ئه‌م وه‌زیره‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌ دادگایی‌ ده‌كرێت


خه‌ندان-

سه‌رۆكایه‌تی‌ دادگای‌ تێهه‌لچچوونه‌وه‌ی‌ فیدراڵی‌ له‌ به‌سره‌ رایگه‌یاند، دادگای‌ پرسه‌كانی‌ نه‌زاهه‌ له‌ پارێزگاكه‌، بڕیاریدا له‌سه‌ر پرسی‌ كڕینی‌ زه‌یت كه‌ شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بۆ عیراق هاورده‌كرا، عه‌بدولفه‌لاح سودانی‌ وه‌زیری‌ بازرگانی‌ پێشووتری‌ عیراق بداته‌ دادگا.

سه‌رۆكایه‌تی‌ دادگای‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌، رایگه‌یاند: "دادگای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پرسه‌كانی‌ نه‌زاهه‌، بڕیاریدا عه‌بدولفه‌لاح سودانی‌ وه‌زیری‌ پێشووتری‌ بازرگانی‌، به‌بێ‌ ئاماده‌بوونی‌ خۆی‌ دادگایی‌ بكات"، رونیشكرده‌وه‌، دادگایی‌ كردنه‌كه‌ به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 340ی‌ یاسای‌ سزاكان ده‌بێت، چونكه‌ تۆمه‌تبار به‌ ئه‌نقه‌ست زیانی‌ به‌ سامانی‌ گشتی‌ ده‌وڵه‌ت گه‌یاندووه‌.

هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: "پرسه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ هاورده‌كردنی‌ زه‌یتی‌ خۆراكه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن كۆمپانیای‌ گشتی‌ بازرگانی‌ مه‌واده‌ خۆراكییه‌كانه‌وه‌، هاورده‌كرابوو".   

پرسی‌ هاورده‌كردنی‌ زه‌یتی‌ خۆراك بۆ ساڵی‌ 2009 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه‌ ئاشكراكرا كه‌ چۆن وه‌زیری‌ بازرگانی‌ نزیكه‌ی‌ 30 هه‌زار تۆن زه‌یتی‌ خۆراكی‌ بێ‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ هاورده‌كرد و له‌ دۆخێكی‌ خراپدا عه‌مباری‌ كرد كه‌ ده‌بوو زووتر له‌ پارێزگاكانی‌ به‌سره‌ و میسان و زیقار، له‌ چوارچێوه‌ی‌ به‌شه‌خۆراكدا به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا، دابه‌شبكرێت.




أ.ج



ئه‌م بابه‌ته 3594 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM