"عیراق رێگره‌ له‌ به‌جینۆسایدناساندنی‌ تاوانه‌كانی‌ داعش له‌ شه‌نگال"


خه‌ندان - ره‌هێل سه‌مه‌د

وه‌زیری‌ كاروباری‌ شه‌هیدانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ حكومه‌تی‌ عیراق هۆكاری‌ سه‌ره‌كییه‌ له‌وه‌ی‌ تائێستا له‌ دادگای‌ تاوانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كار له‌سه‌ر به‌جینۆسایدناساندنی‌ تاوانه‌كانی‌ ده‌ستی‌ داعش له‌ سنووری‌ قه‌زای‌ شه‌نگال نه‌كراوه‌.

مه‌حمود حاجی‌ ساڵح وه‌زیری‌ كاروباری‌ شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: "كاركردن له‌سه‌ر دۆسیه‌ی تاوانه‌كانی‌ داعش له‌ شه‌نگال به‌رده‌وامه‌ و  دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌مانگی‌ هه‌شتی‌ ساڵی‌ 2014 به‌بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران لیژنه‌یه‌كی‌ باڵا به‌سه‌رپه‌رشتی‌ وه‌زاره‌تمان پێكهێندرا، كاری‌ زۆركرا له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی‌ به‌ڵگه‌ و دۆكیۆمێنته‌كان له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی‌ داعش له‌ناوچه‌كانی‌ شه‌نگال ئه‌نجامیداون".

مه‌حمود حاجی‌ ساڵح وتی: "ئه‌و به‌ڵگانه‌ پێشكه‌ش به‌ چه‌ندین  ناوه‌ندی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كراوه‌، له‌وانه‌ش دادگای‌ تاوانی‌ نێوده‌ڵه‌تی‌ ICC، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ عیراق ئه‌ندام نییه‌ له‌و دادگایه‌ و هه‌رێمیش به‌شێكه‌ له‌ عیراق، تائێستا ئه‌نجامێكی‌ ئه‌وتۆی‌ نه‌بووه‌".

وتیشی‌: "ئێمه‌ كۆڵ‌ ناده‌ین و چاوه‌ڕوانی‌ بڕیاری‌ تازه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌كه‌ین له‌باره‌ی‌ پێكهێنانی‌ دادگایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ شه‌نگال یان قه‌ناعه‌تپێكردنی‌ دادگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیانه‌".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "دواجار ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ نه‌كرێ هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ناوخۆی‌ كوردستان دادگایه‌كی‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێكبهێندرێت".

سه‌باره‌ت به‌ پێشكه‌شكردنی‌ دۆسیه‌ی‌ ئه‌و تاوانانه‌ به‌ دادگاكانی‌ عیراق، وه‌زیری‌ كاروباری‌ شه‌هیدان وتی‌: "هیچ متمانه‌ و بڕوایه‌كمان به‌ دادگاكانی‌ عیراق نییه‌ له‌وه‌ی‌ بتوانێ ئه‌و دۆسیانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان یه‌كلا بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن نه‌یتوانی‌ سه‌رانی‌ رژێم له‌سه‌ر تاوانه‌كانی‌ ئه‌نفال و كیمیاباران و جینۆسایدكردنی‌ خه‌ڵكی‌ كورددستان دادگایی بكات".


ئه‌م بابه‌ته 1454 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM