لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ پێكده‌هێنرێت


خه‌ندان-فه‌رمان سادق

لیژنه‌یه‌كی‌ بالاَ پێكده‌هێنرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ دارایی و ئیداریی‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هێشتا ده‌یان پرسی گه‌نده‌ڵی‌ له‌ شاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ له‌به‌رده‌ستی‌ ده‌سته‌ی‌ ده‌ستپاكیدایه‌ یه‌كلایی نه‌كراونه‌ته‌وه‌.

موشیر ره‌شید به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ كاروباری‌ یاسایی له‌ده‌سته‌ی‌ ده‌ستپاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ خه‌ندان وتی "كۆی‌ دۆسییه‌كان په‌یوه‌ندیدارن به‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ 78 كه‌س تۆمه‌تباركراون كه‌ 10 كه‌سیان پله‌یان به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ به‌سه‌ره‌وه‌ن كه‌ یه‌كێكیان وه‌زیره‌، ئه‌وانی‌ دیكه‌ش له‌خوار پله‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیین".

لیژنه‌یه‌كی‌ باڵاكه‌ پێكده‌هێنرێت به‌ نوێنه‌رانی‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ده‌سته‌ی‌ ده‌ستپاكی‌، دیوانی‌ چاودێری، داواكاری‌ گشتی‌‌و ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ری ‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، كاری ئه‌م لیژنه‌یه‌ به‌دواداچون ده‌بێت له‌ پرسه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ گه‌نده‌ڵی‌ ئیداریی‌و دارایی.

پێنج شه‌ممه‌ی‌ رابردوو 17/3/2016، مه‌سعود بارزانی‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ سازكرد له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌و ده‌زگایه‌نه‌دا به‌ وته‌ی‌ موشیر ره‌شید، ئامانجی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ بازرانی‌ بۆ پێكهێنانی‌  لیژنه‌یه‌كی‌ بالاَ بووه‌ كه‌ نوێنه‌رانی‌ ئه‌و دزگایانه‌.

ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ بارزانی‌ له‌میانه‌ی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌ نۆزه‌ده‌مین خولی‌ پێگه‌یاندنی‌ كادرانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ له‌شاری‌ هه‌ولێر له‌ 10/3/2016، رایگه‌یاند 20 دۆسیه‌ی‌ په‌یوه‌ند به‌چاكسازیی‌ سازكراوه‌و ده‌یاندات به‌ ده‌سته‌ی‌ ده‌ستپاكی‌ تا كاریان له‌سه‌ر بكات. به‌ڵام موشیر ره‌شید ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ هێشتا ئه‌و دۆسیانه‌ نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ده‌ستیان.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌ی‌ به‌دواداچوون بۆ پرسه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌، له‌چه‌ند رۆژی‌ داهاتوودا بڕیارده‌درێت له‌سه‌ر بڕوانامه‌ی‌ 1557 پله‌ی‌ تایبه‌ت كه‌ به‌شی‌ زۆریان كراون به‌ راوێژكارو به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ و جێگری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌.

موشیر ره‌شید له‌و باریه‌وه‌ به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند "ئه‌وانه‌ بڕوانامه‌یان شایسته‌ نیه‌ بۆ ئه‌و پۆستانه‌".

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، به‌گوێره‌ی‌ ئاماره‌كانی‌ ده‌سته‌ی‌ ده‌ستپاكی‌ له‌ساڵی‌ 2015دا، 84 دۆسیه‌ی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ئاڕاسته‌ی‌ دادگانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كراون، به‌جۆرێك له‌ شاری‌ هه‌ولێر 48دۆسیه‌، سلێمانی‌ 27و دهۆك 9 دۆسیه‌ بووه‌.

له‌ كۆی‌ 48 دۆسیه‌كه‌ی‌ شاری‌ هه‌ولێر كه‌ ئاڕاسته‌ی‌ دادگاكان كراون، له‌ ئێستادا 38 دۆسیه‌یان له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان‌و دووانیان ره‌وانه‌ی‌ دادگای‌ تایبه‌تمه‌ند كراون و هه‌شت دۆسیه‌ش به‌بڕیاری‌ دادوه‌ر داخراون به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ڵگه‌و زانیارییه‌كان قه‌ناعه‌تیان به‌دادوه‌ر نه‌هێناوه‌.

له‌ سلێمانی‌، 24دۆسیه‌ له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌ دایه‌، دووان ره‌وانه‌ی‌ دادگای‌ تایبه‌تمه‌ند كراون و دۆسیه‌یه‌كیش داخراوه‌.

له‌ دهۆكیش، چوار دۆسیه‌ له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌ دایه‌، دۆسیه‌یه‌ك ره‌وانه‌ی‌ دادگای‌ تایبه‌تمه‌ند كراون‌و، سێ دۆسیه‌ش داخراوه‌و دۆسیه‌یه‌كیش ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.

موشیر ره‌شید له‌و باریه‌وه‌ وتی‌ "هیچ كام له‌ دۆسیه‌كان هێشتا بڕیاری‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی‌ له‌دادگان بۆ ده‌رنه‌چوون، دۆسیه‌كانیش په‌یوه‌ندارن به‌ به‌هه‌ده‌ردانی‌ ماڵی‌ گشتی‌، ته‌جاوز كردنه‌سه‌ر ده‌سه‌لاَت، سوود وه‌رگرتن له‌ده‌سه‌لاَت".

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه‌ بۆ به‌دواداچون له‌ پرسه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌، به‌ڵام به‌ وته‌ی‌ ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ ده‌ستپاكی‌، بۆ خه‌ندان "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ به‌ ئیمكانیات ده‌كرێت، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌كو ده‌سته‌ی‌ ده‌ستپاكی ئه‌و ئیمكانیاته‌مان نیه‌".


س.ج


ئه‌م بابه‌ته 1776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM