لەداعش هەڵهات‌و لەهۆڵەندا دەستگیركرا
چیرۆكی ئەو ئافرەتەی خۆی رادەستی پێشمەرگە كرد

لاورا هانسن (20 ساڵ) ‌و یەكێك لەمنداڵەكانی فۆتۆ: كوردستان 24

خەندان، عەبدوڵڵا محەمەد

ئەو ئافرەتە هۆڵەندییەی لەژێر دەستی داعش هەڵهات‌و خۆی رادەستی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كرد، لەكاتی گەڕانەوەیدا بۆ وڵاتەكەیی‌و لەفرۆكەخانە، راستەوخۆ لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی هۆڵەنداوە دەستگیركرا.

لاورا هانسن (20 ساڵ)، شەوی رابردوو لەگەڵ گەڕانەوەیدا بۆ هۆڵەندا‌و كاتێك گەیشتە فڕۆكەخانەی شیپۆڵ، لەئەمستردامی پایتەختی ئەو وڵاتە دەستگیركرا، هەرچەندە روون نیە بەدەستبەسەركراوی گەڕێندراوەتەوە یان نا.

مانگی (تەمموز/7)ی ئەمساڵ، لاورا هانای بۆ هێزەكانی پێشمەرگە برد لەمحیوەرەكانی باكوری پارێزگای نەینەوا، ئەوەش دوای ئەوەی نزیكەی ساڵێك لەناوچەكانی ژێر لەناوچەكانی ژێر دەستی داعش مایەوە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، ئەمڕۆ سێشەممە لەزاری داواكاری گشتیی هۆڵەنداوە رایگەیاند، ئەو ئافرەتە هۆڵەندییەی لەگەڵ هاوسەرەكەی لە(ئەیلول/9)ی ساڵی 2015دا چووبووە رەققەی پایتەختی داعش لەسوریا، لەگەڵ دوو منداڵەكەیدا گەڕاوەتەوە هۆڵەندا‌و راستەوخۆ لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە.

داواكاری گشتیی هۆڵەندا، لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەیكردووە بەوەی كە لاورا هانسن، پاش رۆیشتنی بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش لەگەڵ هاوسەرەكەیدا‌و تێپەڕینی نزیكەی ساڵێك، گەڕاوەتەوە هۆڵەندا.

ئەو ئافرەتە هۆڵەندییە گومانلێكراوە بەوەی بەشداریی كردبێت لە كارەكانی رێكخراوە تیرۆرستییەكەدا لەسوریا یان عیراق لەماوەی نێوان 1ی (ئەیلول/9)ی 2015‌و 12ی (تەمموز/7)ی 2016، بەپێی داواكاری گشتیی هۆڵەندا.

راستەوخۆ پاش گەیشتنی لاورا بە فڕۆكەخانەی شیپۆڵی ئەمستردام، لەگەڵ دوو منداڵەكەیدا، دەستگیركراوە‌و منداڵەكانی خراونەتە ژێر چاودێرییەوە (تەمەنی یەكێكیان چوار ساڵە‌و ئەوی دیكەیان یەك ساڵ)، لەئێستادا داواكاری گشتی هۆڵەندا لێكۆڵینەوە دەكات لەسەر ئەوەی كە دۆسیەی فەرمیی ئاڕاستە بكرێت یاخود نا.

لە 12ی (تەمموز/7)ی ئەمساڵدا، كەناڵی كوردستان 24 چاوپێكەوتنێكی تایبەتی لەگەڵ ئافرەتێكدا بەناوی (لاورا ئەنجێلا هانسن) بڵاوكردەوە، كە تیایدا ئاماژەكراوە بەوەی ناوبراو بەیارمەتیی باوكی توانیویەتی لە موسڵ هەڵبێت‌و لەناوچەكانی دەورووبەری ئەو شارە، خۆی رادەستی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كردووە.

بەپێی ئەو چاوپێكەوتنە، منداڵەكانی لاورا بەهۆی ئەو بۆردومانانەی ناوچەكانی دەورووبەری موسڵیان كردبوویە ئامانج برینداربوون، لەلایەن پێشمەرگەوە چارەسەری پێویستی تەندروستییان بۆ كراوە.

بەوتەی ئەو ئافرەت هۆڵەندییە، هاوسەرەكەی (لەئەیلولی ساڵی رابردوودا) بەبێ ویستی خۆی لەهۆڵنداوە خۆی‌و منداڵەكانی بردوونەتە رەققە، دوای تێپەڕینی چەند مانگێك گواستراوەتەوە بۆ موسڵ، دواتر بەیارمەتیی باوكی توانیویەتی لە موسڵ هەڵبێت‌و خۆی رادەستی پێشمەرگەی كوردستان بكات.

وتەبێژێكی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند "كونسوڵخانەی گشتییان لە هەولێر بۆ ئاسانكاری لەگەڕاندنەوەی ناوبراو بۆ هۆڵەندا، بە بەردەوامی لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستاندا".

لەبارەی هاوسەرەكەی ناوبراوەوە، هەندێك سەرچاوە ئاماژەدەكەن بەوەی، لاورا بە برینداری لەموسڵ جێیهێشتووە.

لەدوای سەرهەڵدانی رێكخراوی داعش لەسوریا‌و عیراق لەدوو ساڵی رابردوودا، سەدان چەكداری بیانی لەوڵاتانی جیهانەوە لەریزەكانیاندا چەكیان هەڵگرتووە، جگە لەوەی دەیان كەسیان كوژراون، ژمارەیەكیشیان لەو ماوەیەدا خۆیان رادەستی هێزەكانی پێشمەرگە‌و هێزە عیراقیەكان‌و شەڕڤانان كردووە لەسوریا.

بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئاشكرایكردووە، ژمارەی چەكدارە بیانیەكان كەمبووەتەوە لەریزەكانی داعش، هەرچەندە قورسە بزانن كەمبوونەوەكە بەدیاریكراوی چەندە، بەڵام لەلوتكەی چوونە ناو ئەو رێكخراوەوە لەمانگێكدا دوو هەزار بیانی بۆ سوریا رۆیشتوون لەكاتێكدا ئێستا لەمانگێكدا 200 بۆ 500 كەس دەڕۆن.


ئه‌م بابه‌ته 14780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM