ئه‌گه‌ر پارتی‌ پێشوازی‌ له‌وه‌فدی‌ هاوبه‌شی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان نه‌كات چی‌ رووده‌دات؟


خه‌ندان

حزبه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، تێڕوانینی‌ جیاوازیان هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی‌ چۆنیه‌تی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ سیاسیه‌كان ئه‌گه‌ر پارتی‌ ئاماده‌نه‌بوو له‌گه‌ڵ وه‌فدی‌ هاوبه‌شی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان كۆببێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ دۆخه‌كه‌ به‌بنبه‌ست ناگات به‌ڵام له‌ئێستادا ورده‌كاری‌ زیاتر باسناكه‌ن.

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، تائێستا ئاماده‌یی‌ نیشان نه‌داوه‌ بۆ پێشوازی‌ له‌سه‌ركردایه‌تی‌ هاوبه‌شی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا ئه‌و دوو حزبه‌ به‌فه‌رمی‌ داواكارییه‌كیان بۆ ئه‌نجامدانی‌ كۆبوونه‌وه‌ ئاڕاسته‌كرد.

داواكارییه‌كه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هاوبه‌شی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان بۆ پارتی‌، له‌چوارچێوه‌ی‌ زنجیره‌یه‌ك سه‌رداندا دێت بۆ لای‌ زۆرینه‌ی‌ پارته‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ئامانجی‌ روونكردنه‌وه‌ی‌ رێككه‌وتنی‌ نێوان هه‌ردوولا.

فازیل به‌شاره‌تی‌، ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌كردایه‌تی‌ پارتی‌ له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌مووكات حزبه‌كه‌ی‌ ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ كۆبێته‌وه‌، به‌خه‌ندانی‌ وت "پارتی‌ هیچ كێشه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ نیه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر داواكه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕانیش بۆ كۆبونه‌وه‌ ره‌تبكرێته‌وه‌ ئه‌وا دۆخه‌كه‌ به‌ بنه‌ست ناگات".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، كه‌ تائێستا پارتی‌ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان به‌جیا له‌پارتی‌ ره‌تناكاته‌وه‌، به‌لاَم "پارتی‌ كێشه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان هه‌یه‌‌و پێویستناكات یه‌كێتی‌ خۆی‌ لێ بئاڵێنێت".

په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوان گۆڕان‌و پارتی‌ له‌ مانگی‌ 10ی‌ ساڵی‌ رابردوودا گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ ئاڵۆزی‌، كاتێك رێگه‌نه‌درا سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ولێر‌و وه‌زیره‌كانی‌ گۆڕانیش له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم دوورخرانه‌وه‌، له‌وكاته‌ بارگرژییه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وامی‌ هه‌یه‌.

ساماڵ عه‌بدولاَ، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هاوبه‌شی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان (له‌پشكی‌ گۆڕان) پێیوایه‌ پارتی‌ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ ده‌گۆڕێت‌و كۆبونه‌وه‌ ره‌تناكاته‌وه‌، به‌خه‌ندانی‌ وت "به‌رای‌ من پارتی‌ نه‌رمی‌ ده‌نوێنێت‌و دۆخه‌كه‌ ده‌گۆڕێت، باوه‌ڕ ناكه‌م دۆخه‌كه‌ هه‌روه‌ها به‌چه‌قه‌بستوویی‌ بمێنێته‌وه‌".

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جه‌ختیكرده‌وه‌ "ئه‌گه‌ر پارتی‌ قبوڵی‌ نه‌كرد له‌گه‌ڵمان كۆبێته‌وه‌ ئێمه‌ (سه‌ركردایه‌تی‌) هاوبه‌ش له‌كاری‌ خۆیان به‌رده‌وام ده‌بین".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر زیاد له‌جارێك له‌زاری به‌رپرسه‌ باڵاكانیه‌وه‌ جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی، ئاماده‌نین له‌گه‌ڵ وه‌فدی هاوبه‌شی یه‌كێتی‌و گۆڕان پێكه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌ به‌ڵام به‌جیا گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن.

سامان گه‌رمیانی‌، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هاوبه‌شی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان (له‌پشكی‌ یه‌كێتی‌) بۆ خه‌ندان وتی‌ "بڕواناكه‌م گفتوگۆكان به‌ بنبه‌ست بگات، جارێ‌ چاوه‌رێی‌ پارتی‌ ده‌كه‌ین با وه‌لاَم بداته‌وه‌ ئه‌وكاته‌ قسه‌ی‌ خۆمان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر وه‌لاَمی‌ پارتی‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ نه‌خێر بوو ئه‌وكات  چاره‌سه‌رێك هه‌رده‌بێت‌و دۆخه‌كه‌ هه‌روا نامێنێته‌وه‌".

به‌بڕوای‌ گه‌رمیانی‌، پێده‌چیت پارتی‌ بۆچونی‌ گۆڕابێت‌و نه‌رمی‌ بنوێنێت، چونكه‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانی‌‌و عێراقیه‌كانیش پێشوازییان له‌رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و گۆڕان كردووه‌.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، رۆژێك دوای واژۆكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ كۆبووه‌وه‌‌و له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا 18ی مانگی رابردوو، به‌چه‌ندین ره‌خنه‌‌و تێبینی‌ هه‌ڵوێستی‌ خۆیان خسته‌ڕوو، ره‌تیانكرده‌وه‌ خاڵه‌كانی‌ هیچ رێككه‌وتنێك به‌بنه‌مای‌ به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی سیاسی‌و ئیداریی له‌هه‌رێم دابنێت، جه‌ختیان له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ له‌رێككه‌وتنه‌كه‌دا ره‌چاوی هه‌وڵێك ده‌كرێت بۆ فراوانكردنی ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كان.

هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك له‌ماده‌كانی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، به‌تایبه‌ت پرسی‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌‌و چۆنیه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ پارتیدا دژبه‌یه‌كن، به‌ڵام چه‌ندینجار به‌رپرسانی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان جه‌ختیانكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ دژی‌ هیچ لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ نیه‌‌و نابێته‌ جێگره‌وه‌ی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ ستراتیژی‌.

یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌ساڵی‌ 2007دا رێككه‌وتننامه‌ی‌ ستراتیژییان واژۆكرد بۆ به‌رێوه‌بردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌هاوبه‌شی‌، تائێستاش چه‌ندینجار له‌هه‌ردولاوه‌ باس له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ كراوه‌.

7ی‌ ئه‌م مانگه‌، مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ له‌پاڵ دیاریكردنی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕان، وه‌فدێكی جیای‌ پێكهێنا بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ پارتی‌و تائێستاش یه‌ك كۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌.

سه‌ركردایه‌تیه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان، له‌م مانگه‌دا سه‌ردانی‌ زۆربه‌ی‌ لایه‌ن‌و پێكهاته‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان كرد، له‌رێی‌ وه‌فدێكی‌ فراكسیۆنه‌كانیشیانه‌وه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عیراق رێككه‌وتنه‌كه‌یان بۆ كه‌سایه‌تی‌‌و حزبه‌كانی‌ به‌غدا رونكرده‌وه‌، به‌وته‌ی‌ خۆیان هه‌موان پشتگیرییان نیشانداوه‌.


سه‌ركردایه‌تیه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان

سه‌ره‌تای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ قه‌یرانی‌ سیاسی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گفتوگۆكانی‌ پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پێنج حیزبی‌ سه‌ره‌كی‌ (پارتی‌، یه‌كێتی‌، گۆڕان، كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو) له‌ نۆ كۆبونه‌وه‌ی‌ پێنجقۆڵیدا نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن.

له‌ماوه‌ی‌ یه‌ك ساڵی‌ رابردوودا، چه‌ندین ده‌ستپێشخه‌ری‌‌و نێوه‌ندگیری‌ ناوخۆیی‌‌و ده‌ره‌كی‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ سیاسیه‌كان كراوه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌بووبێت.

له‌ئێستادا، یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ سه‌رقاڵی‌ ئاماده‌كردنی‌ نوێترین پرۆژه‌‌و ده‌ستپێخه‌رییه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان‌و كۆكردنه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان.

جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كگرتوو به‌خه‌ندانی‌ وت "كێشه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی‌ كێشه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ قوڵ نین، به‌ڵام ئه‌وكات كێشه‌كان چاره‌سه‌ركران بۆیه‌ ئێستاش سیناریۆی‌ چاره‌سه‌ر هه‌یه‌"، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بچێته‌ ورده‌كاریه‌وه‌.

به‌بڕوای‌ ئه‌و "ته‌نیا یه‌ك سلاَو له‌نێوان كاك نه‌وشیروان‌و كاك مه‌سعود، هه‌موو كێشه‌كان یه‌كلاییده‌كاته‌وه‌".

سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی‌ یه‌كگرتوو ده‌ڵێت بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان سه‌ره‌تا پێویسته‌ ئیراده‌یه‌كی‌ ناوخۆیی‌ هه‌بێت "بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ ده‌ره‌كی‌ له‌ ناوخۆی‌ كوردستان نه‌هێڵێت، چونكه‌ ولاَتانی‌ ده‌وروبه‌ر رۆڵێكی‌ نه‌رێنی‌ ده‌گێڕن له‌سه‌ر دۆخی‌ هه‌رێم".

پێشیوایه‌ پێویست ناكات گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ به‌یه‌ك وه‌فدی‌ هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ پارتی‌ كۆببنه‌وه‌، چونكه‌ "پارتی‌ كێشه‌ی‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان هه‌یه‌ نه‌ك یه‌كێتی‌".

سه‌ركردایه‌تی‌ هاوبه‌شی‌ یه‌كێتی‌و گۆڕان، سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌ له‌ 12 ئه‌ندامی‌ هه‌ردوولا پێكهێنرا، به‌ئامانجی‌ هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوونی جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی‌ نێوانیان.

رێككه‌وتنی‌ سیاسی‌ نێوان گۆڕان‌و یه‌كێتی‌، 17ی مانگی رابردوو له‌مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا به‌ئاماده‌بونی نوێنه‌ری وڵاتان‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌شاری جوان له‌سلێمانی به‌فه‌رمی راگه‌یه‌ندرا، دوای ئه‌وه‌ی نیوه‌ڕۆی هه‌مان رۆژ له‌ماڵی مام جه‌لال له‌ده‌باشان له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فا، رێكخه‌ری گشتی گۆڕان‌و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتیه‌وه‌ واژۆكرا.



رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ 11 به‌ش‌و 25 مادده‌ پێكهاتووه‌، تێیدا تێڕوانینی‌ هاوبه‌شی‌ خۆیان خستووه‌ته‌ڕوو ده‌رباره‌ی‌ پرسه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌حزب، ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، عێراق‌و ناوچه‌كه‌ له‌رووه‌ سیاسی‌‌و ئابورییه‌كانه‌وه‌.


ئه‌م بابه‌ته 53790 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌پارتی‌‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM