بان كی‌ مۆن به‌شداریی‌ دانیشتنێكی‌ په‌رله‌مانی عیراق ده‌كات


خه‌ندان_ فه‌رمان سادق
بڕیاره‌ 26ی‌ ئه‌م مانگه‌، بان كی مۆن ئه‌مینداری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌شداریی‌ دانیشتنێكی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق بكات بۆ ئاگاداربوون و پرسینه‌وه‌ له‌ دۆخی‌ ئاواره‌كان‌و شه‌ڕی‌ داعش‌و ره‌وشی‌ ئابووری‌ عیراق دوای‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت.

نیازی‌ معمار ئۆوغلو بڕیارده‌ری‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق به‌  خه‌ندان رایگه‌یاند به‌شداریكردنی‌ بان كی‌ مون سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی‌ سه‌ربازی‌ و ئاماده‌یی سوپای عیراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ تیرۆره‌، جگه‌ له‌مه‌ش كارئاسانی‌ و ئاماده‌كاری‌ ده‌كات له‌باره‌ی‌ به‌ستنی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ هه‌رێمایه‌تی‌ بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر له‌ناوچه‌كه‌دا.

نیازی‌ وتیشی "بان كی‌ مۆن له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسۆنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ په‌رله‌مان و ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان به‌جیا كۆده‌بێته‌وه‌، پاشانیش به‌شداری دانیشتنێكی‌ په‌رله‌مان ده‌كات".

هه‌روه‌ها وتی‌ "ئه‌گه‌رچی‌ دۆخی‌ ناوخۆی‌ عیراق و پرسی چاكسازییه‌كان له‌حكومه‌تدا، پرسێكی ناوخۆی‌ خۆدی‌ عێراقییه‌كانه‌، به‌ڵام بێگومان بان كی‌ مۆن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ عیراق له‌ئاستی‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تدا ئه‌و پرسه‌ تاوتوێ ده‌كات".

رۆژی 24/7/2014 بۆ یه‌كه‌مجار بان كی مۆن، ئه‌مینداری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی هه‌ڵوێستی گه‌ل و حكومه‌تی كوردستانی كرد له‌ به‌رامبه‌ر داڵده‌دانی په‌نابه‌رانی ده‌ستی هێرشه‌كانی داعش.

س.ج


ئه‌م بابه‌ته 995 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM