كێشە لەسەر دانانی وێنەی شەهیدانی جەلەولا دروستدەبێت


خه‌ندان-سه‌رچین ساڵح

كێشەی لەسەر دانانی وێنەی شەهیدانی جەلەولا دروستدەبێت و پارتی وێنەی بەشێك لەشەهیدەكان لەسەر تابلۆی شەهیدان دەسڕێتەوە بەپاساوی ئەوەی سه‌ر به‌و حزبه‌ن و وێنەكانیان لەسەر تابلۆیەك دانراون كە لۆگۆو دروشمی یەكێتی لەسەرە، به‌رپرسی كۆمیته‌ی‌ یه‌كێتیش ده‌ڵێت ئه‌و كاره‌ی‌ پارتی‌ بۆ ئه‌وان "چاوه‌ڕواننه‌كراو" بووه‌.
 
پاش رزگاركردنی‌ ناحیه‌ی‌ جه‌له‌ولا له‌ده‌ستی‌ داعش له‌ كۆتایی مانگی‌ 11 ی‌ ساڵی‌ 2014، له‌ده‌روازه‌ی‌ ناحیه‌كه‌ تابلۆیه‌ك كه‌ وێنه‌ی‌ 176 شه‌هیدی‌ له‌سه‌ره‌ دانرا، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌شێك له‌وێنه‌كانی‌ سه‌ر تابلۆكه‌ سڕدراونه‌ته‌وه‌.


وێنەی پێش سڕینەوەیان

حسێن عه‌لی‌ كارگێری‌ ناوچه‌ی‌ پارتی‌ له‌ جه‌له‌ولا به‌خه‌ندانی‌ ڕاگه‌یاند "یه‌كێتی‌ به‌بێ پرس و ڕا به‌ پارتی‌ وێنه‌ی‌ زیاتر له‌ 30 شه‌هیدی‌ ئێمه‌ی‌ خستۆته‌ ناو تابلۆیه‌كه‌وه‌ و لۆگۆو و شیعاری‌ یه‌كێتی‌ له‌سه‌رى نوسیوه‌".

وتیشی‌ "چه‌ندین جار یه‌كێتی - مان ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ كارێكی‌ جوان نییه‌، ئه‌و شه‌هیدانه‌ شه‌هیدی‌ كوردستانن ناكرێت لۆگۆی‌ حیزبی‌ پێوه‌ بێت پێویسته‌ ئاڵای‌ كوردستانی‌ له‌سه‌ر بێت".

حسێن عه‌لی‌ ده‌ڵێت، دوای‌ سێ مانگ له‌ چاوه‌ڕوانی‌ بۆ چاككردنی‌ ئه‌و لۆگۆیه‌ كه‌ به‌ڵێنیان پێدابون چاكی‌ بكه‌ن و چاكیان نه‌كرد "ئێمه‌ لقی‌ پارتیمان له‌ خانه‌قین ئاگاداركرده‌وه‌ له‌سه‌ر داوای‌ لق ئێستا وێنەی ژمارەیەك شەهیدمان سڕیوەتەوە كە ناسراوبوون".

ئەو شەهیدانەی وێنەكانیان سڕدراونەتەوە پێكهاتوون لە (موقەدەم ئەنوەرعبدالله، موقەدەم محەمەد رەزا، رائید حەوێز حەمەد، نەقیب فاروق محەمەد، نەقیب حەكیم جاسم، كازم حسێن، فوئاد جەلال، حەسەن مەحمود).

به‌وته‌ی‌ كارگێری‌ ناوچه‌ی‌ پارتی‌ له‌ جه‌له‌ولا، ئه‌و شه‌هیدانه‌ی‌ كه‌ له‌ لۆگۆكه‌دا وێنه‌یان دانراوه‌ تێیدایه‌ هاوڵاتی‌ خۆبه‌ش بووه‌ شه‌هید بووه‌ ئه‌فسه‌رو پێشمه‌رگه‌ی‌ تێدایه‌ سه‌ربه‌وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌ "له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌ و پارتیدا به‌ڵام یه‌كێتی‌ خۆی‌ كردووه‌ به‌خاوه‌نی‌ سه‌رجه‌می‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌".

ناحیه‌ی‌ جه‌له‌ولا كه‌ له‌ڕووی‌ ئیداریه‌وه‌ سه‌ربه‌قه‌زای‌ خانه‌قینه‌ له‌ پارێزگای‌ دیاله‌، له‌ كۆتایی‌ مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 2014 له‌لایه‌ن ڕێكخراوی‌ داعشه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكرا، دوای‌ مانه‌وه‌ی‌ داعش له‌ناحیه‌كه‌دا بۆ ماوه‌ی‌ سێ مانگ له‌ كۆتای‌ مانگی‌ 11 ئه‌و ساڵه‌دا له‌لایه‌ن هێزی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ ڕزگاركرایه‌وه‌.

خه‌لیل خوداداد به‌رپرسی‌ كۆمیته‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌ جه‌له‌ولا به‌ خه‌ندانی‌ وت "وێنه‌كه‌ له‌ زووه‌وه‌ دانراوه‌، به‌ڵام براده‌رانی‌ پارتی‌ ئه‌و كات قسه‌یان نه‌كردوه‌، ماوه‌یه‌كه‌ به‌ ته‌له‌فۆن داوامان لێده‌كه‌ن وێنه‌ی‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌ بسڕینه‌وه‌ كه‌پارتین، به‌ڵام ئێمه‌ وتمان ئه‌و كاره‌ ناكه‌ین".

وتیشی‌ "پێمان وتوون كه‌ ئه‌گه‌ر پێتان باشه‌ له‌سه‌ر وێنه‌ی‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌ی‌ كه‌ پارتین بنوسن شه‌هیدی‌ پارتی‌، به‌ڵام براده‌رانی‌ پارتی‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕێمان نه‌ده‌كرد به‌ سبوخی‌ ڕه‌ش، وێنه‌ی‌ ژمارەیەك شه‌هیدیان سڕیوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌و ئاسایشی‌ پارتی‌ بوون".

وێنەی دوای سڕینەوەیان






ئه‌م بابه‌ته 10765 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM