په‌رله‌مانی عیراق تاووتوێی سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ عه‌بادی ده‌كات


خه‌ندان- هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر ناوی‌ كاندیده‌كانی‌ كابینه‌ی‌ نوێ و سه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كات، جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتیش رایده‌گه‌یه‌نێت زۆربه‌ی‌ كوتله‌كان له‌گه‌ڵ لابردنی‌ عه‌بادیدان.

رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ی‌ رابردوو حه‌یده‌ر عه‌بادی‌، سه‌رۆك وه‌زیران، له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق ناوی‌ كاندیده‌كانی‌ كابینه‌ی‌ نوێی حكومه‌تی‌ ته‌كنۆكراتی‌ ئاشكراكرد و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانیش ماوه‌ی‌ 10 رۆژی‌ دیاریكرد به‌مه‌به‌ستی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سی ڤی‌ كاندیده‌كان و ده‌نگدان له‌سه‌ریان.

تاریق گه‌ردی جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌خه‌ندانی وت: "له‌ئێستادا قسه‌وباسێكی زۆر له‌ناو كوتله‌ سیاسییه‌كانی په‌رله‌مان دروستبووه‌ بۆئه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌ربگیرێته‌وه‌".

وتیشی: "ئه‌مڕۆش له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت، زۆربه‌ی فراكسیۆنه‌كانیش ئه‌و بۆچوونه‌یان هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و باس له‌دروستكردنی حكومه‌تێكی ته‌كنۆكرات ده‌كات ئه‌وا ناكرێت كه‌سێكی حزبی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی ته‌كنۆكرات بكات".

تاریق گه‌ردی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ده‌توانرێت ده‌نگی پێویست كۆبكرێته‌وه‌ بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌عه‌بادی، زۆرینه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌دان، چونكه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی هیچ رێزێكی بۆ كوتله‌كان دانه‌نا، كوردیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌.

ئێواره‌ی‌ دوێنێ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌به‌غدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار كۆبوونه‌وه‌و تێیدا باس له‌یه‌كڕیزی و چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی وه‌زاره‌ته‌كان كراوه‌ كه‌ پشكی كوردن له ‌حكومه‌تی داهاتووی عیراق.

فه‌رهاد قادر په‌رله‌مانتاری‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی له ‌په‌رله‌مانی عیراق به‌خه‌ندانی وت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا قسه‌ له‌سه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌كرێت، ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌و لێپرسینه‌وه‌ی دادوه‌ریش لێكۆڵینه‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن كه‌ ناوه‌كانیان بۆ رۆیشتووه‌، بۆئه‌وه‌ی له‌كاتی دیاریكراودا په‌رله‌مان هه‌ڵوێستی خۆی رابگه‌یه‌نێت".

وتیشی: "حه‌یده‌ر عه‌بادی پێیڕاگه‌یاندووین هه‌ر كاندیدێك پاشه‌كشه‌بكات ئه‌وا  كاندیدی تر ده‌خه‌نه‌ شوێنه‌كه‌ی، ئه‌و كاندیدانه‌ كۆتایی نین و په‌رله‌مان سه‌رپشكه‌ له‌وه‌ی قبوڵی ده‌كات یاخو نا".

فه‌رهاد قادر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، قسه‌وباس له‌سه‌ر گۆڕینی حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌كرێت و به‌شێكی زۆر له‌گه‌ڵ گۆڕینیدان، له‌چه‌ند رۆژی داهاتووشدا بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌درێت له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی عه‌بادی، چونكه‌ زۆربه‌ی فراكسیۆنه‌كان پێیانوایه‌ ناكرێت كه‌سێكی حزبی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تێكی ته‌كنۆكرات بكات.

روونیشكرده‌وه: "ئه‌و سێ وه‌زاره‌ته‌ی به‌ كورد ده‌درێت به‌هه‌مان شێوه‌ی پێشووتر دابه‌شده‌كرێت به‌سه‌ر یه‌كێتی و پارتی و گۆڕاندا، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌موو ده‌سته‌و وه‌كیل وه‌زیرەكانیش كورد پشكی به‌رده‌كه‌وێت و پێنج لایه‌نه‌ كورده‌ وه‌ریده‌گرن".

به‌پێی وته‌ی فه‌رهاد قادر، گۆڕانكارییه‌كان ته‌نها وه‌زیره‌كان نییه‌، به‌ڵكو پله‌ی وه‌كیل وه‌زیر و سه‌رۆكی ده‌سته‌و به‌ڕێوەبه‌ری گشتی و باڵیۆزو سه‌فیره‌كان ده‌گرێته‌وه‌، كوردیش پشكی خۆی وه‌رده‌گرێت.

س.م


ئه‌م بابه‌ته 1605 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM