هۆكاری سه‌ردانی وه‌فدێكی په‌رله‌مانی عیراق بۆ روسیا ئاشكرا ده‌كرێت


خه‌ندان-

وه‌فدێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، سه‌ردانی روسیا ده‌كات، ئه‌ندامێكی ئه‌و وه‌فده‌ش ئاماژه‌ به‌ هۆكاری سه‌ردانه‌كه‌یان ده‌كات و ده‌ڵێت، گرنگه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ هه‌ڵوێستی رووسیاو سه‌رنج و بۆچوونیان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی داعش و كێشه‌ سیاسیه‌كانی تر بزانرێت.

وه‌فده‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق پێكدێت له‌ حاكم زاملی كه‌ سه‌رۆكی وه‌فده‌كه‌یه‌و هه‌روه‌ها هۆشیار عه‌بدوڵڵاو عه‌دنان ئه‌سه‌دی و قاسم ئه‌عره‌جی و عه‌لی متیوتی و شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه‌ن.

له‌ باره‌ی سه‌ردانی ئه‌و وه‌فده‌ی په‌رله‌مانی عیراق، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی رۆژناوانیدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ خه‌ندان نێدراوه‌ تیایدا هۆشیار عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی لیژنه‌ی به‌رگری و ئاسایشی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، رایده‌گه‌یه‌نێت: "له‌سه‌ر بانگهێشتی لیژنه‌ی به‌رگری و ئاسایشی په‌رله‌مانی رووسیا وه‌فدێكی په‌رله‌مانی عیراق سه‌ردانی رووسیا ده‌كه‌ین و ماوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌شمان چوار رۆژ ده‌خایه‌نێت".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، "له‌ ئێستادا دوو به‌ره‌ شه‌ڕی داعش له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش به‌ره‌ی هاوپه‌یمانانه‌ له‌لایه‌ك و به‌ره‌كه‌ی دیكه‌ش هاوپه‌یمانی چوار قۆڵیه‌ (عیراق و سوریاو ئێران و روسیا) بۆیه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق سه‌ردانێكی گرنگه‌".

له‌ باره‌ی ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ روسیا‌، هۆشیار عه‌بدوڵڵا ده‌شڵێت: "ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ باسی په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌منیه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و هه‌روه‌ها گفتوگۆكردن و زانیاری ئاڵوگۆڕكردن له‌سه‌ر هاوپه‌یمانی چوار قۆڵی، جیا له‌وانه‌ش به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و بینینی چه‌ند به‌رپرسێكی په‌رله‌مان و ئه‌منی روسیایه‌".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ كورده‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، باس له‌وه‌شده‌كات: "بایه‌خی ئه‌م سه‌ردانه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ باس و خواسی هاوپه‌یمانی چوار قۆڵی له‌م كاته‌دا بۆ عیراق گرنگه‌و ده‌شڵێ: " گرنگه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ هه‌ڵوێستی روسیاو سه‌رنج و بۆچونیان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی داعش و كێشه‌ سیاسییه‌كانی تر بزانرێت".


پ.ز


ئه‌م بابه‌ته 989 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM