په‌رله‌مانی عیراق له‌رێوشوێنێكی ئه‌منیی تونددا كۆده‌بێته‌وه‌

په‌رله‌مانی عیراق

خه‌ندان-

دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق له‌رێوشوێنێكی ئه‌منیی تونددا ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌و به‌ره‌ی چاكسازی(مانگرتوانی پێشوو) داوای بانگهێشتكردنی حه‌یده‌ر عه‌بادی‌و به‌رپرسانی ئه‌منی ده‌كه‌ن بۆ لێپرسینه‌وه‌یان له‌سه‌ر دۆخی ئه‌منیی، هاوكات سوورن له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان.

بڕیاره‌ كاتژمێر یه‌كی دوانیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ له‌وه‌رزی‌ نوێی‌ یاسادانانیدا په‌رله‌مانی‌ عیراق  كۆبونه‌وه‌كانی‌ ده‌ستپێبكات، فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان بۆ به‌شداریكردن له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ به‌غداو چاوه‌ڕوان ده‌كرێـت  زۆرینه‌ی‌ په‌رله‌مانتارانی عیراق به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بكه‌ن.

به‌پێی‌ كارنامه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌، بڕیاره‌ جگه‌ له‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ره‌وشی‌ ئه‌منی‌ به‌غدادو ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ هه‌فته‌ی‌ رابردووی‌ كه‌راده‌ كه‌ تێیدا 293 كه‌س كوژران، په‌رله‌مانی‌ عیراق هه‌ردوو پڕۆژه‌ یاسای‌ (ده‌سته‌ی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ دادوه‌ری‌‌و پرۆژه‌یاسایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ ئازادی‌ راده‌ربڕین و خۆپیشاندان ) بخاته‌ ده‌نگدانه‌وه‌.

بۆ كۆبوونه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق، له‌ ده‌ورووربه‌ری‌ باڵه‌خانه‌ی‌ په‌رله‌مان، رێوشوێنی‌ ئه‌منی‌ توند گیراوه‌ته‌به‌ر، رێگا سه‌ركییه‌كان كه‌ ده‌چنه‌وه‌ په‌رله‌مان داخراون، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتوو له‌په‌رله‌مانی‌ عیراق.

موسه‌نا ئه‌مین، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عیراق به‌خه‌ندانی‌ راگه‌یاند"زۆرینه‌ی‌ فراكسیۆنه‌كان ئاماده‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانن‌و ئه‌گه‌ر گرفتێكی‌ ئه‌منی‌ نه‌یه‌ته‌ پێش كۆبونه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان ئه‌نجام ده‌درێت‌و هه‌موو فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كانیش ئاماده‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌بن".

موسه‌نا ئه‌مین ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو شاری به‌غدا له‌ بارودۆخێكی ئه‌منیی تایبه‌تدایه‌و زۆرینه‌ی‌ ریگا سه‌ره‌كییه‌كانی‌ كه‌ ده‌چنه‌وه‌ په‌رله‌مان داخراون‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ به‌شێك له‌فه‌رمانبه‌رانی‌ په‌رله‌مان نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌نه‌ باڵه‌خانه‌ی‌ په‌رله‌مان، وتیشی"چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت، به‌شێك له‌په‌رله‌مانتاران نه‌توانن بچنه‌ باڵه‌خانه‌ی‌ په‌رله‌مان".

له‌زۆرینه‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ رابردوو كاتێك په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ به‌غداد، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان به‌رله‌كۆبونه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان، كۆبونه‌وه‌ی‌ هاوبه‌شیان ده‌كرد، به‌ڵام تائێستا فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ وه‌رزی‌ نوێی‌ یاسادانان هیچ كۆبونه‌وه‌كیان نه‌كردوه‌.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو وتی‌"وه‌ك فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كان به‌رله‌كۆبونه‌وه‌كه‌ هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كمان نییه‌، به‌ڵام سه‌رۆكی‌ هه‌موو فراكسیۆنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق ئه‌مڕۆ به‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان كۆده‌بینه‌وه‌و له‌وێ یه‌كترده‌بینین".

هاوكات زانا رۆستایی‌ ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق له‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ بۆ خه‌ندان باسیله‌وه‌كرد هیچ هه‌وڵێك نه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان پێشوه‌خت كۆببنه‌وه‌ به‌رله‌كۆبونه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ر چی هیچ رێگرییه‌ك بۆئه‌وه‌ نیه‌.

ده‌ستپێكرنه‌وه‌ی‌ دانیشتتنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق له‌كاتێكدا له‌ كۆتاییه‌كانی‌ وه‌رزی‌ رابردووی‌ یاسادانانی‌ په‌رله‌ماندا دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مان دووچاری‌ گرفت بوون به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانتاران بۆ دووبه‌ره‌ دابه‌ش بوبون‌و هه‌رلایه‌كیان به‌ جیا هه‌وڵیان ده‌دا كۆبونه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان ئه‌نجام بده‌ن‌و نه‌ده‌چوونه‌ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كتر بۆئه‌وه‌ی رێژه‌ی یاسایی ته‌واو نه‌بێت بۆ ده‌ستپێكردنی دانیشتنی په‌رله‌مان.

به‌وته‌ی زانا رۆستایی‌ چاوه‌ڕوان ناكرێت له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا كێشه‌ی‌ ته‌واونه‌بوونی‌ رێژی‌ یاسایی‌ دروست ببێـت، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ فراكسیۆنه‌كان ئاماده‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌بن.

له‌دانیشتنی‌ ئه‌مڕۆی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراقدا بڕیاره‌ به‌ره‌ی‌ مانگرتوانی پێشوو كه‌ ئێستا ناوی‌ خۆیان ناوه‌(به‌ره‌ی‌ چاكسازی‌) به‌شداری‌ دانیشتنه‌كه‌ بكه‌ن‌و پڕۆژه‌یه‌كی‌ چاكسازی‌ پێشكه‌شی‌ په‌رله‌مان بكه‌ن.

عادل نووری‌ ئه‌ندامی‌ به‌ره‌ی‌ چاكسازی‌ به‌خه‌ندانی‌ راگه‌یاند"له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆ جگه‌ له‌و پڕۆژه‌ چاكسازیه‌ی‌ كه‌ پێشكه‌شی‌ په‌رله‌مانی‌ ده‌كه‌ین داوای‌ بانگهێشتی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌‌و به‌رپرسانی‌ ئه‌منی‌ ده‌كه‌ین بۆ لێپرسینه‌وه‌یان له‌سه‌ر تێكچونی‌ ره‌وشی‌ عیراق به‌تایبه‌ت به‌غداد".

به‌وته‌ی‌ عادل نوری به‌ره‌ی‌ چاكسازی‌ "ئێستا 98 ئه‌ندامن‌و سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ داوای‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ش هه‌وڵی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ واژۆی پێویست ده‌ده‌ن".

به‌پێی په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ په‌رله‌مان بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان، پێویسته‌ 110 واژۆی په‌رله‌مانتاران كۆبكرێته‌وه‌ تاپرسه‌كه‌ بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌و دواتریش پێویسته‌ 167 په‌رله‌مانتار ده‌نگی‌ له‌سه‌ر بدات بۆ په‌سه‌ندكردنی.


ئه‌م بابه‌ته 771 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM