باوكی بكوژه‌كه‌ی‌ فلۆریدا بۆ خه‌ندان ده‌دوێت: كوڕه‌كه‌م به‌رده‌وام نه‌فره‌تی له‌هاوڕه‌گه‌زبازه‌كان ده‌كرد


خه‌ندان– محه‌مه‌د به‌ختیار

باوكی‌ عومه‌ر مه‌تین، ئه‌و گه‌نجه‌ی‌ به‌چه‌ك هێرشیكرده‌سه‌ر یانه‌یه‌كی‌ شه‌وانه‌ له‌ئه‌مریكا له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ خه‌ندان ده‌ڵێت، كه‌س باوه‌ڕی نه‌ده‌كرد كوڕه‌كه‌ی‌ كاره‌ساتێكی واگه‌وره‌ بخوڵقێنێت چونكه‌ موسوڵمانێكی توندڕه‌و نه‌بوو، به‌ڵام به‌رده‌وام نه‌فره‌تی له‌هاوڕه‌گه‌زبازه‌كان ده‌كرد.

عومه‌ر مه‌تین (29 ساڵ)، یه‌كشه‌ممه‌ی‌ رابردوو 11ی‌ ئه‌م مانگه‌ هێرشیكرده‌سه‌ر یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌ی تایبه‌ت به‌ هاوڕه‌گه‌زبازان له‌شاری ئۆرلاندۆی ویلایه‌تی فلۆریدای ئه‌مریكا، به‌هۆیه‌وه‌ 49 كه‌س كوژران‌و 53ی‌ تر برینداربوون، .

خانه‌واده‌كه‌ی‌ چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ئه‌فغانستانه‌وه‌ رویان له‌ئه‌مریكا كردووه‌‌و عومه‌ریش له‌نیویۆرك له‌دایكبووه‌، له‌ساڵی‌ 2009 هاوسه‌رگیری‌ كردووه‌ به‌ڵام ته‌نیا چه‌ند مانگێك خێزانه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵیدا بووه‌‌و دواتریش له‌ساڵی‌ 2011 به‌فه‌رمی‌ جیابوونه‌ته‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ داعش به‌رپرسیارێتی‌ خۆی‌ له‌هێرشه‌كه‌ راگه‌یاندووه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك هه‌بێت په‌یوه‌ندی‌ عومه‌ر به‌و رێكخراوه‌وه‌ ئاشكرابكات.

عومه‌ر كه‌ له‌روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پۆلیسدا كوژرا، پێشتر كارمه‌ندی كۆمپانیای G4ی تایبه‌ت به‌ ئاسایش (سكیورتی) بووه‌، كه‌ گه‌وره‌ترین كۆمپانیای ئه‌و بواره‌یه‌ له‌جیهانداو بنكه‌ی سه‌ره‌كی له‌له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیایه‌.

سدیق مه‌تین، باوكی‌ عومه‌ر له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌رێی‌ سكایپ-ه‌وه‌ به‌زمانی‌ فارسی‌ تایبه‌ت بۆ خه‌ندان قسه‌یكرد، ئاماژه‌ده‌دات به‌هه‌ڵسوكه‌وت‌و مامه‌ڵه‌ی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ له‌رابردوودا، باسی‌ تێڕوانینی‌ ئه‌و ده‌كات به‌رانبه‌ر هاوڕه‌گه‌زبازه‌كان.

خه‌ندان: عومه‌ر مه‌تین پێش ئه‌و روداوه‌ بیروباوه‌ڕی له‌روی ئاینیه‌وه‌ چۆن بوو؟
سدیق مه‌تین: مه‌تین كوڕێكی زۆر له‌سه‌رخۆ‌و ئارام بوو، له‌گه‌ڵ ئێمه‌ وه‌كو باوك‌و دایك‌و هاوڕێ‌و كه‌سه‌كانی زۆر له‌سه‌رخۆ بوو، له‌روی ئاینیه‌وه‌ موسڵمان بوو و هه‌ندێ كات سه‌ردانی‌ مزگه‌وتی ده‌كرد، به‌ڵام زۆر میانڕه‌و و له‌سه‌رخۆ بوو، كه‌س باوه‌ڕی نه‌ده‌كرد مه‌تین كاره‌ساتێكی واگه‌وره‌ بخوڵقێنێت.
مه‌تین كه‌سێكی زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو، چ له‌ خوێندن‌و كار به‌ڵام نازانم بۆ وایكرد.

خه‌ندان: كوڕه‌كه‌ت دواجار كه‌ په‌یوه‌ندی به‌تۆوه‌ كرد چی‌ وت؟
سدیق مه‌تین: رۆژێك پێش كاره‌ساته‌كه‌ بوو قسه‌مان كرد، به‌ڵام قسه‌ی ئاسایی و ئه‌حواڵ پرسین، هیچ شتێكم به‌دی نه‌كرد یان شتی وای نه‌وت كه‌ ئاماژه‌ بێت به‌م كاره‌ساته‌، ئه‌گینا من خۆم ڕاده‌ستی پۆلیسی محه‌لی‌و (ئیف بی ئای)م ده‌كرد.

خه‌ندان: وه‌كو وتت كوڕه‌كه‌ت كه‌سێكی‌ په‌یوه‌ست به‌ئاین بوو، پێشتر خۆشه‌ویشتی كچی هه‌بووه‌ یان به‌ناوه‌ لاتینیه‌كه‌ی گیڵ فریند؟
سدیق مه‌تین: به‌ڵێ هه‌یبوو، به‌ڵام موسڵمانێكی توندڕه‌و نه‌بوو، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كچان زۆر باش بوو به‌ڵام هه‌میشه‌ نه‌فره‌تی له‌هاوڕه‌گه‌زبازه‌كان ده‌كرد.

خه‌ندان: پێشتر له‌سه‌ر هاوڕه‌گه‌زبازی له‌گه‌ڵ ئێوه‌ قسه‌ی كردوه‌؟
سدیق مه‌تین: به‌ڵی، چه‌ند جارێك كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌مانبینین یان له‌ماڵه‌وه‌ هه‌واڵه‌كان باسی هاوڕه‌گه‌زبازه‌كان ده‌كرد ، ده‌یوت له‌ نزیكه‌وه‌ ده‌زانم چۆنن‌و به‌رده‌وام نه‌فره‌تی لێده‌كردن.

خه‌ندان: له‌و ماوه‌یه‌ی‌ پێش روداوه‌كه‌ هه‌ستت به‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان داعش‌و كوڕه‌كه‌تدا كرد؟
سدیق مه‌تین: نه‌خێر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك، مه‌تین له‌كۆمپانیایه‌كی ئه‌منی كاری ده‌كرد‌و به‌رده‌وام سه‌روكاری له‌گه‌ڵ چه‌ك بوو، به‌ڵام په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش نه‌بووه‌.

خه‌ندان: حامید كارزای، سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ ئه‌فغانستان شه‌وی ڕابردو له‌كه‌ناڵی بی بی سی فارسی وتی عومه‌ر مه‌تین به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكایه‌، ئه‌و بۆچوونه‌ به‌راست ده‌زانێت؟
سدیق مه‌تین: نه‌خێر ئه‌مه‌ ئیهانه‌یه‌ به‌ كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكی، مه‌تین و بیروباوه‌ڕی مه‌تین به‌رهه‌می هیچ كۆمه‌ڵگایه‌ك نین، له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌سانی لاده‌ری‌ وا ده‌توانن دروستبن.

خه‌ندان: تۆ پێشتر كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌فغانستان بویت، پێتوایه‌ ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی كوڕه‌كه‌ت كار له‌ناوبانگت بكات؟
سدیق مه‌تین: به‌ته‌ئكید كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌‌و تاوه‌كو ماوه‌یه‌ك كاریگه‌ری‌ به‌جێده‌هێڵێت، به‌ڵام خه‌ڵكی ئه‌فغانستان من ده‌ناسن‌و ده‌زانن ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وه‌‌و ره‌فتارانه‌ له‌منه‌وه‌ دوورن.


عومه‌ر مه‌تین


عومه‌ر مه‌تین و هاوسه‌ره‌كه‌ی‌


ئه‌م بابه‌ته 41498 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM