شاندی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان له‌به‌غدا ده‌ستپێشخه‌رییان هه‌یه‌

کۆبونەوەی شاندە هاوبەشەکەی یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق..دوێنێ

خه‌ندان

شاندی‌ هاوبه‌شی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان، به‌شێك له‌رێككه‌وتنی‌ سیاسی‌ نێوانیان وه‌كو ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌غدا ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌ عیراقیه‌كان، به‌ئامانجی‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كان‌و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی‌ هه‌ردوولا.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، شانده‌ هاوبه‌شه‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌به‌رپرس‌و لایه‌نه‌ عیراقیه‌كان كۆبوونه‌وه‌‌و بڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ دووشه‌ممه‌، چاویان بكه‌وێت به‌نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆكی‌ حزبی‌ ده‌عوه‌، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی‌ سه‌ردانێكیاندا بۆ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی‌ روونكردنه‌وه‌ی‌ رێككه‌وتنی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و گۆڕان.

كاوه‌ محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتاری‌ گۆڕان‌و ئه‌ندامی‌ شانده‌ هاوبه‌شه‌كه‌ بۆ خه‌ندان باسی‌ له‌وه‌كرد، كه‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و عێراق خاڵێكه‌ له‌رێككه‌وتنه‌كه‌‌و له‌ئێستاشدا، په‌یوه‌ندی‌ نێوان هه‌ولێر‌و به‌غدا له‌خراپترین ئاستیدایه‌ بۆیه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ن.

به‌پێی‌ رێككه‌وتنی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و گۆڕان، هه‌ردوولا كۆكن له‌سه‌ر پێویستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و حكومه‌تی فیدراڵ له‌رێی دیالۆگه‌وه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتیمانی‌و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان.

به‌ختیار شاوێس، ئه‌ندامی شانده‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی‌ به‌غدا (له‌پشكی‌ یه‌كێتی‌) ده‌ڵێت بۆچونی لایه‌نه‌ عیراقیه‌كان ئیجابیه‌و پشتگیری رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌و خاڵانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم‌و به‌غداوه‌ هه‌یه‌.

وتیشی‌ "به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك ئێمه‌ هه‌وڵی رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا ده‌ده‌ین، چونكه‌ ناكرێت ئه‌و دۆخه‌ به‌وشێوه‌یه‌ بێت، ئه‌و چه‌قبه‌ستوییه‌ كاریگه‌ری سلبی كردۆته‌ سه‌ر هه‌موولایه‌ك".

شاندی‌ هاوبه‌شی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌، دوێنێ‌ شه‌ممه‌ چوونه‌ به‌غدا‌و له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌، سه‌رۆكوه‌زیران‌و ئوسامه‌ نوجێفی، كه‌سایه‌تی دیاری سوننه‌كان‌و عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی كۆبونه‌وه‌.

ئه‌مڕۆش جگه‌ له‌نێردراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ حزبی فه‌زیله‌، ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌و چه‌ند لایه‌نێكی‌ تردا گفتوگۆ ده‌كه‌ن.

كاوه‌ محه‌مه‌د ده‌ڵێت له‌كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ عه‌بادی‌، كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێر‌و به‌غدا باسكراوه‌‌و سه‌رۆكوه‌زیران رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئاماده‌ن بۆ كۆبوونه‌وه‌و رێككه‌وتن به‌مه‌رجێك شه‌فافیه‌ت هه‌بێ‌و قسه‌و رێككه‌وتن له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كان بكرێت.

هه‌روه‌ها وتیشی‌ كه‌ ئه‌و لایانانه‌ی‌ دیداریان له‌گه‌ڵدا كردون، داواكردنی‌ ملیارێك دۆلار له‌لایه‌ن هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر راده‌ستكردنه‌وه‌ی‌ نه‌وت به‌ به‌غدا به‌مه‌رجێكی‌ به‌ربه‌ستی‌ ده‌زانن بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌گه‌ن به‌رێككه‌وتن.

هه‌رێمی‌ كوردستان‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عیراق، پێشتر رێككه‌وتنێكیان كرد‌و له‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ 2015دا جێگیركرا، به‌وه‌ی‌ به‌غدا له‌سه‌دا 17ی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌ولیر بدات له‌به‌رانبه‌ر ره‌وانه‌كردنی‌ 550 هه‌زار به‌رمیلی‌ نه‌وت له‌رۆژێكدا (نه‌وتی‌ هه‌رێم‌و كه‌ركوك) له‌رێی‌ بۆری‌ نه‌وتبه‌ری‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ توركیا له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی‌ كۆمپانیای‌ سۆمۆی‌ عیراقی‌.

رێككه‌وتنه‌كه‌ دوای‌ بڕینی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم هات له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ به‌هۆی‌ ناكۆكیه‌كانیان له‌سه‌ر پرسی‌ نه‌وت‌و بودجه‌، به‌ڵام خاڵه‌كانی‌ جێبه‌جێنه‌كراون‌و هه‌ولێر له‌ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆ نه‌وتی‌ خۆی‌ هه‌نارده‌كرد‌و فرۆشتی‌.

كاوه‌ محه‌مه‌د ده‌ڵێت به‌شێك له‌خاڵه‌كانی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ وه‌ك گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی‌ كوتله‌ی‌ كوردستانی‌ كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ئامانجی‌ سه‌ردانه‌كه‌ش به‌ده‌ستهێنانی‌ پشتیوانی‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كانه‌ بۆ رێككه‌وتنه‌كه‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كه‌.

به‌پێی‌ رێككه‌وتنی‌ یه‌كێـتی‌‌و گۆڕان، هه‌ردوولا پابه‌ندن به‌ دروستكردنی ئیئتیلافێك بۆ فراكسیۆنه‌كانیان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان‌و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌ مه‌به‌ستی هاوهه‌ڵوێستی سیاسی و یاسایی.

به‌ختیار شاوێس وتی‌ "ئێمه‌ هیچ داواكاریه‌كی دیاریكراومان له‌لایه‌نه‌ عیراقیه‌كان نه‌بووه‌، به‌ڵام جگه‌ له‌رونكردنه‌وه‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوان گۆڕان‌و یه‌كێتی گرنگه‌ رای ئه‌وانیش له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ بزانین".

شانده‌ سبه‌ینێ‌ دووشه‌ممه‌، جگه‌ له‌نوری‌ مالیكی‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سایه‌تی‌‌و لایه‌نێكی‌ تری‌ عیراقیش كۆده‌بنه‌وه‌.

له‌كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ حه‌ممار حه‌كیم، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ بالاَی‌ ئیسلامی‌ كه‌ دوێنێ‌ به‌رێوه‌چوو باشی‌ پرسی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌رێم كراوه‌، كه‌ ماوه‌یه‌ جێگه‌ی‌ مشتومڕی‌ لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كانه‌.

كاوه‌ محه‌مه‌د  وتی‌ "عه‌ممار ئه‌لحه‌كیم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بوو كورد ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی بكات، چونكه‌ ده‌كه‌وێته‌ دۆخێكه‌وه‌ نه‌ ده‌تونێت پێش بكه‌وێت تا سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نێت، نه‌ ده‌شتوانێ بگه‌ڕێته‌وه‌ دواوه‌".

شانده‌ هاوبه‌شه‌كه‌ پێكهاتوون له‌ئاڵا تاڵه‌بانی، به‌ختیار شاوه‌یس‌و شوان داودی له‌فراكسیۆنی یه‌كێتی، له‌گه‌ڵ هۆشیار عه‌بدوڵا، كاوه‌ محه‌مه‌دو سروه‌ عه‌بدولواحید له‌فراكسیۆنی گۆڕان.

سه‌ردانه‌كه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌دێت، له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و له‌رێی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هاوبه‌شی‌ هه‌ردوولاوه‌، یه‌كێتی‌‌و گۆڕان پرسی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا تاووتوێكرد.

رێككه‌وتنی‌ سیاسی‌ نێوان گۆڕان‌و یه‌كێتی‌، 17ی مانگی رابردوو له‌مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا به‌ئاماده‌بونی نوێنه‌ری وڵاتان‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌شاری جوان له‌سلێمانی به‌فه‌رمی راگه‌یه‌ندرا، دوای ئه‌وه‌ی نیوه‌ڕۆی هه‌مان رۆژ له‌ماڵی مام جه‌لال له‌ده‌باشان له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فا، رێكخه‌ری گشتی گۆڕان‌و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتیه‌وه‌ واژۆكرا.

رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ 11 به‌ش‌و 25 مادده‌ پێكهاتووه‌، تێیدا تێڕوانینی‌ هاوبه‌شی‌ خۆیان خستووه‌ته‌ڕوو ده‌رباره‌ی‌ پرسه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌حزب، ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، عێراق‌و ناوچه‌كه‌ له‌رووه‌ سیاسی‌‌و ئابورییه‌كانه‌وه‌.


ئه‌م بابه‌ته 13685 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM