كادیره‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌ شه‌نگال باس له‌ چۆنیه‌تی‌ ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی‌ ده‌كات


خه‌ندان- ره‌هێل سه‌مه‌د

جێگری‌ لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ شه‌نگالی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان هۆكاری‌ ده‌ستگیركردنی‌ له‌لایه‌ن ئاسایشی‌ تلكێفه‌وه‌ بۆ خه‌ندان ئاشكرا ده‌كات، كه‌ له‌ ئێستادا به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكراوه‌.

حسێن ده‌رمان جێگری‌ لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ شه‌نگالی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: "به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ ده‌ستگیركرام، گوایه‌ بانگه‌شه‌م بۆ هاتنی‌ داعش كردووه‌، تاوه‌كو خه‌ڵك رابكه‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك راستنیه‌".

وتیشی‌: "له‌كاتی‌ دروستبوونی‌ پشێویی‌ له‌ كۆمه‌ڵَگه‌ی‌ بابیری‌ سه‌ر به‌ قه‌زای‌ تلكێف دوایین كه‌س بووم  ماڵه‌كه‌م جێهێشت، ئه‌ویش  له‌به‌ر رزگاركردنی‌ خێزان ‌و منداڵه‌كانم، نه‌وه‌ك راكردن له‌ ده‌ست داعش، دواتر یه‌كه‌م كه‌سیش بوم گه‌ڕامه‌وه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ یه‌كێتی‌ سه‌باره‌ت به‌ تۆمه‌تی‌ ته‌قه‌كردن ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ترس له‌ناو هاوڵاتیان به‌هه‌مانشێوه‌ به‌ڵگه‌ی‌ نیشانی‌ ئاسیش داوه‌ كه‌ هیچ چه‌كێكی‌ خۆیی‌ و  پاسه‌وانه‌كانی‌ له‌و كاته‌ ته‌قه‌ی پێنه‌كراوه‌ .

به‌ وته‌ی‌ خۆی‌ وه‌ك به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتی‌ له‌ شه‌نگال ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ سالێك و دوو مانگه‌ له‌ به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ  دژی‌ داعش  شه‌ڕ ده‌كات و له‌و ماوه‌یه‌دا   دوو پاسه‌وانی‌ شه‌هید و سێ دیكه‌شی‌ بریندار بوون،  بۆیه‌ به‌هه‌موو جۆرێك ره‌تیده‌كاته‌وه‌ بانگه‌شه‌ی‌ بۆ داعش كردبێت.

حسێن ده‌رمان، باسی‌ له‌وه‌شكرد، كه‌ ئه‌وان وه‌ك كادیرانی‌ یه‌كێتی‌ له‌و سنوره‌ پابه‌ندی‌ هه‌موو رێسا و یاسایه‌كی‌ حكومه‌ت و دام ‌و ده‌زگاكانن، تاوه‌كو هیچ بیانویه‌ك نه‌ده‌نه‌ ده‌ست كاربه‌ده‌ستان ده‌ستگیریان بكه‌ن.

لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ شه‌نگالی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی‌ بۆ هۆكاری‌ سیاسی گه‌ڕانده‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ له‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی‌  بێ‌ هیچ رێزگرتنێك له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ كه‌له‌پچه‌یان كردووه‌.

هـ. ك




ئه‌م بابه‌ته 2260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM