فراكسیۆنه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان په‌یڕه‌وی‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌یان دانا


خه‌ندان

فراكسیۆنه‌كانی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، په‌یڕه‌وی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ نێوانیان دانا‌و دوای‌ په‌سه‌ندكردنیشی‌، به‌ 42 كورسی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ كاره‌كانیان راییده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، لیژنه‌ی‌ تایبه‌تی‌ هه‌ردوو فراكسیۆنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، له‌باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ گۆڕان له‌شاری‌ سلێمانی‌ كۆبوونه‌وه‌ بۆ یه‌كخستنی‌ ره‌شنوسی هه‌ردوولا‌و دانانی‌ یه‌ك په‌یڕه‌و بۆ هاوپه‌یمانێتی‌ نێوانیان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان.

برزۆ مه‌جید، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان دوای‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی‌ وتی‌ "هه‌ردوو لیژنه‌ی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ ره‌شنوسه‌كانیان یه‌كخستووه‌، ئێستا یه‌ك ره‌شنوسیان بۆ رێككه‌وتن هه‌یه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ په‌یڕوه‌كه‌یان ته‌نیا داڕشتنه‌وه‌ی‌ كۆتایی ماوه‌ ، بڕیاره‌ دوای‌ ته‌واوكردنی‌ راده‌ستی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هاوبه‌شی‌ یه‌كێتی‌ و گۆران بكرێت بۆ په‌سه‌ندكردنی‌.

پێشتر له‌هه‌ر فراكسیۆنێك لیژنه‌یه‌كی‌ پێنج كه‌سی‌ بۆ دانانی‌ په‌یره‌وی‌ كاركردن دیاریكرابوو ، هه‌ر دوو لیژنه‌كه‌ دوو ره‌شنوسی جیاوازیان بۆ رێككه‌وتن ئاماده‌كرد كه‌ له‌سه‌ر شێوازی‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنی‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌‌و میكانیزمی‌ بڕیاردان تێیدا، جیاوازییان هه‌بووه‌.

بێگه‌رد تاڵه‌بانی‌، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا باسی‌ گه‌یشتنه‌ قۆناغی‌ كۆتایی‌ په‌یڕه‌وی‌ هاوپه‌یممانێتیه‌كه‌ی‌ كرد، وتیشی‌ "كۆمه‌ڵێك هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ كاراكرنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان‌و ئومێده‌وارین له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی‌ دیكه‌، بتوانین ده‌ست به‌ گفتوگۆ بكه‌ین بۆ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان".

دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌مانگی‌ 10ی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ به‌ته‌واوی‌ په‌كیكه‌وتووه‌، ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ رێگه‌ی‌ نه‌دا یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، سه‌رباری‌ چه‌ندین نێوه‌نگیری‌‌و ده‌ستپێخه‌ریش، هێشتا نه‌توانراوه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكرێن‌و په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه‌.

یه‌كێتی‌ و گۆڕان پێكه‌وه‌‌و له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌دا له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان خاوه‌نی‌ 42 كورسین (18 كورسی یه‌كێتی‌، 24 كورسی گۆڕان)، به‌وه‌ش ده‌بنه‌ زۆرینه‌ به‌و پێیه‌ی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ ئێستا گه‌وره‌ترین فراكسیۆنه‌ خاوه‌نی‌ 38 كورسییه‌.

خه‌ڵه‌ف ئه‌حمه‌د، بڕیارده‌ی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ پێش كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆ فراكسیۆنه‌كانیان بۆ خه‌ندان ناكۆكی‌ نێوان پرۆژه‌ی‌ هه‌ردولای‌ ئاشكراكرد ده‌رباره‌ی‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌‌و وتی‌ "فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ ده‌سته‌یه‌ك سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوپه‌یمانیته‌كه‌ بكات كه‌ هه‌ردوو سه‌رۆكی‌ ئێستا بێت یاخوود لیژنه‌یه‌ك بێت، به‌لاَم فراكسیۆنی‌ گۆران له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان سه‌رۆك و جێگری‌ هه‌بێت وه‌ك یه‌ك فراكسیۆن".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بووه‌ شێوازی‌ ده‌نگدان له‌ فراكسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ به‌ زۆرینه‌ بێـت، به‌لاَم یه‌كێتی‌ ده‌یه‌وێت ده‌نگدان له‌هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌دا به‌ دوو له‌سه‌ر سێ بێت.

به‌پێی رێككه‌وتنی یه‌كێتی‌و گۆڕان، هه‌ردوولا پابه‌ندن به‌دروستكردنی‌ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ك بۆ فراكسیۆنه‌كانیان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان، په‌رله‌مانی‌ عێراق‌وو ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان بۆ هاوهه‌ڵوێستی‌ سیاسی‌‌و یاسایی‌، ئه‌و هاوپه‌یمانیتیه‌ش كراوه‌ ده‌بێت له‌به‌رده‌م فراكسیۆنه‌كانی‌ تر.

پێشتر فراكسیۆنه‌كانی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عیراق‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، هاوپه‌یمانێتییان راگه‌یاند.

به‌پێی‌ رێككه‌وتنی‌ فراكسیۆنه‌ بۆ ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان‌و په‌رله‌مانی‌ عێراق، شێوازی‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ زۆرینه‌ بووه‌‌و هه‌رلایه‌كیان كورسی‌ زیاتری‌ هه‌بێت، سه‌رۆكی‌ به‌رده‌كه‌وێت‌و جێگیریش بۆ فراكسیۆنی‌ دووه‌م.

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان، پێشتر بۆ خه‌ندان جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌وان زۆرینه‌ بۆ دانانی‌ سه‌رۆك بۆ فراكسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانیان به‌گونجاو ده‌زانن.

به‌هار مه‌حمود ئه‌وه‌شی‌ وت "ئه‌وه‌ بنمایه‌كی‌ مه‌نتیقیه‌ بۆ دیاریكردنی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌".

رێككه‌وتنی سیاسی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان كه‌ له‌ 17ی‌ (ئایار/5)ی‌ ئه‌مساڵ واژۆكرا‌ له‌ 11 به‌ش‌و 25 مادده‌ پێكهاتووه‌، تێیدا تێڕوانینی‌ هاوبه‌شی‌ خۆیان خستووه‌ته‌ڕوو ده‌رباره‌ی‌ پرسه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌حزب، ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، عێراق‌و ناوچه‌كه‌ له‌رووه‌ سیاسی‌‌و ئابورییه‌كانه‌وه‌.


ئه‌م بابه‌ته 881 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM