په‌رله‌مانی عیراق چالاكیه‌كانی‌ حزبی‌ به‌عس قه‌ده‌غه‌ ده‌كات

سەرۆکی پەرلەمانی عیراق و هەردوو جێگرەکەی

خه‌ندان – محه‌مه‌د به‌ختیار

په‌رله‌مانی عیراق، چالاكی‌و پڕوپاگه‌نده‌ی فه‌رمی‌و نافه‌رمی حزبی به‌عس و هاوشێوه‌كانی له‌وڵاتدا قه‌ده‌غه‌ كرد، ئه‌وه‌ش به‌پێی‌ یاسایه‌ك كه‌ كۆده‌نگی‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی‌ له‌سه‌ر بووه‌.

له‌دانیشتنی‌ ئاسایی‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، په‌رله‌مانی‌ عیراق تاوتوێی‌ یاسای‌ قه‌ده‌غه‌كردنی چالاكیه‌كانی حزبی به‌عس، هه‌موو گروپێكی قه‌ومی‌و ئیرهابی‌و ته‌كفیری كردووه‌‌و په‌سه‌ندیكردووه‌، به‌وته‌ی‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ لیژنه‌ی یاسایی.

سامان فه‌تاح، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ لێدوانێكیدا به‌ خه‌ندانی ڕاگه‌یاند "هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عیراق به‌ شیعه‌ و سوننه‌ و كورده‌وه‌، كۆك بوون له‌ سه‌ر یاساكه‌ و ئێمه‌ش وه‌كو كورد، پێمان باش بوو ته‌نانه‌ت یاساكه‌ بڕگه‌یه‌كی بۆ زیادكرا كه‌ ڕێگری له‌ چالاكیه‌كانی حزبه‌ قه‌ومیه‌كانیش ده‌كرێت، هاوشێوه‌ی حزبه‌ ته‌كفیری و به‌عسیه‌كان".

به‌پێی یاساكه‌، هه‌موو چالاكیه‌كی  بینراو بیستراوی حزبی به‌عس‌و هاوشێوه‌كانی، هه‌روه‌ها هه‌موو گروپ و تاقمێكی قه‌ومی و ته‌كفیری و ئیرهابی قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت‌و رێگری له‌ چالاكیه‌كانیان ده‌كرێت.

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق په‌سه‌ندكردنی یاسایه‌كی له‌وجۆره‌ به‌گرنگ وه‌سف ده‌كات، ده‌ڵێت "حزبی به‌عس ئێستا ورده‌ ورده‌ خه‌ریكی رێكخستنه‌وه‌ی خۆیانن له‌ ناو عیراق و چالاكییان له‌ ژێر ناو و ناونیشانی تر هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌م یاساییه‌ ڕێگری له‌ ڕێكخستنه‌وه‌یان ده‌كرێت".

حزبی‌ به‌عس‌و رژێمه‌كه‌ی‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ سه‌دام حسێن، له‌ساڵی‌ 2003دا كۆتایی‌ به‌حوكمڕانی‌‌و چالاكییه‌كانیان هێنرا له‌عیراق‌و له‌ئێستاشدا، بۆ یه‌كه‌مجار قه‌ده‌غه‌ی‌ ئه‌و حزبه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ یاسادا رێكده‌خرێت.


ئه‌م بابه‌ته 1167 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM