به‌رهه‌م ساڵح: كوردستان پێویستی به‌یه‌كڕیزی گشت هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانه‌

د. به‌رهه‌م ساڵح

خه‌ندان-

د. به‌رهه‌م ساڵح، به‌پێویستی ده‌زانین گشت هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێم هاوكارو هه‌ماهه‌نگی بن بۆ به‌رنامه‌یه‌كی نیشتمانی، ئه‌وه‌ش له‌پێناو ده‌ربازبوون له‌دۆخی چه‌قبه‌ستووی ئێستای هه‌رێم‌و چاكسازی بنه‌ڕه‌تی‌و سیاسی‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی بژێوی خه‌ڵك، له‌گه‌ڵ خۆسازدان بۆ ئه‌گه‌ره‌كان‌و پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ له‌به‌ره‌كانی جه‌نگ.

ئه‌و وتانه‌ی‌ د.به‌رهه‌م له‌میانه‌ی‌ په‌یامێكی پیرۆزباییدا دێت، له‌یادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستاندا، كه‌ئه‌مڕۆ 41 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و یاده‌دا تێپه‌ڕده‌بێت.

د. به‌رهه‌م ده‌ڵێت "ئێستا سه‌رده‌می گۆڕانكاری گه‌وره‌یه‌و بنه‌ماكانی سیستمی ئه‌منی‌و سیاسی سه‌ده‌ی بیسته‌م روو له‌داڕمانه‌. ئه‌مڕۆ كوردستان ده‌رفه‌تی گه‌وره‌ی له‌پێشه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌شی له‌سه‌ره‌، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ له‌هه‌موو كات زیاتر گه‌لی كوردستان خۆسازدان‌و رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كوردی گه‌ره‌كه‌".

بۆیه‌ له‌و رووانگه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "ڕێككه‌وتنی ئه‌م دوواییه‌ی نێوان یه‌كێتی‌و گۆڕان هه‌نگاوێگی گرنگه‌ به‌ره‌و ساڕێژكردنی برینه‌كانی رابووردوو و یه‌كخستنه‌وه‌ی خه‌بات‌و كۆششی هاوسه‌نگه‌رو هاوڕێیانی رابووردوو"، پێشیوایه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ بره‌ودان به‌پرۆسه‌ی چاكسازی‌و شه‌فه‌فیه‌ت‌و سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌كانی دووئیداره‌یی‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی بژێوی خه‌ڵك، له‌گه‌ڵ خۆسازدان بۆ ئه‌گه‌ره‌كانی داهاتوو و "په‌یڕه‌وكردنی مافی بڕیاردان له‌ چاره‌نووسی گه‌لی كوردستان به‌ ئازادی".

د.به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ به‌پاراستنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ پارتیش ده‌كات‌و به‌ "بنه‌مایه‌كی گرنگی" یه‌كڕیزی گه‌لی كوردستانی ده‌زانێت‌و ده‌ڵێت "پێویسته‌ بۆ پاراستنی ئاسایش‌و ئارامی وڵاته‌كه‌مان".

له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت "ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ له‌ساڵانی رابردوو بووه‌مایه‌ی تیپه‌ڕاندنی تاڵاوه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆو بووه‌ مایه‌ی ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ بۆ گه‌لی كورد، بێگومان پاراستن‌و به‌هێزكردنی هاوپه‌یمانی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌شداری راسته‌قینه‌و به‌كرده‌وه‌ی بڕیاری سیاسی كوردستان".

بۆیه‌ پێیوایه‌ ئه‌مرۆِ كوردستان پێویستی به‌یه‌كڕیزی هه‌یه‌، "نه‌ك ته‌نها نێوان یه‌كێتی‌و گۆڕان، نه‌ك ته‌نها یه‌كێتی‌و پارتی به‌ڵكو گشت هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كان".


ئه‌م بابه‌ته 7820 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM