ورده‌كاری‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی‌ خازر... به‌رپرسی‌ محیوه‌ره‌كه‌ بۆ خه‌ندان: قۆناغی‌ تر ماوه‌

عارف ته‌یفور له‌ كاتی‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌

خه‌ندان- میحوه‌ری‌ خازر
سازدانی‌: فه‌رمان سادق، ئاواره‌ حه‌مید

عارف ته‌یفور، به‌رپرسی‌ میحوه‌ری‌ خازر-ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان ئاشكرایده‌كات كه‌ به‌ئازادكردنی‌ گونده‌كانی‌ ئه‌و سنوره‌ هه‌ولێر زیاتر پارێزراو ده‌بێت‌و شه‌ڕه‌كه‌شیان له‌و ناوچانه‌ دژ به‌داعش، ته‌نیا قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ بووه‌‌و قۆناغی‌ تر ماوه‌ كه‌ كاری‌ بۆ ده‌كه‌ن.

ئۆپه‌راسیۆنی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌میحوه‌ری‌ خازر له‌سنوری‌ موسڵ، به‌ره‌به‌یانی‌ دوێنێ‌ یه‌كشه‌ممه‌ (29/5) ده‌ستیپێكرد به‌پاڵپشتی‌ بۆردومانی‌ فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و هاوكاری‌ راوێژكارانی‌ ئه‌مریكی‌، نیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌راگه‌یاندنی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ پلانی‌ دارێژكراوی‌ شه‌ڕه‌كه‌، كۆتاییهات.

له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ خه‌ندان دوای‌ كۆتاییهاتنی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌، عارف ته‌یفور به‌رسی‌ میحوه‌ری‌ خازر، ئاماژه‌ به‌ورده‌كاری‌ شه‌ڕه‌كه‌‌و هه‌نگاوه‌كانی‌ دواتریان ده‌كات.


عارف ته‌یفور به‌رسی‌ میحوه‌ری‌ خازر فۆتۆ: فه‌رمان سادق

عارف ته‌یفور ئاشكرایكرد، كه‌ پلانی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ خۆیان دایانڕشتووه‌، "راوێژكارانی‌ هاوپه‌یمانانیش هاوكارمان بوون، به‌لاَم سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌ستكاری‌ پلانه‌كه‌ی‌ كردو ده‌ستخۆشی‌ لێكردین‌و هیوای‌ سه‌ركه‌وتنی‌ بۆ خواستین، جگه‌ له‌مه‌ش سات به‌سات ئاگاداری‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌ هه‌بوو، رۆڵی‌ ئیجابی‌ باشی‌ هه‌بوو".

له‌یه‌كه‌م رۆژی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا، ژماره‌یه‌ك گوندی‌ سنوری‌ میحوه‌ری‌ خازر ئازادكران، ئه‌مڕۆش هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ توانییان چه‌ند گوندێكی‌ تر له‌ژێر ده‌ستی‌ داعش ده‌ربهێنن.

به‌رپرسی‌ میحوه‌ری‌ خازر ده‌ڵێت، كاتژمێر 11 بۆ 12ی‌ نیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (30/5) كۆتایی به‌ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ هێنراوه‌ دوای‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ نۆ گوند، ئه‌وانیش گونده‌كانی‌ موفتیه‌، زاراخاتوونی‌ بچووك، زاراخاتوونی‌ گه‌وره‌، توله‌به‌ن، وه‌رده‌ك، گه‌زه‌كان, تلئه‌سوه‌دی‌ گه‌وره‌, چه‌مه‌ كۆر‌و كوله‌ بۆر بوون.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ كه‌ توانیویانه‌ به‌درێژایی‌ 23 كلیۆمه‌تر‌و پانی‌ پێنج كیلۆمه‌تر، كه‌ كۆی‌ گشتی‌ ده‌كاته‌ 125 كیلۆمه‌تر له‌داعش پاكبكه‌نه‌وه‌.

له‌و ئۆپراسیۆنه‌دا، هێزه‌كانی‌ فه‌رمانده‌یی‌ زێره‌ڤانی‌، فه‌رمانده‌یی‌ دهۆك، له‌شكری‌ تایبه‌تی‌ یه‌ك، له‌شكری‌ گولاَن، لیوای‌ نه‌وت، له‌شكری‌ رۆژی‌ یه‌ك و رۆژی‌ دوو، هێزه‌كانی‌ پشتیوانی‌ به‌شداربوون. به‌وته‌ی‌ عارف ته‌یفور.

هه‌روه‌ها فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ رۆڵی‌ كاریگه‌ریان هه‌بووه‌ له‌بۆردومانكردنی‌ باره‌گا‌و مۆڵگه‌كانی‌ داعش.

به‌پێی‌ دواین راگه‌یه‌ندراوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌ ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ كۆپیه‌كی‌ بۆ خه‌ندان نێردراوه‌، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان لانیكه‌م هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر 75 شوێنی داعش.

به‌رپرسی‌ میحوه‌ری‌ خازر له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا داعش نزیكه‌ی‌ 15 ئۆتۆمبێلی‌ بۆمبڕێژكراوی‌ به‌كارهێنا، به‌لاَم به‌شێكیان هاوپه‌یمانان له‌ئاسمانه‌وه‌ ته‌قاندیانه‌وه‌‌و هه‌ندێكیش هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ چه‌ند تۆپ هاوێژێكی‌ ئه‌و گروپه‌ له‌لای‌ باشیك كه‌ دامه‌زرێندرابوو بۆ تۆپبارانكردنی‌ سه‌نگه‌ره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌، له‌وانیش دراوه‌.

دووه‌م رۆژی‌ ئۆپراسیۆنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ میحوه‌ری‌ خازر- فۆتۆ: فه‌رمان سادق


ئۆپه‌راسیۆنی‌ خازر كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنی چاوه‌ڕوانكراوی ڕزگاركردنی موسڵ، مه‌ترسیه‌كانی داعش له‌سه‌ر ناوچه‌‌و گونده‌كانی شه‌به‌ك‌و كاكه‌ییه‌كانی سنوره‌كه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌. ئه‌وه‌ش به‌پێی‌ راگه‌یه‌نراوێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێم كه‌ دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌.

عارف ته‌یفور ده‌ڵێت، ئه‌و گوندانه‌ی‌ ئازادكراون دانیشتوانه‌كه‌ی‌ له‌ پێكهاته‌ی‌ شه‌به‌ك و كاكه‌یی‌ پێكهاتوون، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ "ئه‌و دێهاتانه‌ خاكی‌ كوردستانن‌و واجبی‌ سه‌رشانی‌ ئێمه‌یه‌ رزگاریان بكه‌ین له‌ده‌ستی‌ داعش، گرنگیه‌كه‌ی‌ بۆ ئێمه‌ زۆرن كه‌ پێكهاته‌ی‌ شه‌به‌ك و كاكه‌یی لێی‌ نیشته‌جێن‌و ده‌مانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان، جگه‌ له‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی‌ زیاتر پارێزگاریكردن له‌ كه‌ڵه‌ك و هه‌ولێر".

له‌باره‌ی‌ هۆكاره‌كانی‌ تری‌ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ له‌ئێستادا، وتی‌ "پاڵنه‌ری‌ دیكه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌م ناوچه‌یه‌دا چه‌ندان كۆمپانیای‌ گه‌وره‌ هه‌ن، بۆیه‌ ئه‌وانیش ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان و ده‌ستبكه‌نه‌وه‌ به‌كاری‌ خۆیان".

زۆرینه‌ی‌ ئه‌و ناوچه‌ كوردنشینانه‌ی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا، له‌دوو ساڵی‌ رابردودا به‌ده‌ست چه‌كدارانی‌ داعشه‌وه‌ بووه‌‌و به‌هۆی‌ توندوتیژیه‌كانی‌ ئه‌و گروپه‌وه‌، زۆربه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ كورد له‌پێكهاته‌ ئاینه‌كانی‌ تر به‌ره‌و پارێزگاكانی‌ هه‌ولێر‌و سلێمانی‌ دهۆك هه‌ڵهاتن.

عارف ته‌یفور ئاشكرایكرد "ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ كۆتایی‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌ بوو، قۆناغی‌ دیكه‌ ماوه‌ بۆ رزگاركردنی‌ ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستانی‌ كه‌ له‌داهاتوودا كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و ئاماده‌كاری‌ بۆ ده‌كرێت".

ئه‌وه‌شی‌ وت كه‌ چه‌ند گوندێكی‌ دیكه‌ی‌ شه‌به‌ك و ئێزیدی‌ ماوه‌، دوای‌ ئه‌ویش ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا دێت كه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ مه‌سیحی نشینه‌، "ئه‌ركمانه‌ ئه‌و ناوچانه‌ رزگار بكه‌ین".

به‌رپرسی‌ میحوه‌ری‌ خازر ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، كه‌ دوای‌ رزگاركردنی‌ ناوچه‌كانی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا، "بڕیار بۆ برا مه‌سیحیه‌كانه‌ كه‌ دێنه‌ پاڵ هه‌رێمی‌ كوردستان یان نا، یانیش بۆ خۆیان داوای‌ هه‌رێمێكی‌ فیدڕاڵ ده‌كه‌ن یان نا، ئه‌مه‌ پرسێكی‌ دیكه‌یه‌ بۆ كاتی‌ خۆی‌".



له‌ماوه‌ی‌ دوو رۆژی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا، چه‌كدارانی‌ داعش له‌میحوه‌ره‌كانی‌ گوێر‌و بادوش له‌سنوری‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا، دوێنێ‌‌و ئه‌مڕۆ دوو هێرشیان كرده‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان تێكشكێندرا به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ زیان به‌پێشمه‌رگه‌ بگه‌یه‌نن.

چه‌كدارانی‌ داعش له‌دوو رۆژی‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ میحوه‌ری‌ خازر 140 كوژراویان هه‌بووه‌، به‌وته‌ی‌ عارف ته‌یفور زۆرینه‌ی‌ ته‌رمه‌كانیان له‌گونده‌كاندا به‌جێماون.

به‌رپرسی‌ محیوه‌ری‌ خازر وتیشی‌ له‌دوو رۆژی‌ شه‌ڕه‌كه‌دا "پێشمه‌رگه‌ چوار شه‌هیدی‌ هه‌بوو، 34 برینداریش هه‌ن‌و هیوادارم هه‌رچی‌ زووه‌ خودای‌ گه‌وره‌ شیفایان بدات، بۆ شه‌هیده‌كانیش له‌خوا ده‌پاڕێینه‌وه‌ جێگه‌یان به‌هه‌شت بێت".

ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌كاتێكدابوو، هێزه‌ عیراقیه‌كانیش له‌هه‌فته‌ی‌ رابردودا شه‌ڕی‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ قه‌زای‌ فه‌لوجه‌یان ده‌ستپێكرد له‌پارێزگای‌ ئه‌نبار‌و دوای‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌پێكدادان له‌گه‌ڵ داعش، ئه‌مڕۆ توانییان بچنه‌ ناوه‌ندی‌ قه‌زاكه‌ به‌ڵام هێشتا شه‌ڕی‌ تێدا ماوه‌‌و به‌ته‌واوی‌ ئازادنه‌كراوه‌.

به‌رپرسی‌ میحوه‌ری‌ خازر له‌باره‌ی‌ جیاوازی‌ نێوان ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ سوپای‌ عیراق، ده‌ڵێت میلله‌تی‌ كورد هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌سه‌ره‌‌و داعش هه‌ركات فرسه‌تی‌ ده‌ستكه‌وێت له‌ناوی‌ ده‌بات، بۆیه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ بیروباوه‌ڕێكی‌ كوردایه‌تییه‌وه‌ شه‌ڕ ده‌كات، "سوپای‌ عێراقیش وه‌ك كه‌سایه‌تی‌ هیچیان له‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌متر نیه‌، به‌ڵام به‌ قه‌ناعه‌تی‌ من ئه‌و ناكۆكییه‌ سیاسیی و تائیفییه‌ی‌ له‌نێوان ئه‌واندا هه‌یه‌ هۆكاری‌ سه‌ره‌كیه‌ له‌خاوی‌ پێشڕه‌وییه‌كانیان".

جموجۆڵه‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌میحوه‌ره‌كانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ به‌رفراوانی‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ شاری‌ موسڵ كه‌ دوو ساڵه‌ له‌ژێر ده‌ستی‌ داعشدایه‌‌و چاوه‌ڕوانده‌كرێت، پێشمه‌رگه‌ش هاوكاری‌ سوپای‌ عیراق‌و حه‌شدی‌ نیشتیمانی‌ سونه‌كان بكات.

به‌رپرسی‌ میحوه‌ری‌ خازر، ده‌رباره‌ی‌ رێگه‌دان به‌جێگیركردنی‌ سوپای‌ عیراق له‌میحوه‌ره‌كه‌ی‌ بۆ شه‌ڕی‌ موسڵ، پێیوایه‌ ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی‌ كورد بڕیاری‌ له‌باره‌وه‌ بدات و مۆڵه‌تیان بدات، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا ئه‌و داوایه‌ نه‌كراوه‌.

عارف ته‌یفور وتی‌ كه‌ پێشووتر ئه‌سیل نوجێفی‌، پارێزگاری‌ پێشووی‌ نه‌ینه‌وا‌و فه‌رمانده‌ی‌ ئێستای‌ حه‌شدی‌ نیشتیمانی‌ داوایكردووه‌ سه‌ربازگه‌یه‌ك له‌میحوه‌ری‌ خازر بكاته‌وه‌، به‌ڵام "سه‌ركردایه‌تی‌ كورد دیاره‌ مۆڵه‌تی‌ پێ نه‌داون، جگه‌ له‌مه‌ش خۆیشمان پێمان خۆش نه‌بوو بێن بۆ ئه‌و میحوه‌ره‌".

ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ خازر دوای‌ ئه‌وه‌هات، هه‌ر له‌م مانگه‌دا هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ چه‌ندین هێرشی به‌رفراوانی چه‌كدارانی داعشیان له‌زۆربه‌ی میحوه‌ره‌كانی سنوری موسڵ تێكشاند، به‌تایبه‌تی‌ له‌تلسقۆف زیانی گه‌وره‌یان له‌و گروپه‌ دا، ئه‌وه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی گوندی به‌شیر له‌سنوری پارێزگای كه‌ركوك به‌به‌شداری سه‌ره‌كی پێشمه‌رگه‌.

ئه‌م بابه‌ته 4614 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM