ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌بنه‌ مایه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاینده‌ی كه‌ركوك


خه‌ندان ـ حه‌سه‌ن جومعه‌

له‌ شاری كه‌ركوك نزیكه‌ی 125 هه‌زار خێزانی عه‌ره‌ب بوونیان هه‌یه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عیراق هاتوون ژماره‌یان ده‌كاته‌ 500 هه‌زار كه‌س، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئاواره‌ عه‌ره‌بانه‌ به‌شێكی زۆر له‌ شار و ناوچه‌كانیان ئازاد كراون، به‌ڵام زۆربه‌یان به‌ نیاز نین بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنه‌كانی خۆیان، ئه‌مه‌ش وه‌ك مه‌ترسی ته‌ماشا ده‌كرێت بۆ سه‌ر ئاینده‌ی كه‌ركوك.

محه‌مه‌د عوسمان دووشیوانی، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ خه‌ندانی راگه‌یاند: "له‌ شاری كه‌ركوك نزیكه‌ی 124 هه‌زار خێزانی ئاواره‌ی عه‌ره‌ب بوونیان هه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ 500 هه‌زار كه‌س، له‌ شاره‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عیراق هاتوون".

وتیشی: "به‌ڵام به‌شێكی زۆریان ئامادو نین بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنه‌كانی خۆیان له‌ كاتێكدا شاره‌كانیان ئازاد كراون، ئه‌وه‌ش به‌پێی زانیاری ئێمه‌ ده‌ستێكی شۆفێنیان له‌ پشته‌، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش باشترین به‌ڵگه‌ ئه‌وه‌یه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق بڕیارێكی ده‌ركردووه‌ بۆ ئه‌و ئاواره‌ عه‌ره‌بانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ر شارێكی عیراقدا بن ناسنامه‌ و فۆڕمی خۆراكیشیان بۆ بگوازرێته‌وه‌ و نیشته‌جێ بكرێن".
 
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌كرێت له‌ به‌رانبه‌ر كه‌ركوكدا تاوانێكی گه‌وره‌یه‌ و پێشێلكردنی یاسایه‌، له‌ كاتێكدا به‌پێی ماده‌ی 140ی ده‌ستوور نابێت هاوڵاتی هیچ شارێكی تر له‌ كه‌ركوك نیشته‌جێ بكرێت تا به‌ شێوه‌یه‌كی كرداری مادده‌ی 140 جێبه‌جێ نه‌كرێت.
 
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ راشیگه‌یاند: "بۆ رێگری كردن له‌و كاره‌ ده‌بێت ئیداره‌ و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك پڕۆژه‌ی تایبه‌تیان هه‌بێت و به‌ زووترین كات چاره‌سه‌ر بدۆزنه‌وه‌".
 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هه‌ر بۆ زیاتر زانیاری ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان له‌ ئێستادا له‌ گوندی (خاڵۆبازیانی خانو و زه‌وییه‌كی زۆریان كڕیوه‌ و داوا ده‌كه‌ن له‌ ئیداره‌ی كه‌ركوك قوتابخانه‌ و پێداویستییه‌كانیان بۆ دابین بكرێت، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی زه‌نگێكی مه‌ترسیداره‌، ئه‌گه‌ر به‌و پێیه‌ بێت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو كورد له‌ كه‌ركوك ده‌بێته‌ كه‌مینه‌ و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌دۆڕێنێت".
 
باسی له‌وه‌شكرد، بۆ هه‌ر خێزانێك له‌ ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان له‌ كه‌ركوك له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراقه‌وه‌ مانگانه‌ بڕی یه‌ك ملیۆن دیناریان پێ ده‌درێت، له‌ هه‌مانكاتدا ده‌وترێت حكومه‌تی عیراق مووچه‌ به‌ هه‌موو كارمه‌نده‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌دات و مووچه‌ به‌و كه‌سانه‌ش ده‌دات كه‌ كارمه‌ند نین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك بمێننه‌وه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ش مه‌ترسی زۆر گه‌وره‌یان هه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاینده‌ی كه‌ركوك و كورد به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی.

هــ. ر


ئه‌م بابه‌ته 1778 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM