په‌رله‌مانی‌ عیراق دانیشتنه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ دواخست


خه‌ندان –ئاسۆ

به‌هۆی‌ ته‌واونه‌بوونی‌ رێژه‌ی‌ یاسایی‌ په‌رله‌مانتاران، ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عیراق بڕیاریدا دانیشتنه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆ 8ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2015 بۆ سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ دوابخات.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند، سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان بڕیاریداوه‌ دانیشتنی‌ ئاسایی‌ خۆی‌ دوابخات بۆ رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ 9ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2015 كاتژمێر 1ی‌ پاشنیوه‌ڕۆ.

پێشتر د. به‌ختیار شاوه‌یس، ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی‌ به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاندبوو، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ ماوه‌ی‌ 48 كاتژمێر گه‌شتی‌ ئاسمانی‌ له‌ هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سلێمانی‌ و هه‌ولێر هه‌ڵپه‌سێردراوه‌، سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی‌ كورد و ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی‌ عه‌ره‌ب (كه‌ به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ خه‌ندان 85 په‌رله‌مانتار ده‌بن) و له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانن ناتوانن به‌شداری‌ له‌ دانیشتنه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا بكه‌ن.

شاوه‌یس وتبووشی‌، داوایان له‌ سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان كردووه‌ گه‌ر كرا دانیشتنه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مان دوابخرێت و به‌ نه‌هاتوو ئه‌ژمار نه‌كرێن.

به‌گوێره‌ی‌ كارنامه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق وابڕیاره‌ له‌ دانیشتنه‌كه‌ی‌ سبه‌ینێدا گفتوگۆبكرێت له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ بۆ ساڵی‌ 2016 و هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی‌ سوپای‌ توركیا بۆ ناو خاكی‌ عیراق و كار و چالاكییه‌كانی‌ لیژنه‌ی‌ هه‌رێمه‌كان.

رۆژی‌ 6ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌م، ده‌سه‌ڵاتی‌ فڕۆكه‌وانی‌ عیراق بڕیاریدا بۆ ماوه‌ی‌ 48 كاتژمێر گه‌شتی‌ ئاسمانی‌ له‌ هه‌ردوو فڕكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سلێمانی‌ و هه‌ولێر هه‌ڵپه‌سێرێت به‌هۆی‌ ئه‌و مووشه‌كه‌ روسیانه‌ی‌ به‌ئاسمانی‌ عیراقدا به‌ره‌و سوریا تێده‌په‌ڕن بۆ لێدانی‌ مۆڵگه‌كانی‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش له‌و وڵاته‌.

خ.غ


ئه‌م بابه‌ته 1039 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM