په‌رله‌مانتارانی مانگرتوو ئاماده‌بوونیان له‌ دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مان هه‌ڵپه‌سارد

هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانی‌ په‌رله‌مانی عیراق

خه‌ندان- عه‌لی ناجی، دانا ته‌یب مه‌نمی

په‌رله‌مانتارانی مانگرتوو له‌ په‌رله‌مانی عیراق ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ئاماده‌بوونی خۆیان له‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانی‌ په‌رله‌مان تا كاتێكی تر هه‌ڵپه‌سارد.

ئه‌مڕۆ 28ی نیسان محه‌مه‌د سه‌یهود، به‌ ئاماده‌بوونی په‌رله‌مانتاره‌ مانگرتووه‌كان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كه‌ په‌یامنێری خه‌ندان ئاماده‌یبوو ڕایگه‌یاند: "ئه‌وه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ی ڕابردوو ڕوویدا بریتیه‌ له‌ به‌زاندنی ده‌ستوور و یاسا و په‌یڕه‌و‌ی ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌لایه‌ن سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌ له‌كارخراوه‌كه‌ و ده‌نگدان به‌شێوه‌یه‌كی شێوێنراو بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر شه‌رعیه‌تیان بۆ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌."

وتیشی: "پێویسته‌ دژی تایه‌فه‌گه‌ری قێزه‌ون و تێپه‌ڕاندنی دابه‌شكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ جارێكی تر له‌ دانیشتنی رۆژی سێشه‌ممه‌ی ڕابردوودا بوه‌ستێنه‌وه‌."

محه‌مه‌د سه‌یهود ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، ئه‌وان وه‌كو په‌رله‌مانتاران ئاماده‌بوونی خۆیان له‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌په‌سێرن هه‌تا كاتێكی دیكه‌.

داواشی له‌ گه‌لی‌ عیراق كرد پشتیوانیانبن بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئامانجی چاكسازی و گۆڕانكاری كه‌ له‌و پێناوه‌دا خۆپیشاندانیان كرد و مانیانگرتووه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: "‌تا ئه‌و كاته‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵی دێت ئاماده‌بوونی خۆیان هه‌ڵپه‌ساردووه‌، به‌و پێیه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی له‌كارخراوه‌ و به‌وه‌ش ناشه‌رعیه‌ و نابێت ئاماده‌ی دانیشتنه‌كان بین ته‌نها به‌ بڕیاری دادگاكه‌ نه‌بێت، هاوكاتیش له‌خۆمانی قبوڵناكه‌ین شایه‌تحاڵی درۆبین له‌سه‌ر گۆڕینی وه‌زیره‌كان و ئه‌و پشك پشكێنه‌ی له‌ دانیشتنی رۆژی سێشه‌ممه‌دا ڕوویدا."

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، په‌رله‌مانی عیراق ئه‌مڕۆ به‌ئاماده‌بوونی 173 په‌رله‌مانتار به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، كۆبوونه‌وه‌ی خۆی گرێداو داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتار حه‌سه‌ن سنێد له‌ هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا قبوڵكرا.

حه‌سه‌ن سنێد له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ خه‌ندان وتی: "هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌م بۆ هۆكاری تایبه‌ت به‌خۆم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ‌تائێستا جێگره‌وه‌كه‌م ده‌ستنیشان نه‌كراوه‌."

هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق رایگه‌یاند، لیژنه‌یه‌كیان بۆ ئه‌نجامدانی‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی‌ مانگرتوو پێكهێناوه‌.

س.م

ئه‌م بابه‌ته 1380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM