ئیئتیلافی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان له‌په‌رله‌مانی‌ عیراق: ئیمتیازاتی‌ په‌رله‌مانتاران ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌


خه‌ندان-

ئیئتیلافی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان له‌په‌رله‌مانی‌ عیراق، تێبینییان له‌سه‌ر بڕگه‌یه‌كی‌ پرۆژه‌یاسای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران هه‌یه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ئیمتیازاتی‌ په‌رله‌مانتاران‌و پێیانوایه‌، له‌گه‌ڵ دادپه‌روه‌ریدا نایه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌.

پرۆژه‌یاسای‌ (ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق)، له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان نێردراوه‌‌و له‌بڕگه‌یه‌كیدا، ماف و ئیمتیازاتی‌ سه‌رۆك و جێگری‌ په‌رله‌مان هاوشێوه‌ی‌ سه‌رۆك‌و جێگری‌ حكومه‌ت ده‌بێت، ماف و ئیمتیازاته‌كانی‌ په‌رله‌مانتارانیش هاوتای‌ وه‌زیره‌كان ده‌بێت.

ئیئتیلافی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان له‌په‌رله‌مانی‌ عیراق، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ بۆ خه‌ندان نێردراوه‌، دژایه‌تی‌ خۆیان بۆ ئه‌و بڕگه‌یه‌ی‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌رده‌بڕن، جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ دادپه‌روه‌ریدا نایه‌ته‌وه‌.

به‌ختیار شاوه‌یس، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ به‌خه‌ندانی‌ راگه‌یاند "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین یاسای‌ تایبه‌ت هه‌بێت بۆ په‌رله‌مانتاران، به‌لاَم دژی‌ بڕگه‌ی‌ پێدانی‌ ئیمتیازه‌كه‌ین بۆ په‌رله‌مانتاران".

به‌پێویستیشی‌ زانی‌ په‌رله‌مان یاسایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ هه‌بێت، به‌لاَم ماف و ئیمتیازی‌ په‌رله‌مانتاران زیادنه‌كات، چونكه‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و بۆ دۆخی‌ ئێستای‌ عێراق واقیعی‌ نیه‌.

عیراق له‌دوو ساڵی‌ رابردوودا روبه‌ڕوی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ بووه‌ته‌وه‌ به‌هۆی‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت، جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌چه‌ندین ناوچه‌ له‌شه‌ڕدایه‌ دژ به‌داعش، ئه‌وه‌ش بارگرانی‌ زیاتری‌ له‌رووی‌ داراییه‌وه‌ دروستكردووه‌.

له‌به‌یاننامه‌كه‌ی‌ ئیئتلافی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان –پێكهێنانی‌ ئه‌و ئیئتیلافه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ رێككه‌وتنی‌ سیاسی‌ هه‌ردولادابوو كه‌ 17/5ی‌ ئه‌مساڵ واژۆكرا- هاتووه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ به‌هێزكردنی‌ رۆڵی‌ ته‌شریعی‌ و چاودێری‌ په‌رله‌مان و چه‌سپاندنی‌ پره‌نسیپی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ ده‌سه‌لاَتن، به‌لاَم له‌هه‌مانكاتدا كۆمه‌ڵێك تێبینیان له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای‌ (ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران) هه‌یه‌و ئیمتیازات ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌مین به‌كر، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌فراكسیۆنی‌ گۆڕان پێیوایه‌ پرۆژه‌یاساكه‌ گرنگه‌ بۆ رێكخستنی‌ ئیشوكاری‌ په‌رله‌مانی‌ و پێویسته‌ هه‌بێت، به‌خه‌ندانی‌ وت "ئێمه‌و یه‌كێتی‌ له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ یاساكه‌ین، به‌لاَم دژی‌ بڕگه‌ی‌ ماف‌و ئیمتیازاته‌كانی‌ په‌رله‌مانتارانین".

تائێستا په‌رله‌مانی‌ عێراق یاسایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ نیه‌، پرۆژه‌یاساكه‌ش بۆ ڕێكسختنی‌ كاره‌كانی‌ په‌رله‌مانه‌‌و جگه‌ له‌ئیمتیازاته‌كان، موچه‌ی‌ ده‌رماڵه‌ی‌ تایبه‌تی‌ بۆ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان دیاریكردوه‌، پاسپۆرتی‌ دیبلۆماسی‌ به‌هه‌موو ئه‌ندامانی‌ خێزانی‌ په‌رله‌مانتاران ده‌به‌خشێت.

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عیراق، ره‌خنه‌ له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ ئیئتیلافی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕان ده‌گرێت، ده‌ڵێت تائێستا گفتوگۆ له‌سه‌ر یاساكه‌ نه‌كراوه‌ تاوه‌كو ئه‌وان ره‌تیبكه‌نه‌وه‌.

تاریق گه‌ردی‌ به‌خه‌ندانی‌ وت "پارتی‌ رای‌ فه‌رمی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاساكه‌ ده‌بێت، به‌ڵام كاتێك گفتوگۆی‌ له‌سه‌ركرا له‌په‌رله‌مان، پرۆژه‌ یاساكه‌ش به‌واژۆی‌ سه‌رۆك كۆمار هاتووه‌ بۆ په‌رله‌مان كه‌ یه‌كێتیه‌".

پرۆژه‌یاسای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق، تائێستا ته‌نیا خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بۆ كراوه‌‌و نه‌خراوه‌ته‌ گفتوگۆكانی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، ئیئتیلافی یه‌كێتی‌‌و گۆڕانیش بڕیاریانداوه‌ له‌كاتی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ دوومیشدا ته‌واوی‌ تێبینیه‌كانی‌ خۆیان بخه‌نه‌ڕوو.


ئه‌م بابه‌ته 692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM