به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیەی گوڵاڵه‌، ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ بانكی ناوچه‌كه‌ی بڕی ئاشكرا ده‌كات


خه‌ندان- هێمن محه‌مه‌د

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گولاَڵه‌، هه‌نگاوه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناحیه‌كه‌ و ناردنه‌وه‌ی دانیشتووه‌كانی كه‌ له‌ ئێستادا ئاواره‌ن ده‌خاته‌ڕوو، هاوكات باسی گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ش ده‌كات و ده‌ڵێت، به‌پێی ئه‌نجامی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر ناحیه‌كه‌ كه‌وتوون، به‌ 100 ملیۆن دۆلار خه‌مڵێنراون، ئه‌و لایه‌نه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه‌ بانكی جه‌له‌ولای بڕی.

شێخ یه‌عقوب لهێبی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گوڵاڵه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ خه‌ندان، رایگه‌یاند: " هه‌نگاوه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناحیه‌كه‌مان ده‌ستیان پێكردووه‌ و له‌یه‌كه‌م هه‌نگاویشدا ده‌ستمان كرد به‌ ناردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناحیه‌كه‌ كه‌ ئاواره‌ی خانه‌قین و ناوچه‌كانی تر بوون، له‌ دوای ناردنه‌وه‌ی خێزانه‌ ئاواره‌كان بۆ گونده‌كانی سه‌ید جابر و سه‌ید ئه‌حمه‌د، له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا 155 خێزانمان گه‌ڕانده‌وه‌ گه‌ڕه‌كی ئازادی كه‌ كۆنترین گه‌ڕه‌كی جه‌له‌ولایه‌".

شێخ یه‌عقوب لهێبی‌ به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: "له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا 553 خێزانی تر ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ و هه‌وڵده‌ده‌ین قوتابخانه‌كان بكه‌ینه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ كاره‌با تاڕاده‌یه‌ك باشه‌ و رۆژی دووشه‌ممه‌ 28ی كانونی یه‌كه‌می 2015 به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاره‌بای دیاله‌ سه‌ردانی جه‌له‌ولای كردووه‌ و به‌ڵێنی قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی كه‌رتی كاره‌با و چاككردنه‌وه‌ی محاویله‌ خراپبووه‌كانی داوه‌".

له‌ باره‌ی بڕینی بانكی گوڵاڵه‌ له‌ماوه‌ی شه‌ڕی داعشدا كه‌ نزیكه‌ی 20 ملیۆن دۆلاری تێدا بوو، رایگه‌یاند : " "ئه‌و بابه‌ته‌ پڕوپاگه‌نده‌ بووه‌ بۆ ناشیرین كردنی دسه‌لاَتی كورد له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵگه‌ش هه‌یه‌ كه‌ تیرۆریستانی داعش ئه‌و پاره‌یه‌یان بردووه‌".

سه‌باره‌ت به‌ مینه‌ چێنراوه‌كانی پاشماوه‌ی تیرۆریستانی داعش و ئاسایشی ناوچه‌كه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گوڵاڵه‌ وتی‌: "تیمه‌كانی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مین، ماڵ به‌ ماڵی گه‌ڕه‌كه‌كانی ناو ناحیه‌كه‌ گه‌ڕاون و له‌ ئێستاشدا مه‌ترسی هه‌بوونی مینیان تێدا ناكرێت و پارێزراون، ئاسایشی ته‌واوی ناحیه‌كه‌ش زۆر باشه‌ و ئارامه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ دوای وه‌ده‌رنانی تیرۆریستانی داعش له‌ ناوچه‌كه‌ تاكۆتایی ئه‌مساڵ، 881 مینی چێنراو له‌ناحیه‌كه‌دا پوچه‌ڵكراونه‌ته‌وه‌.

شێخ یه‌عقوب لهێبی، وتیشی: " له‌ماوه‌ی رابردوودا لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ به‌غداوه‌ سه‌ردانی ناحیه‌كه‌یانی كردووه‌ و دواتریش زیانه‌كانی ناوچه‌كه‌یانی به‌ 100 ملیۆن دۆلار خه‌ملاَندووه‌، به‌لاَم تا ئه‌مڕۆ هیچ قه‌ره‌بوویه‌كیان پێ نه‌گه‌یشتووه‌".

به‌ وته‌ی‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ گوڵاڵه‌، به‌ به‌رپرسانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عیراقمان راگه‌یاندووه‌ كه‌ ناحیه‌ی گوڵاڵه‌ به‌خوێنی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش وپۆلیس كورد له‌ ده‌ست داعش رزگار كراوه‌، ناوچه‌كه‌ش كوردستانییه‌ و رێگا به‌ هیچ هێزێكی غه‌یری كورد ناده‌ن بێنه‌ ناوچه‌كه‌، بۆیه‌ ئه‌وكه‌سانه‌ی له‌ دوای ساڵی 2003ه‌وه‌ هاوكاری تیرۆر بوون، یان هه‌ڵگری فكری شۆڤێنی بوون و ئازاری خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یان داوه‌، رێگایان پێ نادرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناحیه‌كه‌.

باسی له‌وه‌شكرد كه‌ له‌ ماوه‌ی دوای وه‌ده‌رنانی تیرۆریستانی داعش له‌ ناوچه‌كه‌، درێژترین شه‌قامی ناوچه‌كه‌یان به‌ ناوی (شه‌هید حسێن مه‌نسوور) و یاریگایه‌كیشیان به‌ناوی (شه‌هید هه‌ژاری ئاسایش)ه‌وه‌ كردووه‌، هه‌روه‌ك ناوی گه‌ڕه‌كه‌كانیان به‌مشێوه‌یه‌ گۆڕیوه‌: ته‌لیعه‌ بۆ ئازادی، شوهه‌دا بۆ ئاشتی، جه‌ماهیر بۆ رزگاری و وه‌حده‌ بۆ یه‌كێتی.

له‌باره‌ی گۆڕینی ناوی جه‌له‌ولا بۆ گولاَڵه‌ كه‌ ناوێكی كۆنی ناوچه‌كه‌یه‌، شێخ یه‌عقوب وتی:" هه‌وڵی ئه‌وه‌ش ده‌ده‌ین، به‌لاَم پێویستی به‌راپرسی و بڕیارێكی په‌رله‌مانی هه‌یه‌".

رۆژی 8 ی حوزه‌یرانی 2014 تیرۆریستانی داعش چوونه‌ نێو ناحیه‌ی جه‌له‌ولا، له‌و ماوه‌یه‌شدا چه‌ند جارێك شه‌ڕ و رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ بۆ ده‌ركردنیان ئه‌نجامدرا، له‌ رۆژی 23ی تشرینی دووه‌می ئه‌و ساڵه‌شدا له‌ هێرشێكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا ئه‌و تیرۆریستانه‌ له‌ جه‌له‌ولا (گولاَڵه‌) وه‌ده‌رنران، هه‌تا ئازادكردنه‌وه‌شی 167 كه‌س له‌ پێشمه‌رگه‌، پۆلیس، ئاسایش شه‌هید بوون، رۆژی سێشه‌ممه‌ 29ی كانونی یه‌كه‌می 2015 له‌ ناوچه‌ی كۆباشی له‌سه‌ر رێگای سه‌عدیه‌، به‌ئاماده‌بوونی كه‌سوكاری شه‌هیدان و به‌رپرسانی حزبی و حكومی كورد و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی عه‌ره‌ب، یادی ئه‌و شه‌هیدانه‌ كرایه‌وه‌.


أ.ن


ئه‌م بابه‌ته 9416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM