بەرهه‌م ساڵح‌و شاندێكی‌ ئێران تاوتوێی چه‌ند پرسێكیان كرد

کۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح و شاندێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران.. ئەمڕۆ

خه‌ندان-

د.به‌رهه‌م ساڵح‌و شاندێكی‌ باڵای‌ ئێران تاوتوێی دوا پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه‌و شه‌ڕی داعش به‌گشتی‌و سنوره‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان كرد، ئه‌وه‌ش له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كیاندا كه‌ له‌سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو.

به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، د. به‌رهه‌م ساڵح له‌سلێمانی پێشوازی له‌شاندێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران كرد، به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نوسینگه‌كه‌ی‌ كه‌ بۆ خه‌ندان نێردراوه‌.

له‌و دیداره‌كه‌دا كه‌ عه‌دنان مینه‌، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی به‌شداربوو، باس له‌دوا پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه‌و شه‌ڕی داعش به‌گشتی‌و سنوره‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و كۆماری ئیسلامیی ئێران‌و هاوكاریی پێشمه‌رگه‌ كرا.

له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "له‌وباره‌یه‌وه‌ د. به‌رهه‌م ساڵح، نیگه‌رانی ده‌ربڕی سه‌باره‌ت رووداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌‌و بۆردومانی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌و زیانگه‌یاندن به‌هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچانه‌"، بۆیه‌ هه‌ردوولا دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌ دێرین‌و مێژووییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و كۆماری ئیسلامی ئێران بپارێزرێن، رێگریش بكرێت له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئـه‌و جۆره‌ رووداوانه‌، بواری به‌رپابوونی گرژی‌و نائارامی له‌ناوچه‌كه‌ نه‌درێت.

هه‌روه‌ها تاوتوێكردنی دوا پێشهاته‌كانی شه‌ڕی دژی داعش، هاوكاری كۆماری ئیسلامی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌‌و هێزه‌كانی عێراق، به‌شێكی‌ تر بووه‌ له‌گفتوگۆكانی‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌.

ئه‌م بابه‌ته 4678 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM