ناوی‌ كاندیدانی‌ كوتله‌ سیاسیه‌كان راده‌ستی‌ په‌رله‌مانی عیراق كرا


خه‌ندان-عه‌لی‌ ناجی‌، به‌غدا

سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ رایگه‌یاند، سیڤی‌ كاندیدانی‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ یه‌وه‌ راده‌ستی‌ په‌رله‌مان كراوه‌.

جبوری‌ له‌میانه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراقدا رایگه‌یاند، سیڤی‌ ئه‌و كاندیدانه‌ی‌ كه‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان راده‌ستی‌ عه‌بادی‌ یان كردووه‌ بۆ حكومه‌تی‌ ته‌كنۆكرات، له‌لایه‌ن عه‌بادییه‌وه‌ راده‌ستی‌ په‌رله‌مان كراوه‌.

داواشی‌ له‌ عه‌بادی‌ كرد رۆژێك دیاری بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌نگ له‌سه‌ر كاندیده‌كان بدات.

راده‌ستكردنی‌ ئه‌و ناوانه‌ له‌لایه‌ن عه‌بادییه‌وه‌ به‌په‌رله‌مان، دوای‌ رێككه‌وتنی‌ نێوان عه‌بادی‌ و كوتله‌ سیاسییه‌كان هات بۆ پێشكه‌شكردنی‌ كاندید تا شوێنی‌ ئه‌و كاندیدانه‌ بگرنه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ره‌تكراونه‌ته‌وه‌.

عه‌بادی‌ كۆتایی مانگی‌ رابردوو ناوی‌ 16 كاندیدی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانه‌ی‌ كابینه‌ی‌ نوێ راده‌ستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان كرد، به‌ڵام په‌رله‌مان به‌شێك له‌ كاندیده‌كانی‌ ره‌تكرده‌وه‌.

به‌پێی رێككه‌وتنی‌ نێوان عه‌بادی‌ و كوتله‌ سیاسییه‌كان، هه‌ر كوتله‌یه‌ك سێ كاندیدی‌ بۆ هه‌ر پۆستێكی‌ وه‌زاری‌ پێشكه‌شكردووه‌و عه‌بادیش یه‌كێك له‌و كاندیدانه‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆستێكی‌ وه‌زاری‌ له‌ كابینه‌ی‌ نوێ دیاریكردووه‌.




ئه‌م بابه‌ته 1511 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM