به‌رهه‌م ساڵح: ده‌بێت پاره‌ دزراوه‌كان بگێڕدرێنه‌وه‌


خه‌ندان-

به‌رهه‌م ساڵح رایگه‌یاند، پێویسته‌ پاره‌ی‌ دزراو، پاره‌ی‌ حه‌رام بگێڕدرێته‌وه‌، به‌پێویستیشی‌ زانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ فیدراڵ، داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش بكه‌ن، داوای‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و پارانه‌ بكه‌ن، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نه‌شیاو براونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات.

لەدیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) به‌رهه‌م ساڵح، سه‌باره‌ت به‌ خودی‌ خۆشی، به‌پێویستی‌ زانی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوی‌ به‌رپرسان بكات بۆ ده‌رخستنی‌ موڵك و سامانه‌كانیان، ئاماژه‌ی‌ به‌ گومانی‌ خه‌ڵكیش كرد له‌سه‌ر موڵك و سامانی‌ به‌رپرسان.

سه‌باره‌ت به‌ گێڕانه‌وه‌ی‌  پاره‌ و موڵك و ماڵی‌ گشتی‌ له‌ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنی‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، به‌رهه‌م ساڵح جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و كارانه‌ كرده‌وه‌، كه‌ بۆ بڕینی‌ پاره‌ی‌ هه‌ندێك له‌ داموده‌زگاكان بۆ خه‌زێنه‌ی‌ حكومه‌ت خستییه‌گه‌ڕ و ئاماژه‌ی‌ به‌ مانه‌وه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ 4 بۆ 5 ملیار دۆلاریش كرد بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ پاش خۆی‌ و وتیشی‌:"خه‌ڵك به‌ئاگان من چۆن له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ حكومه‌تدا چۆن بووم و بڕیاریش له‌سه‌ر ئه‌و ماوه‌یه‌ بۆ ئه‌وان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".

 ئه‌وه‌شی‌ ره‌تكرده‌وه‌، مانه‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ به‌مشێوه‌يه‌ى  ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و باشبوون ببات.

سه‌باره‌ت به‌ رووداوی‌ رێگریكردن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆ هه‌ولێر له‌ لایه‌ن پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، به‌ زۆر خراپ بۆ پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ كوردستان وه‌سفكرد و وتی‌: "كارێكی‌ ناجۆر و خراپ بوو، به‌ڵام كاتێك كه‌ له‌ نێچیرڤان بارزانی‌ پرسیاری‌ ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌م كرد وتی‌، له‌وه‌ش خراپتر هه‌بوو".  

به‌بۆچۆنی‌، به‌رهه‌م ساڵح گومانی‌ خه‌ڵك له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، كێشه‌یه‌ و پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات هه‌وڵ بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ متمانه‌ی‌ خه‌ڵ بكات، چونكه‌ خه‌ڵك پێیوایه‌ حكومه‌ت پاره‌یه‌ی‌ هه‌یه‌ و كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ناكات، پاوه‌نكردنی‌ ته‌واوی‌ جومگه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتیشی‌ له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌ حزبییه‌كانه‌وه‌ به‌ نابه‌جێ‌ ناوبرد و به‌پێویستی‌ زانی‌ داهاتی‌ كۆمپانیا حزبییه‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، ئه‌وه‌شی‌ ره‌تكرده‌وه‌ حزبه‌كان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان توانیبێتیان ببنه‌ حزبی‌ مه‌ده‌نی‌.

به‌ وته‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح، پێویسته‌ رێككه‌وتن بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ بێت كه‌ به‌رۆكی‌ خه‌ڵكی‌ گرتووه‌، نه‌ك بۆ دابه‌شكردنی‌ داهاتی‌ وڵات و ده‌بێت سه‌رده‌می‌ قۆرخكردنی‌ كوردستان له‌نێوان كۆمپانیا حزبییه‌كان كۆتایی‌ بێت، ئه‌و تێزه‌شی‌ به‌ نه‌شیاو و دژ به‌ به‌رژوه‌ندییه‌كانی‌ گه‌ل له‌قه‌ڵمدا كه‌ داهاته‌كانی‌ نه‌وت به‌سه‌ر ئه‌م حزب و ئه‌و حزبدا دابه‌ش ده‌كات.
     
له‌باره‌ی‌ هه‌مانه‌گی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ فیدراڵیش، د.به‌رهه‌م وتی‌، كوردستان ناتوانێت وه‌ك وڵاتێكی‌ سه‌ربه‌خۆ له‌گه‌ڵ نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، وه‌ك بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و سندوقی‌ دراوی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و بانكه‌ جیهانییه‌كانی‌ تر، مامه‌ڵه‌ بكات بۆ چاره‌سه‌كردنی‌ ته‌نگژه‌ داراییه‌كان، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكه‌وتنێك هه‌بێت، تا له‌ هاوكاریی‌ نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان سودمه‌ندبین له‌ڕێی‌ به‌غداوه‌.  

به‌رهه‌م ساڵح وتیشی‌، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ فیدراڵ له‌سه‌ر پرسی‌ نه‌وت رێكنه‌كه‌وین، پێویسته‌ له‌سه‌ر پرسی‌ چاكسازیی‌ ئابوری‌ رێكبكه‌وین.     

سه‌باره‌ت به‌ جیاوازییه‌كانی‌ نێو یه‌كێتی‌ نیشتمیانی‌ كوردستان، د. به‌رهه‌مبه‌ستنی‌ كۆنگره‌ی‌ بۆ دیاریكردنی‌ سیفه‌ته‌ حزبییه‌كان به‌پێویست  له‌قه‌ڵمدا، ئاماژه‌ی‌ به‌ جیاوازیی‌ بۆچوونه‌كانی‌ خۆشی‌ كرد بۆ شێوازه‌كانی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ یه‌كێتی‌.

هه‌ر له‌میانه‌ی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، د. به‌رهه‌م ساڵح تیشكیخسته‌سه‌ر جیاوازی‌ تێڕوانین و بۆچوونه‌كان و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی‌ ئه‌و بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ ناو یه‌كێتییه‌، دووپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ كێشه‌كانی‌ ناو یه‌كێتی‌ شه‌خسی‌ نین، به‌ڵكو له‌سه‌ر شێوازی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ یه‌كێتییه‌.

له‌وه‌ڵامی‌ پرسیارێكی‌ پێشكه‌شكاری‌ به‌رنامه‌كه‌دا ده‌رباره‌ی‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ یه‌كێتی و بوونی‌ چه‌ند باڵێك له‌ناو یه‌كێتیدا، د. به‌رهه‌م وتی‌ : من له‌سه‌ر باڵ وباڵباڵێنه‌ بۆچوونێكم هه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر وه‌زعی‌ یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر ناوخۆی‌ یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر شێوازی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ یه‌كێتی‌، حه‌ز ده‌كه‌م دڵنیاشت بكه‌م كه‌ كێشه‌كان شه‌خسی‌ نین، به‌ڵكو له‌سه‌ر شێوازی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ حزبه‌، له‌سه‌ر ئاراسته‌ی‌ سیاسی‌ و حوكمڕانی‌ یه‌كێتییه‌، من ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ ئه‌مڕۆم نییه‌.

له‌وه‌ڵامی‌ پرسیارێكیشدا گوایه‌ د . به‌رهه‌م ته‌نیایه‌ و ئێستا كۆسره‌ت ره‌سولی‌ له‌گه‌ڵ نه‌ماوه‌ و بۆچی‌ به‌شداری‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردووی‌ نه‌كردووه‌، د. به‌رهه‌م رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی‌ كه‌وا ده‌ڵێت ماڵی‌ ئاوابێت، كاك كۆسره‌ت برای‌ گه‌وره‌ی‌ منه‌، مه‌كانه‌ت و رێزێكی‌ تایبه‌تی‌ لای‌ شه‌خسی‌ خۆم هه‌یه‌، كاك كۆسره‌ت به‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌، رایگه‌یاند كه‌ كۆبوونه‌وه‌ بۆ په‌رده‌پۆشكردن نابێت، كۆبوونه‌وه‌ بۆ بڕیاردانی‌ راسته‌قینه‌ ده‌بێت،  ئه‌و كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌ جێبه‌جێی‌ بكات،  له‌وانه‌یه‌ پێگه‌ی‌ كاك كۆسره‌ت،  وه‌زعی‌ كاك كۆسره‌ت جیاوازبێت له‌من. ئه‌بێ‌ ته‌قدیری‌ ئه‌وه‌ بكه‌م، به‌ڵام كاك كۆسره‌ت یه‌كێكه‌ له‌تێكۆشه‌ره‌ دێرینه‌كانی‌ یه‌كێتی‌، یه‌كێكه‌ له‌سه‌ركرده‌ مێژووییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌، من په‌یوه‌ندی‌ شه‌خسیم له‌گه‌ڵ كاك كۆسره‌تدا په‌یوه‌ندییه‌كی‌ نزیكه‌، به‌ڵام سه‌د له‌سه‌د له‌سه‌ر هه‌موو شتێك كۆك نین.

سه‌باره‌ت به‌ باڵ باڵینه‌ش، مام جه‌لال تێزێكی‌ هه‌بوو، تێزی‌ چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌، دید و بۆچوونه‌ جیاجیاكان. من له‌ حكومه‌ت وا ئیشم كردووه‌ كه‌ كردار شه‌رته‌. به‌شێكی‌ گرنگی‌ كاره‌كانم جێبه‌جێكردووه‌. كاتێكیش له‌حكومه‌ت نه‌ماوم، له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ حزب ده‌یان یاداشت و ده‌یان بۆچونم هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه‌. پیغه‌مبه‌ریش دروودی‌ خوای‌ لیبێت ده‌فه‌موێت( من را منكم منكرا فلیغیره‌ بیده‌ وان لم یستگع فبلسانه وان لم یستگع فبقلبه‌ وژلك اچعف الایمان) ، كه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدابووم هه‌وڵمداوه‌ به‌كردار ئه‌م بۆ چوونانه‌ی‌ خۆم به‌رجه‌سته‌بكه‌م له‌خزمه‌تی‌ ئه‌و ئاینده‌ی‌ كه‌ شایسته‌ی‌ میلله‌ته‌كه‌مه‌، ئه‌مڕۆ جومگه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستی‌ من نییه‌، ده‌توانم هه‌ڵوێستی‌ سیاسی‌، بۆچوونی‌ سیاسی‌ و تێڕوانینی‌ خۆم بخه‌مه‌ڕوو.

له‌وه‌ڵامی‌ پرسیارێكی‌ پێشكه‌شاری‌ به‌رنامه‌كه‌شدا له‌سه‌ر ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن د. نیازی‌ دامه‌زراندی‌ حزبی‌ هه‌یه‌، د. به‌رهه‌م وتی‌ : من 40 ساڵه‌ ئه‌ندام یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانم، یه‌كێتیم ناسیووه‌، وه‌كو هێزێكی‌ تێكۆشه‌ر، هێزێك كه‌ پێشه‌نگی‌ داكۆكیكردن بووه‌ له‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان. یه‌كێتی كۆمه‌ڵێك كادر كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ و كه‌سوكاری‌ سه‌ربه‌رزی‌ شه‌هیدی‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ ئه‌م میلله‌ته‌یه‌، نابێت یه‌كێتی‌ بێ‌ ناز بكه‌ین، شه‌ڕی‌ گه‌وره‌ی‌ من، هه‌وڵی‌ من بۆ ئه‌وه‌یه‌ كێشه‌كانی‌ ناو یه‌كێتی‌ چاره‌سه‌ر بكرێن له‌سه‌ر بنه‌مای‌ تێزی‌ جه‌نابی‌ مام جه‌لال، كۆكه‌ره‌وه‌ی‌ بۆچوونه‌ جیاجیاكان، به‌ڵام حزبێكی‌ خزمه‌تگوزاری‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك، حزبێك كه‌ خاوه‌نی‌ بڕیاری‌ خۆی‌ بێت و پاشكۆی‌ هیچ لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ نه‌بێت، لایه‌نگری‌ رێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ گۆڕاندا له‌گه‌ڵ پارتیدا، له‌گه‌ڵ هه‌مو لایه‌نه‌كانی‌ تر، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ كه‌ تێیكه‌وتووین ده‌ربازی‌ بكه‌ین.




ئه‌م بابه‌ته 9188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM