په‌رله‌مانی عیراق لیژنه‌یه‌كی باڵا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌ براوه‌كان پێكده‌هێنێت


خه‌ندان- فه‌ریق حه‌بیب

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، گفتوگۆی له‌سه‌ر ئه‌و پارانه‌ كرد كه‌ به‌شێوه‌ی نایاسایی براونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی عیراق، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له ‌په‌رله‌مانی‌ عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت لیژنه‌یه‌ك باڵا بۆ مه‌به‌سته‌ پێكهێنراوه‌. ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیش پێكهێنانی‌ لیژنه‌كه‌ به‌كارێكی‌ باش ده‌زانێت‌ و رایگه‌یاند ئه‌و لیژنه‌یه‌ ئه‌گه‌ر راوێژ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان‌ و په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا بكات، ئه‌نجامی‌ باشی‌ ده‌بێت.

هه‌فته‌ی رابردوو به‌ ئیمزای 81 په‌رله‌مانتار، داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عیراق كرا كه‌ مه‌سه‌له‌ی پاره‌ ئاودیوكراوه‌كانی عیراق بخاته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌، سه‌رئه‌نجام له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌دا گفتوگۆیه‌كی گه‌رمی له‌ باره‌وه‌ كرا.

هۆشیار عه‌بدوڵڵا، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌ لێدوانێكی‌ تایبه‌تدا بۆ خه‌ندان وتی: "كێشه‌ی پاره‌ براوه‌كان بووه‌ته‌ كێشه‌ی شه‌قام و هاوڵاتیان و ئه‌وان چاوه‌ڕێن له‌ ئێمه‌ وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و چاودێری كه‌ كارێك له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ین".

له‌ دانیشتنی‌ ئه‌مڕۆیدا، ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراقدا بڕیاری‌ پێكهێنانی‌ لیژنه‌كه‌یه‌ی‌ له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌دا  و به‌پێی بڕیاره‌كه‌ش لیژنه‌كه‌ بە سەرۆکایەتی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی پێک بێت و هەموو وەزارەت و دەستە  و لیژنه‌كان و لایەنە پەیوەنددارەکانی عیراقی تێدا بێت و لە ماوەی هەفتەیەک یا دوو هەفتە دەست بە کارکردن بکات.

د. عیزه‌ت سابیر، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی ‌‌و ئابووری‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌ لێدوانێكدا بۆ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: "كارێكی‌ باش ده‌كه‌ن، ئه‌و لیژنه‌یه‌ ئه‌گه‌ر راوێژ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان‌ و په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا بكات، ئه‌نجامی‌ باشتریشی‌ ده‌بێت، بۆ نموونه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌ماندا هه‌ماهه‌نگی‌ بكات ‌و زانیارییان لێوه‌ربگرێت، خراپیش نییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێكیان له‌وان بێت، یان ئه‌و لیژنه‌یه‌ په‌رله‌مانتاری‌ كوردی‌ تێدابێت".

له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیارێكی‌ خه‌ندان كه ‌ئاخۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ كاره‌كانی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ چۆن ده‌بێت ‌و ئایا له‌ كوردستاندا كۆسپی‌ بۆ دروست ناكرێت؟ د. عیزه‌ت سابیر وتی‌: "به‌دڵنییایه‌وه‌ عیراق ‌و كوردستان له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا هاوبه‌شن ‌و بابه‌ته‌كه‌ سه‌ره‌تا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌ڵڵای‌ له‌سه‌ر نرایه‌وه‌، پاشان گه‌یشته‌ عیراق، بۆیه‌ نابێت رێوشوێنه‌كان له‌ عیراقدا بگیرێنه‌به‌ر و له‌ كوردستان هیچ نه‌كرێت".

خ.غ


ئه‌م بابه‌ته 1708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM