نه‌فره‌تی داعش یه‌خه‌ی‌ منداڵانی ئاواره‌ ده‌گرێت

منداڵێکی ئاوارەی خواروی عیراق لەشەقامێکی سلێمانی .. مانگی 6 ی 2016 فۆتۆ: خەندان

خه‌ندان - خه‌رمان كامیل‌و خه‌یرییه‌ حه‌مه‌ڕه‌شید

له‌نیوه‌ڕۆیه‌كی تاقه‌ت پروكێندا، كاتێك گه‌رما 50 پله‌ بوو، عه‌لی (14ساڵ) وه‌ك پیاوێكی ته‌واو مامه‌ڵه‌ی‌ ده‌كرد، له‌سه‌ر كاره‌كه‌یه‌وه‌ به‌ته‌له‌فون دایكی ئاگاداركرده‌وه‌ "چیمان پێویست بوو  ده‌یهێنمه‌وه‌".

عه‌لی عه‌باس، دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، كاتێك ته‌مه‌نی 12 ساڵ بوو، به‌به‌ڵی وه‌ڵامی دایكی دایه‌وه‌، كاتێك پێی وت "بچۆ ئیش بكه‌"، دوای دوو ساڵ كاركردن ئێستا عه‌لی هه‌موو ئاواتی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ خوێندن، به‌ڵام نه‌دایك نه‌باوك ناتوانن ئه‌و ئاواته‌ی‌ بۆ به‌دیبهێنێت، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێم‌و عیراق رێگه‌ی‌ كارپێكردنی پێناده‌ن‌و كاركردن به‌منداڵ به‌"توندوتیژی خێزانی" وه‌سفكراوه‌.

خێزانه‌كه‌ی‌ عه‌لی، خه‌ڵكی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین‌و سونه‌ مه‌زهه‌بن، دوای ئه‌وه‌ی‌ داعش له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014 ئه‌و پارێزگایه‌ی‌ كۆنترۆڵكرد، ئاواره‌ی‌ سلێمانی بوون، ئێستا بۆ بژێوی ژیان‌و په‌یداكردنی كرێی ئه‌و خانووه‌ی به‌كرێ-یان گرتووه‌، عه‌لی‌و برایه‌كیی‌و باوكی كارده‌كه‌ن.

عه‌لی نمونه‌ی‌ سه‌دان منداڵی ئیشكه‌ره‌ كه‌ڕۆژانه‌ له‌شه‌قامه‌كانی سلێمانی‌و هه‌ولێر‌و دهۆكدا ده‌بینرێن‌و ته‌مه‌نی هه‌ندێكیان ناگاته‌ 10 ساڵ.

روپێوییه‌كی رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ دراوه‌ به‌خه‌ندان له‌سه‌ر زیاتر له‌ 400 منداڵی ئیشكه‌ر، ده‌ركه‌وتووه‌ منداڵانی ئاواره‌ی سوریاو ناوخۆی عیراق، سه‌دا 91ی منداڵانی ئیشكه‌ری شاره‌كانی هه‌رێم پێكده‌هێنن.


منداڵێکی ئاوارەی رۆژئاوا لە شەقامێکی هەولێر.. فۆتۆ: خەندان

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌پێی یاساكانی كاری عیراقی‌و نێوده‌وڵه‌تیش، منداڵ ده‌توانێت له‌ته‌مه‌نی 15 ساڵیدا كاربكات، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ره‌فتارو هه‌ڵسوكه‌وتی منداڵه‌كه‌ دروستنه‌كات وه‌ك فرۆشتنی بابه‌ته‌ كهولییه‌كان‌و جگه‌ره‌، یان كارێكی قورس كه‌كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌شه‌ی‌ جه‌سته‌یی‌ منداڵه‌كه‌ هه‌بێت.

ئه‌یوب كه‌ریم، چالاك له‌بواری مافه‌كانی منداڵ‌و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی‌ ماجستێر له‌كۆمه‌ڵناسی، به‌خه‌ندان-ی وت "له‌خوار 15 ساڵ كاركردنی منداڵ به‌ته‌واوی قه‌ده‌غه‌یه‌، له‌ 15 ساڵیش له‌چوارچێوه‌ی‌ چاودێریكردنی خێزاندا رێگه‌ی‌ پێده‌درێت".

له‌دوای شه‌ڕی داعش له‌ساڵی 2014، زیاتر له‌ملیۆنێك‌و 800 هه‌زار ئاواره‌ی‌ پارێزگاكانی موسڵ‌و ئه‌نبارو سه‌ڵاحه‌دین‌و دیاله‌، هه‌روه‌ها په‌نابه‌رانی سوریا روویان له‌هه‌رێمی كوردستان كردوه‌.

به‌شێك له‌و خێزانانه‌ منداڵه‌كانیان ناچار به‌كاركردن ده‌كه‌ن، كه‌ هه‌ر به‌پێی روپێوییه‌كه‌ی‌ مناڵپارێز كه‌ مانگی رابردوو له‌سه‌نته‌ری شاری سلێمانی كراوه‌، زۆرینه‌ی‌ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ ئیشده‌كه‌ن ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان له‌سه‌روی نۆ كه‌سه‌وه‌یه‌.

"كاتێك دایكم داوای كاری لێكردم، من بیرم له‌وه‌ نه‌كرده‌وه‌ چ كارێك بكه‌م! یه‌كسه‌ر قبوڵم كرد، سه‌ره‌تا كاركردنم پێخۆشبوو، بیرم له‌وه‌ نه‌كرده‌وه‌ رۆژێك دێت په‌شیمان ده‌بمه‌وه‌، ئێستا ده‌مه‌وێت بخوێنم نه‌ك كاربكه‌م"، عه‌لی عه‌باس وای وت، كه‌ئێستا شاگردی دوكانێكی فیته‌رییه‌ له‌سلێمانی‌و هه‌فتانه‌ 50 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت.

عه‌باس باوكی‌ عه‌لی، كه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ تا پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تایی خوێندووه‌و دواتر بۆ كاركردن ده‌ریهێناوه‌، ده‌ڵێت حه‌زناكات منداڵه‌كه‌ی‌ كاربكات، "به‌ڵام ناچارم هه‌شت سه‌ر خێزانین... ئه‌گه‌ر خۆم‌و دوو منداڵه‌كه‌م كار نه‌كه‌ین ناتوانین كرێی خانووه‌كه‌مان بده‌ین".

منداڵانی‌ ئیشكه‌ر له‌شه‌قامه‌كانی پارێزگاكانی هه‌رێم، به‌هۆی كاركردنه‌وه‌ سڵ له‌گه‌رماو سه‌رما ناكه‌نه‌وه‌، زۆرینه‌یان، بۆیاغچێتی ده‌كه‌ن، یان سارده‌مه‌نی‌‌و ئاو ده‌فرۆشن، هه‌ندێكیشیان له‌ترافیكه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌به‌رامبه‌ر سڕینه‌وه‌ی جامی ئۆتۆمبێل شۆفێره‌كان 250 دیناریان پێبده‌ن.

عومه‌ر گوڵپی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌‌ گشتی‌ چاودێریی‌‌و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌پارێزگای‌ سلێمانی، ده‌ڵێت "ئه‌و دیارده‌یه‌ پێشێلكاری ته‌واوی مافی مرۆڤ‌و زۆر جێگه‌ی‌ نیگه‌رانییه‌، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ سیمای‌ شاریان شێواندووه‌و ویژدانی‌ خه‌ڵكیش به‌و هۆیه‌وه‌ ئازار ده‌چێژن".

مه‌ترسی هه‌یه‌ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ كارده‌كه‌ن روبه‌ڕوی توندوتیژیی، ده‌ستدرێژی‌و بازرگانیكردن ببنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌پێی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ خێزان له‌توندوتیژی "ناچاركردنی منداڵ بۆ كاركردن، سواڵكردن‌و جێهیشتنی خوێندن، توندوتیژی خێزانییه‌".

به‌پێی‌ روپێوییه‌كه‌ی‌ رێكخراوی‌ مناڵپارێزی‌ كوردستان، زۆرینه‌ی‌ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ له‌لایه‌ن خێزانه‌كانیانه‌وه‌ ناچار به‌كاركردن كراون ته‌مه‌نیان له‌نێوان (12 - 13) ساڵ بووه‌و سه‌دا 45ی منداڵه‌كان "چه‌ند جارێك ڕووبه‌ڕوی‌ توندوتیژی‌ جه‌سته‌یی‌و ده‌روونی‌ بونه‌ته‌وه‌".

به‌هۆیه‌وه‌ سه‌دا 63ی ئه‌وانه‌ی‌ كارده‌كه‌ن له‌خوێندن ده‌رهێنراون یان نه‌یانخوێندووه‌، به‌شێكیشیان بێ باوكن‌و به‌ناچاری ئه‌ركی به‌خێوكردنی خێزانه‌كانیان گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ.

چوارشه‌ممه‌ی رابردوو وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق، رایگه‌یاند كه‌ ژماره‌ی‌ منداڵانی بێ باوك 600 هه‌زار منداڵه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌خوار 17 ساڵه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ش جگه‌ له‌هه‌ردوو پارێزگای نه‌ینه‌واو ئه‌نبار‌و پارێزگاكانی هه‌رێم.

عه‌لی‌ ئیبراهیم، له‌ڕێكخراوی مناڵپارێزی‌ كوردستان به‌خه‌ندان-ی وت "زۆربوونی منداڵانی ئیشكه‌ر به‌هۆی ئاواره‌بوون‌و قورسی ژیانی خێزانه‌كانه‌وه‌یه‌، چونكه‌ به‌پێی رووپێوییه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ سه‌دا 76ی ئه‌و منداڵه‌ ئاوارانه‌ی‌ كار ده‌كه‌ن، له‌پێش ئاواره‌بوونیان له‌لایه‌ن خێزانه‌كانیه‌نه‌وه‌ كاریان پێنه‌كراوه‌".

گولین كوڕێكی (13ساڵ)، یه‌كێكی تره‌ له‌و منداڵه‌ ئاوارانه‌ی‌ كه‌ له‌پێناو كاركردندا وازی له‌خوێندن هێناوه‌ دوای ئه‌وه‌ی‌ تاپۆلی چواری سه‌ره‌تایی خوێند، وتی "باوكم پێی وتم 10 ملیۆن دینار قه‌رزارین، بۆیه‌ ده‌بێت كاربكه‌یت".

ئه‌و رۆژانه‌ له‌كه‌مپی عه‌ره‌ب كه‌ 20كم له‌سلێمانییه‌وه‌ دووره‌ بۆ كاركردن ده‌چێته‌ سه‌نته‌ری شاری سلێمانی‌و به‌فرۆشتنی ئاوو شه‌ربه‌ت ده‌یه‌وێت هاوكاری خێزانه‌كه‌ی بكات.

زیادبوونی دیارده‌ی سواڵكردن یان كارپێكردن، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بوونی ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ ئاواره‌و په‌نابه‌ر له‌هه‌رێم، قه‌یرانی‌ دارایی‌و‌ خراپبوونی‌ دۆخی‌ ژیانی‌ خێزانه‌كانیش هۆكارێكه‌ بۆ كاركردنی منداڵانی ناوخۆی شاره‌كانی هه‌رێم.

عومه‌ر گوڵپی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ چاودێریی‌‌و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌، پێیوایه‌ چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر حاڵه‌تێك پێویسته‌ به‌دواداچوونی‌ ورد هه‌بێت، "بۆ نمونه‌ ده‌بێت له‌وه‌ بكۆڵرێته‌وه‌ كه‌هه‌ر منداڵێك بۆ ئه‌و كاره‌ ده‌كات؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و منداڵه‌كه‌ بێخانه‌و لانه‌ بێت پێویسته‌ شوێنی‌ مانه‌وه‌ی‌ بۆ دابین بكرێت، ئه‌گه‌ر دایك‌و باوك له‌هه‌ژاریدا كار یان ده‌رۆز به‌منداڵه‌كه‌یان ده‌كه‌ن پێویسته‌ لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار لایه‌نی‌ كه‌می‌ ژیانیان بۆ ته‌رخان بكات له‌به‌رانبه‌ردا ئه‌وانیش ده‌ست له‌و كاره‌یان هه‌ڵگرن".

له‌هه‌رێمی كوردستان ره‌خنه‌ له‌جێبه‌جێنه‌كردنی یاساكان ده‌گیرێت، به‌گشتی یاساكانی تایبه‌ت به‌مافه‌كانی منداڵان.

گوڵپی وتی "چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ دامه‌زراوه‌كان له‌ئاستێكی‌ باشدا كاربكه‌ن، به‌تایبه‌ت ده‌بێت هه‌ماهه‌نگییه‌كی‌ باش هه‌بێت له‌نێوان سه‌رۆكی‌ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان‌و دامه‌زراوه‌ی‌ پۆلیس‌و ئاسایش‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئیداره‌ی‌ كه‌مپه‌كان‌و دادگاكاندا، به‌داخه‌وه‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ بووه‌ته‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ دامه‌زراوه‌كان ئه‌دایان لاوازبێت‌و نه‌توانن فریای‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ بكه‌ون بۆ لێپێچینه‌وه‌".

عه‌لی (14ساڵ) كه‌ هه‌موو به‌یانییه‌ك كاتژمێر حه‌وت یان هه‌شت به‌ماڵئاواییه‌ك له‌دایكی به‌ره‌و سه‌ر كاره‌كه‌ی‌ ده‌ڕوات، له‌چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دایه‌ باوك‌و دایكی بتوانن ئاواته‌كه‌ی‌ بۆ به‌دیبهێنێن "حه‌زم له‌كاركردن نییه‌ حه‌زده‌كه‌م بخوێنم".

عه‌باس باوكی عه‌لی هه‌رچه‌نده‌ ده‌زانێت كه‌ ناچاركردنی منداڵه‌كانی بۆ كاركردن یاسایی نییه‌، ده‌ڵێت به‌به‌رده‌وام ئاگام لێیانه‌و چاودێرییان ده‌كات به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ له‌شوێنی كاره‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ نزیكن، "له‌گه‌ڵ خۆشم هاتووچۆیان پێده‌كه‌م، حه‌زیش ده‌كه‌م بیانگه‌ڕێنمه‌وه‌ به‌ر خوێندن‌و ئه‌وپه‌ڕی‌ هه‌وڵیشیان له‌گه‌ڵ ده‌ده‌م".


*خه‌رمان كامیل‌و خه‌یرییه‌ حه‌مه‌ڕه‌شید، دوو خوێندكاری به‌شی راگه‌یاندنی په‌یمانگه‌ی‌ ته‌كنیكی سلێمانین، بۆ ماوه‌ی‌ دوو مانگ له‌خه‌ندان خولی هاوینه‌ ده‌بینن.


ئه‌م بابه‌ته 4115 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM