به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كاروانێكی تری ئاواره‌كان گه‌ڕانه‌وه‌


خه‌ندان- هێمن محه‌مه‌د

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 27ی كانونی یه‌كه‌می 2015، كاروانی چواره‌می خێزانه‌ ئاواره‌كان بۆ ناحیه‌ی جه‌له‌ولا گه‌ڕێنرانه‌وه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراقیش به‌ڵێنیدا هاوكاربن له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناحیه‌كه‌.

محه‌مه‌د مه‌لا حه‌سه‌ن، قیمقامی قه‌زای خانه‌قین به‌ خه‌ندانی راگه‌یاند: "سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، كاروانی چواره‌می ئاواره‌كان كه‌ پێكهاتبوون له‌ 155 خێزان له‌ خانه‌قینه‌وه‌ به‌ره‌و ناوه‌ندی ناحیه‌ی جه‌له‌ولا گه‌ڕێنرانه‌وه‌".

وتیشی: "له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كاندا (سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و ئالاَ تاڵه‌بانی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ئاماده‌بوون".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌، "جه‌له‌ولا پێویستی به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و بینای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌كه‌ پێویستیان به‌ چاككردنه‌وه‌ هه‌یه‌".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق به‌ڵێنیداوه‌ هاوكاربێت له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی جه‌له‌ولاو بنیاتنانه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌كان".

قایمقامی قه‌زای خانه‌قین وتیشی: "بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی جه‌له‌ولا پێویسته‌ رێكخراوه‌ جیهانییه‌كان به‌تایبه‌ت رێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌شدارییان هه‌بێت و بۆ ئه‌وه‌ش داواكاریمان خستووه‌ته‌ به‌رده‌ستیان".

روونیشیكرده‌وه‌: "ئه‌و خێزانانه‌ی كه‌ رێگایان پێده‌درێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ پێشتر له‌ كرده‌وه‌ی تیرۆریستی تێوه‌نه‌گلاون و هاوسۆزییان بۆ ئه‌و گروپانه‌ نه‌بووه‌".

ئه‌مڕۆ چواره‌م كاروانی خێزانه‌ ئاواره‌كانی جه‌له‌ولا گه‌ڕێنرانه‌وه‌ ناو ناحیه‌كه‌و له‌ ماوه‌ی رابردووشدا سێ كاروانی تری ئه‌و ئاوارانه‌ بۆ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری جه‌له‌ولا گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌.

زۆربه‌ی ئاواره‌كانی پارێزگای دیاله‌ و به‌تایبه‌ت جه‌له‌ولا و سه‌عدیه‌ له‌ سنووری خانه‌قین نیشته‌جێ كراون و ژماره‌شیان زیاتره‌ له‌ 100 هه‌زار خێزان.


پ.ز


ئه‌م بابه‌ته 3464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM