په‌رله‌مان ئه‌م پرۆژه‌ یاسا گرنگه‌ بۆ كاتێكی‌ نادیار دواده‌خات


خه‌ندان-ئاسۆ

په‌رله‌مانی‌ عیراق خوێندنه‌وه‌ی‌ دووه‌م بۆ پرۆژه‌ یاسای‌ دیاریكردنی‌ ویلایه‌تی‌ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ دواده‌خات.

له‌ دانیشتنی‌ ئه‌مڕۆی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراقدا خوێندنه‌وه‌ی‌ دووه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای‌ دیاریكردنی‌ ویلایه‌تی‌ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تی‌ عیراق (كه‌ داواكراوه‌ له‌ دوو خول تێپه‌ڕ نه‌كات) بۆ كاتێكی‌ نادیار دواخرا.

شێركۆ مه‌نگۆڕی‌، ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند، دواخستنه‌كه‌ به‌هۆی‌ ئاماده‌نه‌بوونی‌ لیژنه‌ی‌ تایبه‌ت بۆ خوێندنه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌ یاساكه‌وه‌ بووه‌.

مه‌نگۆڕی‌ وتیشی‌، له‌ دانیشتنه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆدا گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی‌ شایسته‌ داراییه‌كانی‌ جوتیارانی‌ عیراق به‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ دوو ساڵه‌ بۆیان خه‌رج نه‌كراوه‌.

وتیشی‌ سه‌رجه‌م كوتله‌ كوردستانییه‌كان به‌كوتله‌كانی‌ تریشه‌وه‌ فشارێكی‌ زۆریان دروستكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌پێی‌ ئه‌و بڕیاره‌ی‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌رچووه‌، حكومه‌تی‌ ناوه‌ند ناچار بكرێت شایسته‌ داراییه‌كانی‌ جوتیاران خه‌رج بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ گه‌ر بێتو جوتیاران له‌ عیراق به‌گشتی‌ و هه‌رێمی‌ كوردستان به‌تایبه‌تی‌، پاره‌ی‌ دوو ساڵی‌ رابردوویان بۆ خه‌رج نه‌كرێت ئه‌وا نه‌توانن له‌مساڵدا گه‌نم بچێنن.

باسی له‌وه‌شكرد، بڕیاردرا له‌ دانیشتنی‌ رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ی‌ داهاتووی په‌رله‌ماندا پرسی‌ خه‌رجكردنی‌ شایسته‌ داراییه‌كانی‌ جوتیاران یه‌كلابكرێته‌وه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وه‌شی‌ روونكرده‌وه‌، له‌ دانیشتنه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆدا سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق هۆشداری‌ داوه‌ته‌ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی‌ كه‌ لێدوانی‌ رۆژنامه‌وانیان داوه‌ له‌باره‌ی‌ گه‌یشتنی‌ پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ بۆ ساڵی‌ 2016 به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌یاساكه‌ تائێستا نه‌گه‌یشتووه‌.

خ.غ


ئه‌م بابه‌ته 1593 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM