پەرلەمانتارە مانگرتووه‌كان: سه‌رۆكایه‌تی‌ نوێی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێرین


خه‌ندان- فه‌رمان سادق

لەكاتێكدا بڕیارە شەممەی داهاتوو پەرلەمانتارە مانگرتووەكان دەستەیەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵببژێرن، سەلیم جبوری‌و سەرۆك كوتلەكان لەكۆبوونەوەیەكدا رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان لەهەمان رۆژدا بۆ خستنەڕووی سەندنەوەی متمانە لە دەستەی سەرۆكایەتی.

په‌رله‌مانتارانی مانگرتوو، ئه‌مڕۆ له‌ بینای په‌رله‌مانی عیراق بەبێ ئاماده‌بوونی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و به‌شێكی زۆر له‌په‌رله‌مانتاران كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیان ده‌ستپێكرد، تێیدا عه‌دنان ئه‌لجه‌نابی په‌رله‌مانتاری كوتله‌ی ئه‌یاد عه‌للاویان وه‌ك به‌ ته‌مه‌نترین ئه‌ندامی ئاماده‌بووی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان راسپارد بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه‌كه‌.

زانا رۆستایی په‌رله‌مانتاری كوتله‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عیراق له‌لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ خه‌ندان رایگه‌یاند كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانتاره‌ مانگرتووه‌كان و پرسی سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌پێی هه‌ردوو مادده‌ی 10و11ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی عیراق، "نایاسایی" بوو.

به‌پێی مادده‌ی 10و 11ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی عیراق، هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی په‌رله‌مان بێ ئاماده‌بوونی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی یان یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجامنادرێت، ته‌نها مه‌گه‌ر ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ نه‌بن.

زانا رۆستایی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد جگه‌ له‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی له‌بینای په‌رله‌مان بوون، ئه‌وا نیسابی یاسایی دانیشتنه‌كه‌ش ته‌واو نه‌بوو كه‌ ژماره‌یان 130 په‌له‌مانتار ده‌بوون، وتیشی "هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نیه‌ بیسه‌لمێنێت كه‌ نیسابی یاسایی ته‌واو بووه‌ كه‌ ده‌بێت 165په‌رله‌مانتار بێت".

په‌رله‌مانتارانی مانگرتوو پێكدێن له‌ ته‌واوی ئه‌ندامانی كوتله‌ی ئه‌حراری سه‌ر به‌ ره‌وتی سه‌در، زۆرینه‌ی كوتله‌ی ده‌وڵه‌تی قانون (باڵی نوری مالیكی) له‌گه‌ڵ چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی كوتله‌ سوننه‌كان و هه‌ندێك په‌رله‌مانتاری دیكه‌ی كوتله‌كانی دیكه‌ش.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا بڕیاردرا به‌ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی نوێیان بۆ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو دواخست، كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ عادل نوری له‌ كوتله‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامی، رێزان شێخ دلێر له‌ كوتله‌ی یه‌كێتی نیشتمانی و تاڤگه‌ ئه‌حمه‌د له‌كوتله‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

زانا رۆستایی پشتڕاستی كرده‌وه‌و كه‌ چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی‌ كورد به‌شداربوون، به‌ڵام وتی" هیچ په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌یان نه‌كردووه‌، هیچ په‌رله‌مانتارێكی پارتیشم نه‌دیوه‌، به‌ڵام له‌كوتله‌كانی یه‌كێتی، گۆڕان و یه‌كگرتوو به‌شداریان كردبوو".

خه‌ندان په‌یوه‌ندیكرد به‌ رێزان شێخ دلێر، تاڤگه‌ ئه‌حمه‌دو عادل نوری به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كانیان وه‌ڵام نه‌دایه‌وه‌.

زانا رۆستایی رایوایه‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی مانگرتوو، "پیلانێكی سیاسی" بوو دژ به‌ سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و لایه‌نه‌ سوننه‌كان.

وتیشی "پرسی چاكسازی په‌یوه‌ندی به‌حكومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ك په‌رله‌مان، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیش به‌لای لایه‌نه‌ كوردییه‌كانه‌وه‌ هیچ گرفتێكیان نیه‌ تا داوای سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌یان لێبكرێت".

زانا رۆستایی ئاشكرایكرد كه‌ بڕیاردراوه‌ رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو په‌رله‌مان كۆببێته‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌ك خاڵ، ئه‌ویش پرسی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌بێته‌ كارنامه‌ی دانیشتنه‌كه‌.

خه‌ندان چه‌ندجارێك په‌یوه‌ندیكرد به‌ عیماد یۆخه‌نناو نیازی معمار ئۆغڵۆ په‌رله‌مانتاران و بڕیارده‌رانی په‌رله‌مانی عیراق، به‌ڵام به‌هۆی داخرانی مۆبایله‌كانیان په‌یوه‌ندیه‌كه‌ به‌رده‌ست نه‌بوو.

هه‌یسه‌م جبوری وته‌بێژی په‌رله‌مانتاره‌ مانگرتووه‌كان تایبه‌ت به‌ خه‌ندان رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌ماندا كردوویانه‌ "هه‌نگاوێكی یاسایی" بووه‌.

وته‌بێژی مانگرتووه‌كان وتی "بڕیارده‌ری په‌رله‌مان به‌شداری دانیشتنه‌كه‌ی كردووه‌، خۆی ژماره‌ی په‌رله‌مانتارانی هه‌ژماردووه‌ كه‌ 174په‌رله‌مانتار بوونه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ نیه‌".

هه‌یسه‌م جبوری ئه‌وه‌شی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ دانیشتنی په‌رله‌مان مه‌رجه‌ به‌ به‌شداری یه‌كێك یان ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بێت به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ وه‌ك زانا رۆستایی په‌رله‌مانتاری لیژنه‌ی یاسایی ده‌ڵێت كه‌ ده‌بێت به‌هۆكارێك ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ نه‌بن.

به‌پێی زانیارییه‌كانی ده‌ست خه‌ندان كه‌وتوون، به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی كوتله‌ سوننه‌كان به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌نێو په‌رله‌مانتارانی مانگرتوو كشاونه‌ته‌وه‌و هاتوونه‌ته‌وه‌ ریز سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌ڵام به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی كوتله‌ی ئه‌یاد عه‌للاوی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق له‌ڕیزی مانگرتووه‌كان ماونه‌ته‌وه‌.

له‌باره‌ی هۆكاری گرتنه‌به‌ری ئه‌و رێكاره‌ دژ به‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كه‌وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرد كه‌ پرسی سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ به‌شێوازی تاك به‌ تاك بووه‌ نه‌ك هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه‌، هه‌یسه‌م جبوری وتی "ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی پێشێلی وه‌سیقه‌ی شه‌ڕه‌فیان كردووه‌و لێیان لاداوه‌، دژ به‌ خواستی شه‌قام و په‌رله‌مانتارانی مانگرتوو وه‌ستاونه‌ته‌وه‌و هه‌وڵیانداوه‌ پینه‌وپه‌ڕۆی چاكسازی سه‌رۆك وه‌زیران بكه‌ن".

هه‌روه‌ها وتی‌ "ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی له‌ئێستاوه‌ بۆیان نیه‌ به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان قسه‌ بكه‌ن و لێدوان بده‌ن. رۆژی شه‌ممه‌ش دانیشتنی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌یه‌كی نوێ بۆ په‌رله‌مانی عێراق".

هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و پرسه‌وه‌، ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا له‌بینای‌ په‌رله‌مان رایگه‌یاند ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ روویدا "حاڵه‌تێكی‌ مه‌ترسیداره‌".

 جبوری‌ هاوكات داوای‌ له‌ په‌رله‌مانتاران كرد كه‌ رۆژی‌ شه‌ممه‌ كاتژمێر 10  ئاماده‌ی‌ دانیشتنی‌ په‌رله‌مان بن.

له‌به‌شێكی‌ تری‌ قسه‌كانیدا وتی‌: "لاریمان له‌وه‌ نییه‌ كه‌ پرسی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان یان جێگره‌كانی‌ بخرێته‌به‌ر به‌رده‌م دانیشتنه‌كه‌ی‌ رۆژی‌ شه‌ممه‌ی‌ داهاتوو، به‌ڵام نه‌ك به‌و شێوه‌ی‌ ئه‌مڕۆ روویدا".

هۆشداریشیدا كه‌ "نابێت گه‌لی‌ عیراق به‌ره‌و هه‌ڵدێر ببه‌ین".

به‌لام په‌رله‌مانتارانی‌ مانگرتوو له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایانگه‌یاند "ئه‌وه‌ی‌ روویدا شۆڕش بوو بۆ گه‌لی‌ عیراق، به‌رده‌وام ده‌بن له‌ مانگرتن تا چاكسازی‌ ته‌واو به‌دیدێت".

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ هاوپه‌یمانی‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان كه‌ نوێنه‌رانی‌ سوننه‌كان ده‌كه‌ن له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ بڕیاریدا له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی‌ سه‌لیم جبوری‌ له‌پۆسته‌كه‌ی‌ و جه‌ختیكرده‌وه‌ كاتێك به‌گۆڕینی‌ جبوری‌ رازی‌ ده‌بن كه‌گۆڕانكاری‌ له‌هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌دا بكرێت.

س.ج


ئه‌م بابه‌ته 1331 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM