فه‌رمانده‌ی‌ ئۆپراسیۆنی‌ رزگاركردنی‌ نه‌ینه‌وا: ئۆپراسیۆنه‌ گه‌وره‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات

نه‌جم جبوری‌، فه‌رمانده‌ی‌ ئۆپراسیۆنی‌ رزگاركردنی‌ نه‌ینه‌وا

خه‌ندان- فه‌رمان سادق، مه‌خمور

نه‌جم جبوری‌، فه‌رمانده‌ی‌ ئۆپراسیۆنی‌ رزگاركردنی‌ نه‌ینه‌وا رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌منزیكانه‌ ئۆپراسیۆنه‌ "گه‌وره‌كه‌" ده‌ستپێده‌كات كه‌ ئامانج لێی گه‌یشتنه‌ به‌شاری موسڵ. ده‌شڵێت پێشمه‌رگه‌ رۆڵی سه‌ره‌كی‌ ده‌بینێت له‌هاوكاریكردنی‌ سوپای‌ عیراق له‌و ئۆپراسیۆنه‌دا.

ئه‌و وتانه‌ی‌ نه‌جم جبوری‌، له‌میانه‌ی‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا دێت له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی خه‌ندان كه‌ له‌قه‌زای مه‌خمور ئه‌نجامدراوه‌و تیایدا باس له‌ئۆپراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ‌و به‌شداری هێزه‌ جیاوازه‌كان ده‌كات له‌و ئۆپراسیۆنه‌.

ئۆپراسیۆنی ئه‌زمونی رزگاركردنه‌وه‌ی‌ نه‌ینه‌وا له‌كۆتایی مانگی سێی‌ ئه‌مساڵ له‌سنوری مه‌خموور ده‌ستیپێكرد، كه‌ ئامانج لێی ره‌خساندنی مه‌یدانی جه‌نگ بوو دژ به‌داعش‌و تیایدا چه‌ند گوندێك كۆنترۆڵكرا.

جبوری ده‌ڵێت ئامانجی‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌میان له‌و ئۆپراسیۆنه‌ لاوازكردنی‌ داعش‌و زه‌مینه‌سازی‌ بوو بۆ "ئۆپراسیۆنه‌ گه‌وره‌كه‌".

شاری‌ موسڵ-ی‌ ناوه‌ندی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا‌و به‌شێك له‌ناوچه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌، له‌مانگی‌ 6ی‌ ساڵی‌ 2014وه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ستی‌ داعش‌و له‌چه‌ند مانگی‌ رابردووشه‌وه‌، هێزه‌ عیراقیه‌كان به‌هاوكاری‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و ئه‌مریكا ئاماده‌كاری چڕ بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌یان ده‌كه‌ن.

خه‌ندان: ئۆپراسیۆنی‌ رزگاركردنی‌ نه‌ینه‌وا به‌چی‌ گه‌یشت؟ وه‌ك فه‌رمانده‌ی‌ ئۆپراسیۆنی‌ رزگاركردنی‌ نه‌ینه‌وا له‌ئه‌نجامه‌كانی رازین؟
نه‌جم جبوری‌: به‌دیاریكراوی‌ ئه‌مساڵ له‌ 26ی مانگی‌ 3 ئۆپراسیۆنی‌ رزگاركرنی‌ نه‌ینه‌وا له‌مه‌خمور ده‌ستیپێكرد، ئامانج لێی‌ ره‌خساندی مه‌یدانی‌ جه‌نگ بوو بۆ ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپراسیۆنێكی تر كه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا ئه‌نجاممانداوه‌، گه‌وره‌ترو فراوانتره‌ بۆ رزگاركردنی‌ موسڵ.
ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ی‌ ئه‌نجاممانداوه‌ چه‌ند ئامانجێكی‌ هه‌بوو، یه‌كێك له‌وانه‌ لاوازكردنی‌ دوژمن بوو كه‌ داعشه‌، داعش له‌به‌رانبه‌ر ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ی‌ ئێمه‌ به‌هێزترین چه‌كه‌كانی‌ هه‌یه‌تی‌ به‌كاریهێناوه‌، باشترین شه‌ڕكه‌رو سه‌ركرده‌ی‌ خۆی‌ هێنایه‌ ئه‌و میحوه‌ره‌، به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و به‌ڵگانه‌ی‌ لای‌ ئێمه‌ هه‌ن له‌ده‌رئه‌نجامی‌ ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ داعش سه‌دان له‌باشترین شه‌ڕكه‌ره‌كانی‌ له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌وه‌ش به‌هاوكاری‌ هاوپه‌یمانان بوو كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانیان‌و تۆپهاوێژه‌كانیان، به‌مه‌ش توانیمان به‌شێكی‌ زۆری‌ ئۆتۆمبێله‌ بۆمبڕێژكراوه‌كانیان بته‌قێنینه‌وه‌، مۆڵگه‌یه‌كی‌ زۆری‌ حه‌شاردانی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ داعشمان له‌ناو بردووه‌، سه‌ركردایه‌تی‌ داعشمان لاواز كرد.

خه‌ندان: ببوره‌.. مه‌به‌ستته‌ بڵێی‌ داعش به‌هه‌موو ئیمكانیه‌تی‌ خۆی‌ له‌میحوه‌ری‌ مه‌خمور به‌ره‌و رووی‌ سوپای‌ عێراق بۆته‌وه‌؟
نه‌جم جبوری‌: به‌ڵێ بێگومان، ئیمكانیه‌تێكی‌ زۆری‌ داعشمان له‌محیوه‌ری‌ مه‌خمور له‌ناو بردووه‌، ئێمه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین له‌ڕێگه‌ی‌ تێبینیكردن‌و به‌راوردكردنی‌ رۆژانی‌ سه‌ره‌تای‌ به‌رگری‌‌و هێرشه‌كانی‌ داعش له‌گه‌ڵ ئێستادا، جیاوازیه‌كی‌ نه‌وعی‌ گه‌وره‌ روویداوه‌، هه‌مان توانای‌ سه‌ره‌تاییان نه‌ماوه‌.

له‌م ئۆپراسیۆنه‌دا توانیمان چه‌ند گوندێك رزگار بكه‌ین‌و نزیكبینه‌وه‌ له‌ڕووباری‌ دیجله‌، له‌به‌رانبه‌ردا هه‌موو هه‌وڵه‌كانی‌ داعش هه‌ره‌سیهێناوه‌، سوپای‌ عێراق راداری پێشكه‌وتووی‌ هه‌یه‌‌و شوێن پێی‌ ئه‌و هاوه‌نهاوێژانه‌ی‌ داعش هه‌ڵده‌گرێت، جێگاكانیان ئاشكراده‌كات‌و تۆپهاوێژانی‌ هاوپه‌یمانان‌و سوپای‌ عیراق یه‌كسه‌ر لێیان ده‌ده‌ن.

جگه‌ له‌ئامانجی‌ لاوازكردنی‌ داعش‌و زه‌مینه‌سازی‌ بۆ ئۆپراسیۆنه‌ گه‌وره‌كه‌، له‌ئۆپراسیۆنه‌ گه‌وره‌كه‌دا ده‌توانین خاكی‌ زیاتر ئازادبكه‌ین به‌ئاڕاسته‌ی‌ گه‌یشتن به‌ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ كه‌ڕزگاركردنی‌ شاری‌ موسڵه‌.

خه‌ندان: كه‌واته‌ ده‌ته‌وێت بڵێی‌ له‌ئه‌نجامه‌كه‌ رازیت، ئه‌ی‌ كه‌ی‌ ئۆپراسیۆنه‌ گه‌وره‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات؟
نه‌جم جبوری‌: به‌ڵێ له‌ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ رازییم، به‌م نزیكانه‌ ده‌ستپێده‌كات‌و خه‌ڵكیش ده‌یبینێت.


هێزێکی سوپای عیراق

خه‌ندان: به‌لاَم هه‌ندێك له‌شاره‌زایانی سه‌ربازی‌، ده‌ڵێن سوپای‌ عێراق نه‌یتوانیوه‌ له‌ئاست قه‌باره‌ی‌ سوپاكه‌و ئه‌و چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی هه‌نگاوی باش بنێت؟
نه‌جم جبوری‌: شاره‌زایان شتێك ده‌ڵێن كه‌ ئاگادارنین ئێمه‌ لێره‌ خه‌ریكی‌ چین‌و ئامانج‌و پلانمان چییه‌، مه‌سه‌له‌كه‌ رزگاركردنی‌ چه‌ند گوندێك نیه‌، سوپا ده‌توانێت بچێته‌ ناو چه‌ندان گوندی‌ دیكه‌ش كه‌ گوندی چۆڵكراون‌و له‌ڕووی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ داعش شكستی هێناوه‌، به‌ڵام نامانه‌وێت ئه‌و توانایانه‌ی‌ هه‌مانه‌ په‌رته‌وازه‌یان بكه‌ین، به‌ڵكو سوپای‌ عێراق ئامانجی‌ گه‌وره‌ی رزگاركردنی‌ موسڵه‌ بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ ئه‌و ناوچانه‌ سه‌ره‌تا رزگاربكه‌ین كه‌ ناوچه‌ی‌ ستراتیژیین نه‌ك چه‌ند گوندێك كه‌ ئه‌وه‌ ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌یه‌! جگه‌ له‌مه‌ش سوپا به‌گوێره‌ی بڕیاری‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزی‌ چه‌كدار ده‌جوڵێته‌وه‌ كه‌ژووری‌ ئۆپراسیۆنی‌ باڵا له‌به‌غداد ئه‌و جێگایانه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات بۆ رزگاركردنیان، ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر سوپایه‌ به‌جێگه‌یاندنی‌ ئه‌و فه‌رمانه‌ی‌ سه‌رووی‌ خۆیه‌تی‌ كه‌پێی‌ ده‌سپێردرێت.

خه‌ندان: له‌ 8/11ی‌ ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مریكا ئه‌نجامده‌درێت، فه‌رمانده‌یه‌كی‌ بالاَی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت ئیداره‌ی‌ ئۆباما پێداگره‌ به‌ر له‌كۆتایی‌ 2016 موسڵ رزگار بكرێت. ده‌پرسم هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مریكا چ رۆڵێك ده‌بینێت له‌ڕزگاری‌ موسڵ؟
نه‌جم جبوری‌: ئێمه‌ سه‌ربازین، حه‌قمان به‌سه‌ر پرسه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ نیه‌، ئیداره‌ی‌ سه‌رۆك ئۆباماو دیموكراته‌كان چ پلانێكیان هه‌یه‌ یان كۆمارییه‌كان چ پلانێكیان هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ئێمه‌وه‌ نیه‌، وه‌ك وتم ئێمه‌ وابه‌سته‌ین به‌فه‌رمانده‌ی‌ باڵای‌ هێزی‌ چه‌كدار له‌عێراق، ئه‌وان چ فه‌رمانێكمان پێبكه‌ن له‌سه‌رمانه‌ جێبه‌جێی‌ بكه‌ین.
تائێستا ئه‌و ئامانجانه‌ی‌ بۆمان ده‌ستنیشانكراوه‌ جێبه‌جێمان كردوون.

خه‌ندان: سیروان بارزانی‌، فه‌رمانده‌ی‌ میحوه‌ری‌ گوێڕو مه‌خموری‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت تائێستا چوارجار پلانی‌ رزگاركردنی‌ موسڵ گۆڕدراوه‌، بۆچی‌؟
نه‌جم جبوری‌: په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌هێز هه‌یه‌ له‌نێوان هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عێراق، به‌لاَم نه‌مبیستووه‌ پلانه‌كه‌ چوارجار گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردا هاتبێت، پلانی‌ ستراتیژی‌ رزگاركردنی‌ نه‌ینه‌واو شاری‌ موسڵه‌ به‌ڵام له‌مه‌یدانی‌ جه‌نگ هه‌ندێك گۆڕانكاری‌ رووده‌دات بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌، ئه‌مه‌ش مانای‌ گۆڕانكاری‌ پلانه‌كه‌ نییه‌.

خه‌ندان: به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و پلانه‌ی هه‌یه‌ رۆڵ‌و به‌شداری‌ پێشمه‌رگه‌ چییه‌؟
نه‌جم جبوری: بێگومان پێشمه‌رگه‌ رۆڵی سه‌ره‌كی‌ ده‌بینێت، رۆڵی‌ ئه‌وان هاوكاریكردنی‌ سوپای‌ عێراقه‌. بێگومان به‌گوێره‌ی‌ پلانی‌ دابه‌شكراو وه‌ك چۆن چه‌ند میحوه‌رێك ده‌سپێردرێت به‌سوپای‌ عێراق، هه‌ندێك ناوچه‌ ده‌سپێردرێت به‌حه‌شد‌و ئاواش میحوه‌ر هه‌یه‌ ده‌سپێردرێت به‌هێزی‌ پێشمه‌رگه‌.

خه‌ندان: 5ی ئه‌م مانگه‌ لیوای‌ 37ی‌ زریپۆش گه‌یشتنه‌ مه‌خمور، هاتنی‌ ئه‌و لیوایه‌ چ رۆڵێك ده‌بینێت له‌یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕه‌كانی‌ داهاتوو؟
نه‌جم جبوری: وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مپێكرد له‌ماوه‌ی كه‌می‌ داهاتوودا ئۆپراسیۆنه‌ گه‌وره‌كه‌ بۆ رزگاركردنی‌ موسڵ ده‌ستپێده‌كات، هاتنی‌ ئه‌و لیوا زریپۆشه‌ له‌م چوارچێوه‌یه‌دایه‌‌و رۆڵی‌ سه‌ره‌كی ده‌بینێت.

خه‌ندان: ململانێ سیاسییه‌كانی‌ نێوان كوتله‌و هێزه‌ عێراقییه‌كان چ كاریگه‌رییه‌كی‌ نه‌رێنی‌ به‌سه‌ر سوپاوه‌ جێهێشتووه‌؟
نه‌جم جبوری‌: ئێمه‌ گوێچكه‌ی‌ خۆمان داخستووه‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان به‌وانه‌وه‌ نییه‌. ئه‌و ململانێ سیاسییه‌ به‌رده‌وامه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بێت‌و له‌وه‌ راهاتووین‌و با ئه‌وان له‌ناو خۆیاندا پرسه‌ سیاسییه‌كان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌. ئه‌وان له‌دۆڵێكدان‌و ئێمه‌ له‌دۆڵێكی‌ دیكه‌داین‌و په‌یوه‌ستین به‌سه‌ركردایه‌تی‌ باڵای‌ ئۆپراسیۆنی‌ هاوبه‌ش، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ به‌لای‌ ئێمه‌وه‌ ململانێیه‌كه‌ نه‌گاته‌ ناو سه‌ركردایه‌تی‌ باڵای‌ ئۆپراسیۆنه‌كان.

خه‌ندان: له‌كۆتایی‌ ئه‌مساڵ ده‌توانن موسڵ رزگار بكه‌ن؟
نه‌جم جبوری‌: پشت به‌خوا رزگاری‌ ده‌كه‌ین‌و یه‌ك تیرۆریست له‌موسڵ نامێنێته‌وه‌.

خه‌ندان: سوپای‌ عێراق ده‌توانێت به‌ته‌نهاو به‌بێ به‌شداری‌ هاوپه‌یمانان ئه‌وه‌ بكات؟
نه‌جم جبوری‌: ناڵێم سوپای‌ عێراق ناتوانێت، به‌ڵام هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌بوونیان زۆر گرنگه‌و رۆڵی‌ زۆر گه‌وره‌ ده‌بینین، ئێمه‌ش پێویستمان به‌و هاوكارییه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ ئه‌وان هه‌یه‌ كه‌پێشكه‌شی سوپای‌ عێراقی ده‌كه‌ن.


ئه‌م بابه‌ته 10998 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM