كۆنسوڵی گشتی ئه‌مریكا بۆ خه‌ندان: ده‌مانه‌وێت له‌خه‌رجكردنی هاوكاری دارایی ئه‌مریكا بۆ پێشمه‌رگه‌ شه‌فافیه‌ت هه‌بێت

ماتیاس میتمه‌ن كۆنسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر

خه‌ندان- فازڵ هۆرامی

ماتیاس میتمه‌ن، كۆنسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی درێژخایه‌نیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بێت، ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی‌ نیشانده‌دات له‌دابینكردنی به‌شێكی به‌رچاو له‌هاوكاری دارایی مانگانه‌ی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه‌ له‌شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی موسڵدا به‌شداری ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌ڵێت ده‌یانه‌وێت له‌خه‌رجكردنی هاوكارییه‌ داراییه‌كان بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ شه‌فافیه‌ت هه‌بێت.

ئه‌و وتانه‌ی‌ كۆنسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر له‌میانه‌ی‌ چاوپێكه‌وتنێكدا دێت له‌گه‌ڵ خه‌ندان، كه‌ تیایدا باس له‌چه‌ند ته‌وه‌رێك ده‌كات كه‌گرنگترینیان شه‌ڕی ئازادكرنه‌وه‌ی‌ موسڵ‌و هاوكارییه‌كانیان بۆ پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ عیراقییه‌كان، له‌گه‌ڵ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم‌و ناوه‌ند‌و ده‌ڵێت "ئه‌مریكا هاوبه‌شی ستراتیژی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی... رێككه‌وتننامه‌ی چوارچێوه‌ی ستراتیژی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێكه‌ له‌و ڕێككه‌وتنه‌".

ماتیاس میتمه‌ن، كه‌ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ ساڵێكه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ی‌ وه‌رگرتووه‌و پێشتریش سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌، به‌ر له‌چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ وتی كه‌ گرنگترین شت له‌و ماوه‌یه‌ی‌ ده‌ستبه‌كاربووه‌ سه‌ركه‌وتنیان بووه‌ له‌شه‌ڕ له‌دژی داعش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ پشتیوانێكی به‌هێزی پێشمه‌رگه‌ بووین.

میتمه‌ن كه‌ به‌ئازاو بوێر وه‌سفی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ده‌كرد له‌تێكشكانی چه‌كدارانی داعش، بۆ ئه‌وه‌ش نمونه‌ی‌ شه‌هیده‌كانی ده‌هێنایه‌وه‌، وتی وڵاته‌كه‌ی‌ به‌بڕی 415 ملیۆن دۆلاری دیاریكردووه‌ بۆ هاوكاری دارایی مانگه‌ پێشمه‌رگه‌ (ستایپند)، به‌ڵام له‌چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا ده‌ڵێت "ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌خه‌رجكردنی هاوكاری دارایی حكومه‌تی ئه‌مریكا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ شه‌فافیه‌ت هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابین كه‌ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ خه‌رج ده‌كرێت كه‌به‌شدارن له‌شه‌ڕی دژی داعش... به‌ڵام شاره‌زایانی دارایی ئێمه‌ هاتوون بۆ ئێره‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و سیستمه‌ی ئێستادا موچه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی پێده‌درێت".


ماتیاس میتمه‌ن كۆنسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر لەکاتی تاقیکردنەوەی خواردنی کوردەواریدا

چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ئه‌مه‌ریكا هاوكارییه‌كی زۆری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن له‌شه‌ڕی داعشدا له‌پێدانی هاوكاری سه‌ربازی‌و دارایی‌و مه‌شق‌و راهێنان، هه‌روه‌ها له‌شه‌ڕیشدا له‌ڕێی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانه‌وه‌ رۆڵی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یان هه‌یه‌.

له‌باره‌ی‌ شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی‌ موسڵیش به‌پَویستی ده‌زانێت فه‌رمانده‌یه‌كی یه‌كگرتوو هه‌بێت له‌چوارچێوه‌یه‌ی‌ كۆمیته‌یه‌كدا "نوێنه‌ری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و به‌دڵنیاییه‌وه‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان  به‌شێك ده‌بن له‌م كۆمیته‌یه‌".

ماتیاس میتمه‌ن، له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی‌ دوای 10 ساڵی تر ئه‌گه‌ر بێته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان حه‌زده‌كات چ گۆڕانكاریی روویدابێت وتی "ئه‌وه‌ی پێمخۆشه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا بیبینم هه‌رێمێكه‌ كه‌تیایدا خه‌ڵكی خاوه‌نی ته‌واوی مافه‌كانی مرۆڤ‌و مافه‌ سیاسیه‌كانیان-بن‌و توانای گوزارشتكردنی ئه‌م مافانه‌یان له‌پرۆسه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه‌دا هه‌بێت. هه‌رێمێك كه‌مه‌ترسیی ئه‌منیی ده‌ره‌كی یاخود ناوخۆیی تیرۆریستانی له‌سه‌ر نه‌بێت".

ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌
خه‌ندان: پێموایه‌ ئێستا سه‌ره‌كیترین پرسیار، پرسیاری گرتنه‌وه‌ی موسڵ بێت، چونكه‌ فه‌لوجه‌ به‌ته‌واوه‌تی رزگار كرا، مه‌نبه‌ج خه‌ریكه‌ به‌ته‌واوه‌تی رزگار ده‌كرێت‌و هه‌روه‌ها رومادی رزگار كرا. ئێوه‌ له‌سه‌ر پلانی چۆنیه‌تی رزگاركردنی موسڵ چیتانكردووه‌و به‌كوێ گه‌یشتوون؟

ماتیاس میتمه‌ن: من باسی ورده‌كاری پلانی رزگاركردنی موسڵ ناكه‌م، نامه‌وێت پلانه‌كانی خۆمان بۆ داعش ئاشكرابكه‌ین‌و بزانن به‌نیازی چین‌و پلانه‌كانمان چییه‌... حكومه‌تی ئه‌مریكا به‌هۆی بۆردۆمانی ئاسمانی هێزه‌كانی داعش رۆژانه‌ نزیك 10 تا 11 میلیۆن دۆلاری خه‌رجی كردوه‌و ئه‌و بۆردۆمانه‌ ئاسمانیانه‌ توانیویانه‌ ئاراسته‌ی گۆڕه‌پانی شه‌ڕ ده‌ستنیشان بكه‌ن.

بۆردۆمانی ئاسمانی ئه‌مریكا بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی توانای به‌رگری هێزه‌كانی داعش كه‌مبێته‌وه‌، به‌شێكی زۆر له‌چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌و كه‌لوپه‌لیان له‌ناوبچێت‌و یارمه‌تی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی ئه‌منی عیراق ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی به‌تێچوویه‌كی گیانی كه‌م، ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی داعش ئازاد بكه‌ن.

 ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین ڕاده‌ی هاوكاری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی ئه‌منی عێراق له‌گه‌ڵ یه‌كتر زیاتر بكه‌ین، هه‌فته‌ی رابردوو فالح فه‌یاز، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عیراق له‌هه‌ولێر بوو و له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی رزگاركردنی موسڵ‌و به‌تایبه‌تی هاوكاری نێوان لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی موسڵ ئێمه‌ش وه‌كو ئه‌مریگا به‌شداریمان كردووه‌. ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تی ئه‌مریكا له‌ شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی موسڵ، هێزی پشتیوان ده‌بین‌و هێزه‌كانی ئه‌منی عیراق، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و كۆمه‌ڵێك هێزی چه‌كداری رێكخراو پێكهاتوو له‌دانیشتوانی ناوچه‌كانی موسڵ له‌و شه‌ڕه‌دا به‌شداری ده‌كه‌ن. هه‌ڵبه‌ت دانیشتنی زیاتر له‌سه‌ر به‌شداری هێزه‌كانی چه‌كداری دانیشتووی موسڵ له‌شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی موسڵ ئه‌نجامده‌درێت، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌هێزه‌كانی چه‌كداری سوننی به‌شدارده‌بن، ره‌نگه‌ ژماره‌یه‌ك چه‌كداری ئێزدی‌و كریستیان-یش له‌و شه‌ڕه‌دا به‌شداری بكه‌ن.

خه‌ندان: رۆڵی هێزه‌كانی شیعه‌ له‌شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی موسڵ چ ده‌بێت؟
ماتیاس میتمه‌ن: من پێموایه‌ ئه‌وه‌ بابه‌تێكه‌ پێویسته‌ حزبه‌كانی عیراق چه‌ند دانیشتنێكی له‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام به‌شی سه‌ره‌كی هێزه‌كانی چه‌كدار له‌شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی موسڵ له‌دانیشتوانی پارێزگای نه‌ینه‌واو موسڵ ده‌بن. بیرۆكه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌دوای تێكشكانی سه‌ربازی داعش له‌موسڵ، پێویسته‌ كۆمه‌ڵێك هێزی ئه‌و ناوچانه‌ هه‌بن كه‌شاره‌زای ناوچه‌كه‌ن‌و ئه‌و ناوچانه‌یان بۆ گرنگ بێ تابتوانن ئاسایش‌و یاسا له‌و شوێنانه‌ دابین بكه‌ن. ئێمه‌ له‌ئێستادا هه‌وڵده‌ده‌ین كه‌ئه‌و هێزه‌ خۆجێیانه‌ بۆ شه‌ڕی داعش له‌موسڵ ده‌ستنیشان بكه‌ین یان له‌ژێر فه‌رمانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌بن یان له‌ژێر فه‌رمانی هێزه‌كانی ئه‌منی عێراق. تاكو ئێستا چه‌ند هه‌زار هێزی چه‌كداری خۆجێی بۆ شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی موسڵ دیاریكراوه‌و چه‌ند هه‌زار هێزی خۆجێی دیكه‌ش ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها پێویسته‌ ئه‌وه‌ دیاریبكرێت كه‌ ئه‌و هێزانه‌ له‌كوێ راهێنانیان پێده‌كرێت، چۆن چه‌كدار ده‌كرێن، چۆن موچه‌یان پێده‌درێت‌و له‌چ به‌شێك له‌ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی موسڵ به‌شداری ده‌كه‌ن.

خه‌ندان: ئایا ره‌وایه‌ بڵێین كه‌دوو بنكه‌ی فه‌رمانده‌یی هه‌بێت: فه‌رمانده‌ییه‌كی عیراق‌و فه‌رمانده‌ییه‌كی كورد له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئه‌مریكا وه‌كو هاوبه‌شێكی دووقۆڵی له‌نێونیاندا؟
ماتیاس میتمه‌ن: من پێموایه‌ پێویسته‌ فه‌رمانده‌یه‌كی یه‌كگرتوو هه‌بێت‌و فه‌رمانده‌یی یه‌كگرتوو بریتییه‌ له‌و كۆمیته‌یه‌ی كه‌ئه‌وان دروستیان كردووه‌. له‌م كۆمیته‌یه‌دا نوێنه‌ری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و به‌دڵنیاییه‌وه‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان  به‌شێك ده‌بن له‌م كۆمیته‌یه‌، چونكه‌ له‌دابینكردنی هێزی ئاسمانی كه‌پێویسته‌ به‌هه‌مئاهه‌نگی جێبه‌جێ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕووداوی ته‌قه‌كردنی به‌هه‌ڵه‌ی لێنه‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌روه‌ها تۆ پێویسته‌ بزانی له‌كوێ یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌سه‌ر زه‌وی پێویستیان به‌هێزی ئاسمانی هه‌یه‌.

 خه‌ندان: له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ حكومه‌تی ئه‌مریكا تاچه‌ند به‌نیازه‌ هاوكاری بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دابین بكات؟
ماتیاس میتمه‌ن: ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تی ئه‌مریكا ڕاهێنانمان به‌دوو لیوای پێشمه‌رگه‌ كردوه‌ كه‌شیمانه‌ ده‌كرێت بۆ هه‌ر لیوایه‌ك 70 ملیۆن دۆلار پاره‌ خه‌رجكرابێت. ئێمه‌ وتومانه‌ كه‌ تا 415 ملیۆن دۆلار بۆ پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ خه‌رج ده‌كه‌ین. ئامانجی ئێمه‌ له‌و پشتیوانیه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئاستی كارامه‌یی‌و توانایی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌به‌ری پێشه‌وی شه‌ڕی داعشدان، به‌رده‌وام بێت. ئه‌وه‌ی كه‌چه‌ند پێشمه‌رگه‌ بۆ چ ماوه‌یه‌ك‌و به‌ چ موچه‌یه‌ك له‌شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی موسڵ‌و تێكشكانی داعش به‌شداری ده‌كه‌ن تاكو ئێستا ڕوون نیه‌و پێویسته‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ كه‌ریم سه‌نجاری وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌وه‌كاله‌ت  كار بكه‌ین. به‌ڵام بێگومان حكومه‌تی ئه‌مریكا تاووتوێی دابینكردنی به‌شێكی به‌رچاو له‌هاوكاری دارایی مانگانه‌ی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ ده‌كات كه‌ له‌شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی موسڵدا به‌شداری ده‌كه‌ن. بڕوامانوایه‌ كه‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له‌به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌و كاریگه‌ریی شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ دژ به‌داعش.

خه‌ندان: ئێوه‌ جێگه‌ له‌هاوكاری دارایی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، هه‌ندێك كه‌لوپه‌لی دیكه‌تان بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ر دابینكردوه‌. سه‌رجه‌م هاوكاری ئه‌مریكا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ چه‌نده‌ ده‌بێت؟
ماتیاس میتمه‌ن: ئێمه‌ خواردن، سوته‌مه‌نی، ته‌قه‌مه‌نی‌و چه‌كمان بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی دابین كردوه‌. ئه‌گه‌ر هاوكاری ئه‌مریكا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕ له‌دژی داعش له‌مانگی حوزه‌یرانی 2014  له‌به‌رچاوبگرین، ئه‌و هاوكارییانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و 415 ملیۆن دۆلاره‌ نزیك یه‌ك ملیار دۆلار ده‌بێت.

خه‌ندان: له‌كاتێكدا كه‌ ئێوه‌ ئه‌م هاوكارییانه‌ بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان دابین ده‌كه‌ن، هیچ میكانیزمێك بۆ به‌فیڕۆنه‌چوونی ئه‌و پاره‌یه‌ بوونی هه‌یه‌؟
ماتیاس میتمه‌ن: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ین كه‌ئه‌و رێگایانه‌ ده‌ستنیشان بكه‌ن كه‌حكومه‌تی ئه‌مریكا ده‌توانێت چاودێری خه‌رجكردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بكات كه‌ئه‌مریكا بۆ هاوكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دیاریكردوه‌. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌خه‌رجكردنی هاوكاری دارایی حكومه‌تی ئه‌مریكا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ شه‌فافیه‌ت هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابین كه‌ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ خه‌رج ده‌كرێت كه‌به‌شدارن له‌شه‌ڕی دژی داعش.

ئێمه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی هاوكاری دارایی ئه‌مریكا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ سه‌رقاڵی دانوستان‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی چه‌ند رێگه‌چاره‌یه‌كین، تاكو ئێستا بڕیاری كۆتاییمان نه‌داوه‌، به‌ڵام شاره‌زایانی دارایی ئێمه‌ هاتوون بۆ ئێره‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و سیستمه‌ی ئێستادا له‌هه‌رێمی كوردستان موچه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی پێده‌درێت.

هه‌روه‌ها ئه‌و شاره‌زایانه‌ سه‌یری ئه‌وه‌یان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانن چۆن ده‌كرێت ئه‌و هاوكارییه‌ی ئه‌مریكا به‌باشترین شێوه‌و به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فاف خه‌رج بكرێت‌و بگاته‌ ده‌ست ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌شه‌ڕی داعش به‌شدارن.

خه‌ندان: ئایا تۆ نیگه‌رانی له‌باره‌ی ئاستی گه‌نده‌ڵی له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا به‌گشتی، به‌ڵام له‌ناو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا به‌تایبه‌تی؟ چونكه‌ زۆرجار وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ وه‌كو یه‌كێك له‌وه‌زاره‌ته‌ گه‌نده‌ڵه‌كان ئاماژه‌ی پێده‌كرێت؟
ماتیاس میتمه‌ن: تۆ ده‌زانی ئێمه‌ به‌به‌رده‌وامی په‌ره‌ به‌فه‌رمانڕه‌وایی باش ده‌ده‌ین‌و ئێمه‌ باوه‌ڕمان وایه‌ فه‌رمانڕه‌وایی باش شتێكی ته‌ندروسته‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌موو بوارێكدا له‌سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كاندا. ئێمه‌ ڕاوێژكاری ته‌كنیكیمان دابین كردووه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی، له‌گه‌ڵ قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیراندا كارمان كردووه‌ تا له‌چه‌ند ڕێگایه‌كه‌وه‌ بتوانین سیستمی فه‌رمانبه‌ران‌و پشتبه‌ستنیان به‌داهاتی دارایی گشتی باشتر بكه‌ین. بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤ چه‌ند باشتربوونێك هه‌یه‌ كه‌ده‌توانرێت جێبه‌جێ بكرێت كه‌سوودی ده‌بێت بۆ هه‌موو هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت یارمه‌تیده‌رو پشتیوانی ئه‌وانه‌ بین.

خه‌ندان: ئایا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌م پێشنیاره‌كانی ئێوه‌وه‌ هاتووه‌؟
ماتیاس میتمه‌ن: به‌ڵێ ئه‌وان به‌ده‌ممانه‌وه‌ هاتوون، له‌ڕاستیدا من حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌ بڵێم كه‌كه‌ریم سنجاری وه‌زیری پێشمه‌گه‌ به‌وه‌كاله‌ت ئه‌وه‌ی كردۆته‌ خاڵێكی گرنگ، ئه‌و ده‌یه‌وێت دڵنیابێته‌وه‌ له‌شه‌فافییه‌ت‌و لێپرسینه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان تێده‌گه‌ن كه‌ئه‌گه‌ر یارمه‌تی ئه‌مریكا لێره‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دیاریكراوه‌ به‌كارنه‌هێنرێت، ئه‌وا پاڵپشتی سیاسی له‌كۆنگرێس لاوازده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌داهاتوودا هاوكاری سه‌ربازییان پێبدرێت.

خه‌ندان: كه‌واته‌ چه‌ند هانده‌رێك هه‌یه‌ كه‌ شه‌فافتربن؟
ماتیاس میتمه‌ن: چه‌ند هانده‌رێك هه‌ن‌و باوه‌ڕمانوایه‌ كه‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان متمانه‌یه‌كی باشی له‌هه‌وڵه‌كانیدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م نیگه‌رانیانه‌ هه‌یه‌و ئێمه‌ش به‌دڵنیاییه‌وه‌ هاوكارییان ده‌كه‌ین.

خه‌ندان: به‌مدواییانه‌ رێككه‌وتنێكی نێوان گۆڕان‌و یه‌كێتی واژۆكرا، هه‌ندێك پێیانوایه‌ رێكه‌وتنێكی ئه‌رێنییه‌و هه‌ندێكی تریش پێیانوایه‌ بیرۆكه‌یه‌كی باش نییه‌، هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌م ڕێكه‌وتنامه‌یه‌ی نێوان دوو پارتی سیاسی سه‌ره‌كی چییه‌؟ ئایا ئه‌وه‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ چه‌قبه‌ستووه‌؟
ماتیاس میتمه‌ن: رێگام پێبده‌ چه‌ند شتێك ڕونبكه‌مه‌وه‌، من پێموایه‌ پێش هه‌موو شتێك جه‌ختكردنه‌وه‌ی سه‌ره‌كی ئێمه‌ لێره‌ بریتیه‌ له‌دڵنیابوونه‌وه‌ كه‌یه‌كێتی هه‌یه‌ له‌نێو پارته‌ سیاسییه‌كانی كوردستانداو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی شه‌ڕی دژی داعش ده‌كه‌ن.

پارته‌ سیاسییه‌كانی كوردستانیش درك ده‌كه‌ن به‌پێویستی ئه‌نجامدانی چاكسازی‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ دارایی‌و ئابوورییه‌كان كه‌ڕوبه‌ڕوی ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌بنه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و پارتانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاو هاوبه‌شه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی دیكه‌دا كاربكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ مرۆییه‌كان، به‌تایبه‌تی زیاتر له‌یه‌ك ملیۆن ئاواره‌ی ناوخۆیی‌و چه‌ند سه‌د هه‌زارێك ئاواره‌ی سوری كه‌ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین‌و ئێمه‌ یه‌كبوونمان بینیوه‌ له‌هه‌وڵه‌كاندا، ئێمه‌ باوه‌ڕمانوایه‌ گرنگه‌ پارته‌ سیاسییه‌كان یه‌كگرتوبن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و سێ كێشه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌سێ كێشه‌ی سه‌ره‌كی ده‌بینین كه‌ڕوبه‌ڕوی دانیشتوان ده‌بنه‌وه‌.

ئێستا كاتێك دێته‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی جیاوازییه‌ ناوخۆییه‌كان له‌نێوان پارته‌ سیاسیه‌كاندا، ئێمه‌ لایه‌نگیری هیچ لایه‌ك ناكه‌ین، هه‌ڵوێستی ئێمه‌ هه‌میشه‌ وابووه‌ كه‌پشتگیری پرۆسه‌ی دیموكراتی ده‌كه‌ین، ئێمه‌ پێمانوایه‌ هاوڵاتیان ده‌بێت به‌پێی پارته‌ سیاسییه‌كان نوێنه‌رایه‌تیان بكرێت كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانی ئه‌وان بێت. ئێمه‌ ژماره‌یه‌ك پارت سیاسی جیاواز له‌هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بینین ئێمه‌ ئه‌وه‌ش شتێكی ته‌ندروسته‌، ئه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌كی ته‌ندروسته‌ بۆ دیمۆكراسی، جیاوازی هه‌یه‌، ئێمه‌ هانیان ده‌ده‌ین هه‌وڵبده‌ن ئه‌و جیاوازییانه‌ له‌ڕێگای دیالۆگ‌و دانوستانی سیاسییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

 له‌ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا ئێمه‌ بینیمان ژماره‌یه‌كی زۆر دیالۆگ‌و دانوستان له‌ئارادابوو، ئێمه‌ باوه‌ڕمانوایه‌ ئه‌وه‌ ته‌ندروسته‌، ڕه‌نگه‌ به‌ره‌وپێشچوونی زۆر له‌چاره‌سه‌ركردنی هه‌ندێك له‌و كێشانه‌دا نه‌بووبێت به‌و شێوه‌یه‌ی ئێمه‌ حه‌زده‌كه‌ین ڕووبدات، به‌ڵام ئێمه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌كی سه‌خت‌و به‌رده‌وامه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك له‌ڕێگای دانوستانه‌وه‌و ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌هاندانیان بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌وه‌.

خه‌ندان: ئێستا سه‌باره‌ت به‌شه‌ڕی دژ به‌داعش له‌سوریاو عیراقدا دوو جۆر هێزی سه‌ره‌كیتان هه‌یه‌، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كه‌زۆرینه‌یان كوردن له‌سوریا، پێشمه‌رگه‌شتان لێره‌ هه‌یه‌. له‌م شه‌ڕه‌دا كورده‌كان هاوپه‌یمانێكی گرنگ بوون بۆ حكومه‌تی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان. چۆن پێناسه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كورد و حكومه‌تی ئه‌مریكا ده‌كه‌یت؟
ماتیاس میتمه‌ن: به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی باس له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌كه‌م كه‌ لێره‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌مانه‌، ئه‌مه‌ سنوری به‌رپرسیارێتیمه‌، من له‌سوریا به‌رپرس نیم‌و ته‌نها ده‌توانم له‌باره‌یه‌وه‌ لێدوانی گشتیت بۆ بده‌م.

په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر نزیكمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، په‌یوه‌ندیی رۆژانه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كاندا هه‌یه‌. هه‌روه‌ك ده‌زانیت، لێره‌ هێزی ئه‌مریكی هه‌ن كه‌ به‌شدارن له‌ئه‌نجامدانی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان‌و پشتیوانیی ئاسمانی، هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگیی رۆژانه‌شمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌. من ئه‌مه‌ وه‌ك هه‌وڵێكی به‌هێز، ئه‌رێنی و هاریكاری ده‌زانم، ناساندنی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شمان له‌ شكاندنی داعشدا هه‌یه‌.

 ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌و كاره‌ بكه‌ین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی له‌ده‌ستدانی گیانی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی و به‌ هه‌ماشێوه‌ گیانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراقیش. پێموایه‌ كه‌ هه‌ست به‌ گرنگیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌م شه‌ڕه‌دا ده‌كه‌ین. ده‌مه‌وێت ته‌نها ئه‌وه‌ بڵێم، كه‌ له‌م ساڵه‌ی لێره‌ بووم، ئاشتۆن كارته‌ر، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا دووجار هاتووه‌ته‌ هه‌ولێر، جۆ بایدن، جیگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا جارێك هاتووه‌، جه‌نه‌راڵی بڕیارده‌ری فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندی، له‌ماوه‌ی رابردوودا جه‌نه‌راڵ ئۆستن و ئێستاش جه‌نه‌راڵ ڤۆتڵ، زیاد له‌ شه‌ش جار هاتوونه‌ته‌ ئێره‌، نزیكه‌ی هه‌موو شه‌ش بۆ هه‌شت هه‌فته‌ جارێك.
هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا نیشانده‌ری ئه‌وه‌ن كه‌چه‌ند به‌گرنگییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی نێوان حكومه‌تی ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كان‌و حكومه‌تی هه‌رێم كوردستان ده‌نرخێنین.

خه‌ندان : پێتوایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ په‌یوه‌ندییه‌كی درێژخایه‌ن؟
ماتیاس میتمه‌ن: پێموایه‌ كه‌په‌یوه‌ندییه‌كی درێژخایه‌نمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بێت. نه‌ك ته‌نیا له‌لایه‌نی جێبه‌جێكاری حكومه‌ت به‌ڵكو له‌كۆنگریسیشه‌وه‌ خه‌ڵك هاتوون بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌م به‌ژماره‌ی ئه‌و وه‌فده‌ باڵایانه‌ی كۆنگرێس نه‌كرد كه‌هاتوونه‌ته‌ ئێره‌، له‌نێویاندا سه‌ركردایه‌تیی باڵا، كه‌ له‌لایه‌ن مێشل مككۆڵن سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كرێت. دوو كه‌سایه‌تیی ئاستبه‌رزی سیاسه‌تی به‌رگری‌و ده‌ره‌وه‌مان، سیناتۆر جۆن مه‌ككین‌و سیناتۆر لینسی گراهام، هه‌روه‌ها سیناتۆر ماركۆ رۆبیۆ. هه‌موو ئه‌م كه‌سانه‌ خواستێكی زۆریان بۆ هێشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌هێزی نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌. ته‌نها بۆ ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه‌ له‌پشت پرسیاره‌كه‌ته‌وه‌یه‌، ئێمه‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیمان له‌پێشه‌، كه‌ تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

له‌وه‌ده‌چێت كه‌ناوی پاڵێوراوان كۆتاییان هاتبێت. دۆناڵد تره‌مپ له‌كۆمارییه‌كان‌و هیلاری كلنتۆن له‌دیموكراته‌كان. پێموایه‌، كه‌ له‌هه‌ردوو پارته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌دا خواستێكی دوولایه‌نه‌ی به‌هێز بۆ هێشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عیراق‌و هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌و ئه‌مه‌ش پێده‌چێت به‌رده‌وامبێت، بێگوێدانه‌ ئه‌وه‌ی كام له‌كاندیدانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی تشرینی دووه‌م سه‌رده‌كه‌وێت.

خه‌ندان: ئایا ده‌توانین ئێستا بڵێین كوردستان هاوپه‌یمانێكی ئه‌مریكایه‌ وه‌كو توركیاو ئیسرائیل؟
ماتیاس میتمه‌ن: بوارم پێبده‌ جه‌خت له‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌ كه‌ئه‌مریكا هاوبه‌شی ستراتیژی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی دیكه‌دا، هه‌موو پابه‌ندبوونه‌كانی ئێمه‌ به‌پێی په‌یماننامه‌كانه‌، ئیتر له‌ناو ناتۆ  بێت یان په‌یماننامه‌ی دووقوڵی بێت له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ی خاوه‌ن سه‌روه‌ریدا. ئه‌مریكا رێككه‌وتننامه‌ی چوارچێوه‌ی ستراتیژی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێكه‌ له‌و ڕێككه‌وتنه‌، ئێمه‌ به‌رده‌وامده‌بین له‌درێژه‌پێدانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌ كه‌ئێمه‌ هه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق كه‌حكومه‌تی هه‌رێمش ده‌گرێته‌وه‌.

 به‌گوێره‌ی رێككه‌وتننامه‌ی چوارچێوه‌ی ستراتیژی. به‌دڵنیاییشه‌وه‌ ئه‌وه‌ بریتییه‌ له‌پاراستنی سه‌روه‌ریی له‌هه‌ردوو لایه‌نی دیپلۆماتی‌و سه‌ربازییه‌وه‌، ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌وه‌ زۆر به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر كارده‌كات‌و كاریگه‌ره‌ له‌شه‌ڕی دژی داعشدا. پێمانوایه‌ ئه‌وه‌ به‌رده‌وامده‌بێت بۆ مه‌شقپێكردنی سه‌ربازی كه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئێمه‌ په‌یوه‌ندی نزیكمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ عیراق‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا.

خه‌ندان: هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا بریتییه‌ له‌عیراقێكی یه‌كگرتوو، دیموكراسی‌و فیدراڵ؟
ماتیاس میتمه‌ن: ئه‌مه‌ راسته‌.

خه‌ندان: تۆ ماوه‌ی ساڵێكه‌ له‌عیراقدایت، پێشئه‌وه‌ی بێیته‌ عیراق چه‌ندێكت له‌ باره‌ی كوردو كوردستانه‌وه‌ ده‌زانی؟ ده‌زانم كه‌سێكی دیپلۆماتكاری‌و پێویسته‌ زۆرت خوێندبێته‌وه‌، چاوه‌ڕوانت ده‌كرد چی له‌هه‌رێمی كوردستان بدۆزیته‌وه‌؟
ماتیاس میتمه‌ن: به‌رله‌وه‌ی بێمه‌ ئێره‌، دوو ساڵم له‌به‌سره‌ به‌سه‌ربردو ئه‌و راپۆرتانه‌ی ماڵپه‌ڕی دیپلۆماتیك ترافیك-م ده‌خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌به‌غدادو هه‌ولێره‌وه‌ ده‌نوسران. پێش ئه‌وه‌، له‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی واشنتۆن خزمه‌تمكردووه‌. له‌ساڵی 2007دا سه‌ردانی عیراق و هه‌ولێرم كردو بۆچوونێكم بۆ دروستبوو كه‌ تاڕاده‌یه‌ك ئه‌رێنی بوو له‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

خه‌ڵكی ئێره‌ به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر پشتگیری له‌ئه‌مریكییه‌كان ده‌كه‌ن، خه‌ڵكی ئێره‌ زۆر هاوڕێیانه‌ن‌و زۆر حه‌زده‌كه‌ن چاویان به‌ئه‌مریكییه‌كان بكه‌وێت، به‌رژه‌وه‌یی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵیاندا هه‌بێت‌و هاوكاری بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شانه‌ بكه‌ن.

هه‌ربۆیه‌ پێموایه‌، كه‌زۆر به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ تووشی سه‌رسوڕمان بووم له‌گه‌رموگوڕیی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌. ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی كه‌سایه‌تیش، كورده‌كان بانگهێشتیانكردم بۆ ماڵه‌كانی خۆیان. بانگهێشتیانكردم بۆ به‌شداریكردن له‌فیستیڤاڵه‌كان، هه‌موو شتێك له‌نه‌رۆزه‌وه‌ بۆ خوانی رۆژووشكاندنی مانگی ره‌مه‌زان. هه‌ستده‌كه‌م كه‌په‌یوه‌ندییه‌كی نزیك‌و تایبه‌تی هه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ به‌رپرسانی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بنیاتمناوه‌و ئه‌مانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی هاوڕێیه‌تین كه‌ هیوا ده‌خوازم ته‌نانه‌ت دوای جێهێشتنی هه‌رێمی كوردستان بیهێڵمه‌وه‌.

خه‌ندان: تۆ بۆ ماوه‌ی 29 ساڵ ئه‌زمونی كاری دیپلۆماسیت هه‌یه‌، له‌م ماوه‌یه‌دا كورستان جێده‌هێڵیت‌و ده‌چیته‌ جه‌ده‌ له‌سوعدییه‌، ئه‌گه‌ر ساڵی  2026 بگه‌ڕێیته‌وه‌ كورستان، حه‌زده‌كه‌ی‌ له‌چ بارودۆخێكدابێت؟
ماتیاس میتمه‌ن: ئه‌وه‌ی پێمخۆشه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا بیبینم هه‌رێمێكه‌ كه‌تیایدا خه‌ڵكی خاوه‌نی ته‌واوی مافه‌كانی مرۆڤ‌و مافه‌ سیاسیه‌كانیان-بن‌و توانای گوزارشتكردنی ئه‌م مافانه‌یان له‌پرۆسه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه‌دا هه‌بێت. هه‌رێمێك كه‌مه‌ترسیی ئه‌منیی ده‌ره‌كی یاخود ناوخۆیی تیرۆریستانی له‌سه‌ر نه‌بێت، هیچ مه‌ترسییه‌كی داعش یان گروپه‌ تیرۆرستییه‌كانی دیكه‌ی له‌سه‌ر نه‌بێت.

پێمخۆشه‌ ببینم خه‌ڵكی له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا پێداویستییه‌ مرۆییه‌ بنچینه‌ییكانیان بۆ ده‌سته‌به‌ركرابێت‌و سامان‌و سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ته‌واوی گه‌شه‌یانكردبێت، له‌ناویاندا سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كان، به‌تایبه‌تیش ئافره‌ت‌و ئه‌وانه‌ی له‌بازاڕی كاردان.

گه‌شه‌كردنی سه‌رچاوه‌كان به‌جۆرێك كه‌خه‌ڵكی له‌ڕووی په‌روه‌رده‌و چاودێریی ته‌ندروستیه‌وه‌ به‌ره‌وپێشچوون به‌خۆیانه‌وه‌ ببینن، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ژێرخانی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كانیان هه‌بێت كه‌ هه‌وڵ‌و به‌ره‌وپێشچوون به‌ده‌ستبێت، پێموایه‌ كه‌ له‌ 10 ساڵدا ده‌كرێت شتی زۆر به‌ده‌ستبهێنرێت‌و ئه‌مه‌ ستانداردی ژیانی ته‌واوی كورد به‌رزبكاته‌وه‌و ببنه‌ خاوه‌نی ستانداردێكی به‌رزتری ژیان.

پێمخۆشه‌ هیچ ئاواره‌یه‌ك له‌كوردستاندا نه‌بینم، ئه‌وانه‌ی له‌ناوچه‌كانیان ده‌رهێنراون بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ و بچنه‌وه‌ ماڵه‌كانیان، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌شی كه‌ لێره‌ن‌و ده‌یانه‌وێت ئێره‌ بكه‌نه‌ ماڵی خۆیان، بتوانن بمێننه‌وه‌و ببنه‌ كوردستانی.

پێموایه‌ له‌هه‌مانكاتدا پێمخۆشده‌بێت پرۆسه‌یه‌كی سیاسی ببینم، كه‌خه‌ڵكی له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و نوێنه‌رانیانه‌وه‌ گوزارشتن له‌بۆچوونه‌كانیان بكه‌ن‌و شێوازێك له‌ حكومه‌تیان هه‌بێت، كه‌ باوه‌ڕیانوابێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌و به‌رپرسیاریانه‌.

ئه‌م سیسته‌مه‌ به‌پێی مافه‌كانی مرۆڤ كارده‌كات، كه‌ هیچ پێشێلكارییه‌ك له‌كاتی هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ دیموكراتییه‌كاندا ئه‌نجامنادرێت. ئه‌مه‌ ته‌واوی ئه‌و لایه‌نانه‌ن كه‌ پێموایه‌ له‌ 10 ساڵدا بڕێكی زۆری توانای تێدایه‌و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌لی بینینی ئه‌مه‌یان هه‌بێت و به‌ره‌وپێشچوونی گرنگ له‌م لایه‌نانه‌وه‌ به‌ده‌ستبێنن و ئه‌و لایه‌نانه‌شی كه‌ ئه‌مریكا به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی تێدایه‌ له‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانمانه‌وه‌ به‌ هه‌مانشێوه‌ به‌ده‌ستبێن.



ئه‌م بابه‌ته 33392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM