شەنگال دووساڵە لەئازاردایە
3700 ئێزیدی دیلن‌و سەدا 20ی خاكەكەی داگیركراوە

شەنگال دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی / فۆتۆ- فازڵ هۆرامی كۆتایی ساڵی 2015

خەندان، مەسعود هادی

ئازار‌و نەهامەتییەكانی شەنگال هێشتا تەواونەبوون، چونكە هەزاران ئێزدی لەژێر دەستی داعش بەدیلی ماونەتەوە‌و سەدا 20ی خاكی ئەو قەزایە بەداگیركراوی لای ئەو رێكخراوە ماوەتەوە، لەكاتێكدا ناوچە ئازادكراوەكانی، ئامادەنین بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی ژیان.

سەرەتای ئەو گرفتانەی شەنگال (رۆژئاوای موسڵ)، دوو ساڵ لەمەوبەر دەستیپێكرد، كاتێك چەكدارانی داعش لە 3/8/2014دا هێرشیانكردە سەری‌و كۆنتڕۆڵیانكرد، هەرچەندە نزیكەی نۆ مانگە ئازادكراوە، بەڵام ترس‌و نیگەرانی خەڵكەكەی نەڕەویووەتەوە.

مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شەنگال بۆ خەندان رونیكردەوە كە خەڵكێكی زۆر ترسی ئەوەیان هەیە دووبارە شەنگال بكەوێتە دەستی چەكدارانی داعش، بەڵام "من لێرەوە هاوڵاتیان دڵنیادەكەمەوە كەشنگال جاری دیكە ناكەوێتەوە دەستی داعش، چونكە هێزێكی زۆری پێشمەرگە لەشەنگال كۆبۆتەوە‌و بەچەكێكی باش بەرگری دەكەن".

هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەهاوكاری گەریلا‌و شەڕڤانان، لەناوەڕاستی مانگی 11ی ساڵی رابردوودا توانییان زۆرینەی قەزای شەنگال ئازادبكەن، بۆ ئەوەش فڕۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی هاوكاری كردن بەبۆردومانكردنی ئەو رێكخراوە.


شەنگال دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی / فۆتۆ- فازڵ هۆرامی كۆتایی ساڵی 2015

چەكدارانی داعش دوو ساڵ لەمەوبەر، بەگەیشتنیان بۆ شەنگال كۆمەڵكوژی خەڵكی ناوچەكەیان دەستپێكرد، جگە لەوەش هەزاران كەسیان لەگەنج‌و پیر‌و منداڵ، بەدیل گرت.

زۆرینەی دانیشتوانی قەزای شەنگال‌و ناوچەكانی دەوروبەری، لەپێكهاتەی ئاینی ئێزدین، ئەوەش زیاتر روبەڕووی توندوتیژی داعشی كردنەوە.

حسێن كورۆ، بەرپرسی نوسینگەی كاروباری رفێندراوانی هاوڵاتیانی ئێزدی بەخەندانی راگەیاند "تائێستا زیاتر لە 3700 هاوڵاتی ئێزدی لەهەردوو رەگەز، لەدەستی چەكدارانی داعش ماونەتەوە‌و رزگارنەكراون".

نوسینگەكەی كورۆ، لەگەڵ داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە پێكهێنراوە‌و راستەوخۆ، سەر بەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە.

ئەو وتی "تائێستا بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە، توانیومانە 2640 كەس لەدەستی داعش رزگاربكەین، كە لەنێویاندا 953 كچ‌و ژن هەن، هەر لەو ژمارەیە 328 پیاو‌ لەگەڵ 1359 منداڵی نێر و مێ".

لەدوو ساڵی رابردوودا، چەكدارانی داعش كڕین‌و فرۆشتیان كرد بەو كچ‌و ژنە ئێزدییانەی لەشەنگال دەستگیریكردن، زۆرینەشیان وەكو كۆیلە مامەڵەیان لەگەڵدا كرا، ئەوەش وایكردووە خەڵكی ناوچە هێشتا مەترسییان هەیە لەدووبارە بوونەوەی ئەو مێژووە.

قایمقامی شەنگال دەیەوێت دڵنیایی زیاتر بداتە خەڵكی قەزاكەی، دەڵێت "لەسەردانێكمدا بۆ ئەمریكا، داواملێكردن هێزێكی نەتەوەیەكگرتوەكان لەگەڵ پێشمەرگە شەنگال بپارێزن، ... ئەوانیش بەڵێنیاندا بنكەیەكی هێزی هاوپەیمانان لەشەنگال بكەنەوە‌و ناوچەكە بپارێزن".

هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش، لەمانگەكانی كۆتایی 2014 بەسەرۆكایەتی ئەمریكا‌و بەشداری زیاتر لە 50 وڵاتی جیهان پێكهێنراوە، لەدوو ساڵی رابردوو سەدان هێرشی ئاسمانییان دژی ئەو رێكخراو لەعیراق‌و سوریا ئەنجامداوە.



شەنگال دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی / فۆتۆ- فازڵ هۆرامی كۆتایی ساڵی 2015

ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شەنگال لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە بەدوو قۆناغی ئەنجامدرا، سەرەتا لە مانگی 12ی ساڵی 2014دا توانییان بەشێك لەناوچەكانی دەوروبەری قەزاكە‌و چەند گەڕەكێكی دەروازەی شارۆچكەكە ئازادبكەن، دواتر لەئۆپەراسیۆنی مانگی 11ی 2015دا ئازادكردنەوەی قەزاكە راگەیەندرا.

هەرچەندە ئازادكردنەوەی قەزای شەنگال راگەیەندراوە، بەڵام هێشتا بەشێك لەخاكی ئەو ناوچەیە لەژێر دەستی داعش ماوەتەوە.

قایمقامی شەنگال جەختی كردەوە لەوەی تائێستا لەسەدا 20ی قەزاكە لەدەستی داعش رزگارنەكراوە، ئەوەش "بەهۆی ململانی سیاسی‌و سەربازیەوە كە زۆرجار بووەتە رێگر لەبەردەم ئازادكردنیدا".

لەڕۆژئاوای شەنگال، سەنتەری ناحیەی گر عزێر،  گوندی سپاشێخ خدر، گوندی رەمبوسی‌و گوندی گرزەرك، لەرۆژهەڵاتی قەزاكەش گوندەكانی تل قەسەب، تل بنات، هەروەها لەباشوریەوە گوندیی كۆچۆ كۆنترۆڵنەكراون.

مەحما خەلیل وتی "ئاگادارم هێزی پێشمەرگە پلانی نوێیان هەیە بۆ ئازادكردنی شەنگال بەتەواوەتی".

داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە، بەدەستپێكی شەڕی ئەو رێكخراوە دادەنرێت لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لەماوەی دوو ساڵی رابردووشدا هێزەكانی پێشمەرگە بەدرێژایی زیاتر لەهەزار كیلۆمەتر لەروبەڕوبونەوەدا بوون‌و توانیویانە، دەیان ناوچەی گرنگ‌و ستراتیژی ئازادبكەن لەپارێزگاكانی نەینەوا، كەركوك، دیالە‌و سەڵاحەدین.

دوای داگیركردنی شەنگال‌و ناوچەكانی‌ دەوروبەری‌ لەسنوری‌ پارێزگای‌ نەینەوا لەلایەن داعشەوە، سەدان پیاو، ژن‌و منداڵی ئێزدی كوژران‌و لەگۆڕی بەكۆمەڵدا نێژران، بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمیش تائێستا نزیكەی‌ 30 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوەو هەڵدراونەتەوە، ئەوانەشی ئازادكراون لەدۆخێكی خراپی دەروونیدان.

بەرپرسی نوسینگەی كاروباری رفێندراوانی هاوڵاتیانی ئێزدی لەئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، ئەو كەسانەی لەدەستی داعش رزگاربوون لەرووی دەرونیەوە لەوپەڕی خراپیدان، بۆیە بەپێی رێككەوتنی حكومەتی هەرێم‌و ئەڵمانیا بۆ چارەسەر رەوانەی ئەو وڵاتە دەكرێن.

حسێن كورۆ وتی "تائێستا بۆ چارەسەری باری دەرونی‌و تەندروستی، هزیاتر لە هەزار هاوڵاتی ئێزیدی رزگاربوونی دەستی داعش رەوانەی ئەڵمانیا كراون".


شەنگال دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی / فۆتۆ- فازڵ هۆرامی كۆتایی ساڵی 2015

بەهۆی پرۆسەكانی ئازادكردن‌و پاشان مینە چێننراوەكانی داعشەوە، نزیكەی لەسەدا 80ی شاری شەنگال‌و خانووەكان خاپووربوون، هێشتاش زۆرینەی‌ خەڵك بۆ ماڵەكانیان نەگەڕاندووەتەوە بەهۆی‌ نەبوونی‌ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی‌ ژیانەوە.

قایمقامی شەنگال وتی "نزیكەی ساڵێكە شەنگال ئازادكراوە، بەڵام هیچ هاوكاری‌و پرۆژەیەكی بۆ نەكراوە، بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاریەوە تەنیا لەسەدا 5ی هاوڵاتیان گەڕاونەتەوە ماڵەكانیان".

مەحما خەلیل نەیشاردەوە كە بێ ئومێدییەكی زۆر لەلای خەڵكی ناوچەكە‌و ئەوانیش دروستبووە، چونكە "شوێن نەماوە هانام بۆ نەبردبێت، بەڵام هەموویان تەنیا بەڵێنیان داوە‌و هیچیان جێبەجێنەكردووە".

قەزای شەنگال لەرووی ئیداریەوە سەر بەپارێزگای نەینەوایە (بەدووری 120 دەكەوێتە رۆژئاوای موسڵ)، یەكێكك لەناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی ناوەندی بەغدا، ئەوەش هاوكاری‌و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەی زەحمەتتركردووە.

مەحما خەلیل باسی لەنەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەكو ئاو‌و كارەبا كرد، رونیكردەوە "شەنگال سەدا 80ی وێران بووە‌و پێویستە سەرلەنوێ ئاوەدان‌و نۆژەن بكرێتەوە".

جگە لەكێشە ئیداری‌و خزمەتگوزارییەكان، شەنگال لەرووی بەرێوەبردنی ئەمنیەتیشەوە یەكلایینەبووەتەوە، چونكە لەدوای ئازادكردنیەوە چەند هێزێكی كوردی لێیە، حكومەتی عیراقیش پێشتر داوایكردووە پێشمەرگە لەناوچە جێناكۆكان بكشێتەوە.

لەپاڵ هەوڵەكانی ئاوەدانكردنەوەی شەنگال، هەنگاو هەیە بۆ ئەوەی كەیسی رفانددن‌و كوشتی هاوڵاتیانی ئێزیدی ناوچە بەجینۆساید بناسرێت.

حكومەتی هەرێم هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی كەیسی ئێزدییەكان‌و ئەو لیژنە تایبەتەی كە بۆ ئەو مەبەستە پێكیهێناوە پێكدێت لەوەزیری كاروباری شەهیدان، وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران‌و راوێژكارێكی سەرۆكی حكومەت.

ئەو لیژنەیە لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەدا، كار لەسەر كەیسی كوردانی ئێزیدی بەتایبەت بەجینۆسایدناساندنی كەیسەكە دەكات.

كەیسی بەجینۆسایدناساندنی ئێزیدییەكان، لەڕووی سیاسییەوە جگە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان‌و عیراق، لەلایەن پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا، كۆنگرێسی ئەمریكا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاو چەندان وڵاتی دیكەوە ناسێندراوە، بەڵام تائێستا هیچ سكاڵایەكی فەرمی لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو دۆسیەیە تۆمارنەكراوە.


ئه‌م بابه‌ته 2160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

                  
                  

زۆرترین خوێندراو


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM