دوایین ئاماری‌ قوربانيیه‌كانی‌ شه‌نگال ئاشكرا كرا


خه‌ندان- ره‌هێل سه‌مه‌د

له‌ یه‌كه‌م ساڵیادی‌ كاره‌ساتی‌ شه‌نگالدا، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ كاروباری‌ ئێزیدییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف وكاروباری‌ ئایینی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، دوایین ئاماری‌ قوربانیه‌كانی‌ شه‌نگالی‌ ئاشكرا كرد.

خه‌یری‌ بۆزانی‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ كاروباری‌ ئێزیدیيه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف و كاروباری‌ ئایینی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: له‌ رووداوه‌كانی‌ 3ی‌ ئابی‌ 2014 و رۆژانی‌ دواتردا،  به‌هۆی‌ هێرشی چه‌كداره‌كانی‌ رێكخراوی‌ تیرۆرستی‌ داعشه‌وه‌ بۆ سه‌ر قه‌زای‌ شه‌نگال، زیاتر له‌ 400 هه‌زار هاوڵاتی‌ دانیشتوی‌ قه‌زای‌ شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری‌، كه‌ زۆرینه‌يان ئێزیدی بوون، ئاواره‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ كوردستان بوون.

وتیشی‌: له‌و ژماره‌یه‌ پێنج هه‌زار و 838 هاوڵاتی‌، كه‌ زۆرینه‌یان كچ و ژن و منداڵ بوون، له‌ لایه‌ن تیرۆریستانی‌ داعشه‌وه‌ رفێندراون و 841 كه‌سی تریش تا ئێستا بێسه‌روشوێنن ، هه‌زار و  280 هاوڵاتیش شه‌هید بوون و 280 به‌ هۆكاری‌ جیاواز گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

به‌رێوه‌به‌ری‌ كاروباری‌ ئێزدییه‌كان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد: هه‌ر به‌هۆی‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ی‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ شه‌نگالدا هات، تاوه‌كو ئێستا 12 گۆڕی‌ به‌كۆمه‌ڵ دۆزراوه‌ته‌وه‌، له‌كۆی‌ ئه‌و 5 هه‌زار و 838 هاوڵاتییه‌ی‌  رفێندرابوون،  دوو هه‌زار و 14 كه‌سیان رزگاریان بووه‌.



ئه‌م بابه‌ته 2010 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM