی‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای‌ پاسه‌وانی‌ نیشتیمانی‌ به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕانیش رایده‌گه‌یه‌نێت جارێكی تریش بێ ئه‌نجامێكی به‌رچاو كۆبوونه‌وه‌كه‌ كۆتاییهات.

هۆشیار عه‌بدوڵڵا، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ 5ی‌ ته‌موزی‌ 2015 له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوان سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان و لیژنه‌ی به‌رگری‌ و ئاسایش، سه‌باره‌ت به‌ یاسای پاسه‌وانی‌ نیشتیمانی‌ جارێكی تر بێ ئه‌نجامێكی به‌رچاو كۆبوونه‌وه‌كه‌ كۆتاییهات".

وتیشی‌‌: "هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ شیعه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی‌ ئه‌ساسی‌ یاساكه‌ پاشگه‌زبوونه‌ته‌وه‌".

شیعه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داوای‌ ئه‌وه‌یان كردووه‌، كه‌ پاسه‌وانی‌ نیشتیمانی‌ ته‌نیا له‌ هاوڵاتی‌ یه‌ك پارێزگا دروست نه‌كرێـت، به‌ڵكو پاسه‌وانی‌ نیشتیمانی‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك هاوڵاتی هه‌موو پارێزگاكانی‌ عیراقی‌ تێدا بێت و كراوه‌ بێت، له‌و باره‌وه‌، به‌ڵام به‌ قسه‌ی‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنی‌ گۆڕان: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كورد و سوننه‌  ئه‌و بۆچوونه‌یان ره‌تكرده‌وه‌".

عه‌بدوڵا كه‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ به‌رگری‌ و ئاسایشی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانیشه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق وتی‌: "بۆ كورد له‌و یاسایه‌دا چه‌ند خاڵێك گرنگه‌ و له‌ گفتوگۆی‌ ناو لیژنه‌ی به‌رگری‌ و ئاسایش چه‌سپاندوومانن، گرنگترینیان كۆنترۆڵ و ئیداره‌ی هێزه‌كه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ بێت، هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێت به‌ پاسه‌وانی‌ نیشتیمانی‌ ره‌زامه‌ندی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا پێكبهێنرێت، له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ماده‌ی ۱٤٠یش ده‌مانه‌وێت به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ دروستبكرێت".

پێشتر پرۆژه‌یاساكه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ به‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگی‌ وه‌زیره‌ شیعه‌كان كه‌ وه‌زیره‌ كورد و سوننه‌كان دژی‌ بوون نێردرا بۆ په‌رله‌مانی‌ عیراق، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو: "سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ پێشتر به‌ ده‌نگدانی‌ وه‌زیره‌ شیعه‌كان پرۆژه‌یاساكه‌ ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مان كراوه‌، به‌ڵام ئێستا له‌ په‌رله‌مان شیعه‌ زیاتر دژی ناوه‌ڕۆكی ئێستای یاساكه‌یه‌".

راشیگه‌یاند: "به‌ دووری ده‌زانم به‌ ئاسانی ئه‌و یاسایه‌ تێبپه‌ڕێت و چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ حاڵه‌تی به‌ بن به‌ست گه‌یشتن یاساكه‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت".



خ.غ


ئه‌م بابه‌ته 2776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM