په‌رله‌مانی‌ عیراق یاسایه‌كی‌ نوێ‌ بۆ نه‌وت و غاز داده‌ڕێژێت


خه‌ندان- ئیدریس جه‌بار  

له‌ حاڵه‌تی‌ دواكه‌وتنی‌ ناردنی‌ پرۆژه‌ یاسای‌ نه‌وت و غاز له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ فیدراڵه‌وه‌ كه‌ بڕٍیاریدا له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بیكێشێته‌وه‌،  لیژنه‌ی‌ نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق رایگه‌یاند، لیژنه‌كه‌یان له‌ هه‌وڵی‌ داڕشتنه‌وه‌ی‌ نوێی‌ یاسای‌ نه‌وت و غازدایه‌.

زاهر عه‌بادی‌، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاندلیژنه‌كه‌یان به‌ شێوازێكی‌ تر یاسای‌ نه‌وت و غاز داده‌ڕێژێت گه‌ر حكومه‌تی‌ فیدراڵ زیاتر له‌ ناردنی‌ پرۆژه‌ یاساكه‌ی‌ دوابكه‌وێتی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ 55 پرۆژه‌ یاسای‌ تردا له‌ په‌رله‌مان كێشایه‌وه‌.

عه‌بادی‌ وتیشی‌: "له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ وه‌رزی‌ داهاتوویی‌ یاسادانان، لیژنه‌كه‌مان ره‌شنووسی‌ پرۆژه‌ی‌ یاسایه‌ك پێشكه‌شی‌ په‌رله‌مان ده‌كات بۆ مه‌به‌ستی‌ تێپه‌ڕاندن" كه‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌و ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ناكۆكیانه‌ی‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ نه‌وت له‌نێوان به‌غدا و هه‌رێمی‌ كوردستان و پارێزگاكاندا هه‌یه‌.  
   
له‌و ده‌مه‌ی‌ ده‌ستووری‌ عیراقی‌ په‌سه‌ندكراوه‌، یاسای‌ نه‌وت و غاز ده‌ركه‌وتووترین دۆسێ‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی‌ نێوان به‌غدا و هه‌رێمه‌ و تائێستا ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران نه‌یتوانیه‌وه‌ شێوازێكی‌ یه‌كگرتوو كه‌ ببێته‌ مایه‌ی‌ ته‌وافوقی‌ نێوان لایه‌نه‌كان، بۆ یاسای‌ نه‌وت و غاز بدۆزێته‌وه‌.

خ.غ


ئه‌م بابه‌ته 1629 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM