د. به‌رهه‌م ساڵح: پێویسته‌ له‌داهاتودا كاری باشتر بكه‌ین بۆ كۆتایهێنان به‌مه‌ترسیه‌كانی داعش

كۆبونه‌وه‌ی‌ د. به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ ماتیاس میتمه‌ن‌و كین گرۆس

خه‌ندان

د. به‌رهه‌م ساڵح رایگه‌یاند، پێویسته‌ له‌داهاتودا كاری باشتر بكه‌ن بۆ كۆتایهێنان به‌مه‌ترسیه‌كانی داعش و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌م وتانه‌ی د. به‌رهه‌م ساڵح له‌دیدارێكدا هات له‌گه‌ڵ  ماتیاس میتمه‌ن، كۆنسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر (له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا كاره‌كانی له‌هه‌رێم كۆتای دێت) و كین گرۆس كونسوڵی تازه‌ ده‌ستنیشانكراوی ئه‌مریكا له‌كوردستان كه‌ئه‌مڕۆ 2/7 له‌شاری هه‌ولێر به‌رێوه‌چوو.

له‌ دیداره‌كه‌دا د. به‌رهه‌م ساڵح وێرای ده‌ستخۆشی له‌ ماتیاس میتمان و باش هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی له‌ماوه‌ی رابردودا له‌پێناو په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردولا، هیوای سه‌ركه‌وتنیشی بۆ خواست له‌ئه‌ركه‌ نوێیه‌كه‌یدا.

 وتیشی‌ "پێویسته‌ له‌داهاتودا كاری باشتر بكه‌ین بۆ كۆتایهێنان به‌مه‌ترسیه‌كانی داعش و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان كه‌خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ردولا بكات".

د. به‌رهه‌م ساڵح جه‌ختیكرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان خوازیاری باشترین په‌یوه‌ندی سیاسی دیپلۆماسیه‌ له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكاداو له‌گه‌ڵ كونسوڵی‌ نوێ كاری هاوبه‌شی گرنگ و پێویستیان له‌به‌رده‌مدایه‌ كه‌به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجامی بده‌ن.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا باس له‌هه‌لومه‌رجی سیاسی و دواپێشهاته‌ مه‌یدانیه‌كان كرا، هه‌ردولا دوپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ئه‌م قۆناغه‌ پێویستی به‌ به‌رپرسیارێتی هاوبه‌ش و كاری پێكه‌وه‌یی هه‌یه‌ له‌پێناو تێپه‌راندنی قه‌یرانه‌كاندا.

هه‌روه‌ها به‌ئیجابی باسیان له‌سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عیراق كرد  به‌رامبه‌ر داعش، هاوكات باس له‌ئاماده‌كاریه‌كانی رزگاركردنی موسڵیش كرا، له‌م روه‌وه‌ به‌ گرنگی‌ باس له‌رۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرا.


ئه‌م بابه‌ته 3348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM