ئەوەی رازی بێت لەم شارۆچكەیە كاربكات 230 هەزار دۆلار وەردەگرێت

كایتینگادا ئەو شارۆچكەیەی پێویستی بە دەستی كارە

خەندان- 

كایتینگادا كە شارۆچكەیەكی بچووكی باشووری دوورگەی نیوزیلەندایە، كێشەیەكی جیاوازی هەیە كە خۆی لە زۆری هەلی كار و زۆری ماڵ و خانوو، لەگەڵ كەمی دانیشتواندا دەبینێتەوە. 

بەپێی راپۆرتێكی گاردیان، كە ئەمڕۆ  چوار شەممە بڵاوكراوەتەوە، ئەو شارۆچكە بچوكەی نیوزیلەندا، پارە و ماڵ و زەوییەكی باش بۆ هاندانی خەڵگ نمایش دەكات تا ژیان لە شارۆچكەكە دروست بكەن. 
 
دانیشتوانی كایتینگادا كە ژمارەیان نزیكەی 800 كەس دەبێت، هەڵمەتێكیان بۆ خستنەڕووی هەلی كار  و هێنانی دانیشتوانی نۆێ‌ دەستپێكردووە. 

هەڵمەتەكە خۆی لەپێشكەشكردنی خانوو، پارچە زەوییەك لە ناوچە گوندنشینەكان، بڕی نزیكەی 230 هەزار دۆلاردا دەبینێتەوە تا خەڵك رابكێشێت و لە ژیانی پڕ لە ژاوەژاوی شارەكان قوتار بكات و بۆ ژیان لەو جێگەیەدا پەلكێشیان بكات. 

بریان كادوگان سەرۆكی شارەوانی ناوچەی كلوتایە كە كایتنیگادای تێدایە دەڵێت، زیاتر لە 1000 هەلی كار لە ناوچەكەدا هەیە و دانیشتوان ناتوانن ئەو شوێنی كارانە پڕبكەنەوە. 

 وتیشی " كاتێك بێ‌ كاربووم و خێزانێكم هەبوو كە بەرپرس بوم بەرانبەری، كلوتا ئەو هەلەی پێدام، بۆیە منیش دەمەوێت ئەو هەلە ببەخشمە خێزانە نیوزیلەندییەكان كە ژیانیان لە شارەكاندا ناخۆشە و بێ‌ كارن". 
 
كارو پیشەی دانیشتوانی كلوتا زیاتر لە بوارەكانی پیشەسازی شیرەمەنی و بەستەنیدا خۆی دەبینێتەوە و چەندان ساڵە ناچارن كرێكار لە سەنتەری پارێزگاكانی ترەوە بهێنن بۆ ناوچەكە كە ماوەیەكی زۆر دوورە لێوەیان. 

كادوگان كە لەو ناوچەیە لەدایكبووە دەڵێت "شێوازی ژیانی خێزانەكانی نیوزلەندا نیگەرانی كردووم، چونكە لەمڕٍۆدا فەراهەمكردنی خانوو لەگەڵ دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیان بۆ خێزان  لە شارەكاندا قورسە و ژیان بووەتە زەلكاوێك بۆیان، ئەوەش زۆر خەمبارم دەكات". 

ئيڤان دیك كە لە بواری پیشەسازی شیرەمەنیدا كار دەكات و لە نەوەی سێیەمی ئەوانەیە كە لە كایتنگادا نیشتەجێن و بەشداریی لە هەڵمەتی رەخساندنی هەلی كاردا دەكات بە پێشكەشكردنی خانوو لەگەڵ زەوی  و خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی، ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت لەپێناو هێنانی كرێكارێك كە خواستی هەیە بێتە شارۆچكەكەیان. 

دیك دەڵێت "قەیرانی نیشتەجێ‌ لە نیوزلەندا،  بەدیهێنانی خەونی خەڵكی قورس كردووە، بەڵام كاتینگادا ئەو خەونەیان بۆ بەدیدەهێنێت، كۆمەڵگە لێرە لەسەر شێوازێكی كۆن ژیان بەسەر دەبەن، ئێمە دەرگاكانمان داناخەین و منداڵەكانمان بەوپەڕی ئازادییەوە لە دەرەوە یاریی دەكەن".

وتیشی "كار و خانووی زۆرمان هەیە، بەڵام خەڵێكی كەم لە ناوچەكەدا هەیە، ئەوەی دەمانەوێت ئەوەیە ژیان جوڵەی تێبكەوێت و بۆ ئەو مەبەستەش باوەشمان كراوەیە". 
  

ئه‌م بابه‌ته 93102 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM