له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌، وه‌زیری ئه‌وقاف دوور ده‌خرێته‌وه‌


خه‌ندان_

دوای‌ چه‌ند كاتژمێرێك له‌ دروستبوونی‌ كێشه‌ی‌ سه‌ڵاحه‌دین هیلال (به‌ندكراو) وه‌زیری كشتوكاڵی‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی‌ میسر كه‌ تۆمه‌تبار كراوه‌ به‌ گه‌نده‌ڵیكردن، ده‌نگۆی‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ وه‌زیری ئه‌وقافی‌ ئه‌و وڵاته‌ هه‌یه‌.

به‌رپرسێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقافی‌ میسر، به‌ رۆژنامه‌ی‌ "شه‌رقولئه‌وسه‌ت"ی‌ راگه‌یاند: "بڕیارێك ده‌ركراوه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ گه‌شت له‌ محه‌مه‌د موختار جومعه‌، وه‌زیری ئه‌وقاف".

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، كه‌ وه‌زیری ئه‌وقاف له‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنی‌ نێرده‌ی‌ حه‌ج دوورخراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و ئه‌ركه‌ دراوه‌ته‌‌ یاریده‌ده‌ری‌ وه‌زیری ته‌ندروستی‌.

وه‌زیری ئه‌وقاف له‌دوای‌ دروستبوونی‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌وه‌، وه‌ڵامی‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فونییه‌كان ناداته‌وه‌، به‌ڵام یه‌كێك له‌ راوێژكاره‌كانی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ به‌ رۆژنامه‌كه‌ی‌ راگه‌یاندووه‌: "سه‌رۆك وه‌زیران داوای‌ له‌ وه‌زیری ئه‌وقاف كردووه‌ له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند كاتژمێرێكدا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ پێشكه‌ش بكات، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش پێشتر داوا له‌ وه‌زیری كشتوكاڵ كرا و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ پێشكه‌ش كرد".

به‌ڵام وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف له‌ به‌یانامه‌یكدا ئه‌وه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌، كه‌ وه‌زیری ئه‌وقاف له‌ ئه‌ركی‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنی‌ نێرده‌ی‌ حه‌ج دوورخرابێته‌وه‌، ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌ كه‌ چوارشه‌مه‌ی‌ داهاتوو 16ی‌ ئه‌یلول به‌ره‌و سعودیه‌ گه‌شت ده‌كات.

له ‌عه‌ره‌بییه‌وه‌: سۆران كه‌ریم

خ.غ


ئه‌م بابه‌ته 5944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM